خامنەی یەخەی ترەمپ دەگرێت لەبارەی عێراق

عەلی خامنەیی، ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران

ژیان:

ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکان گێرەشێوێنن و دەستیان هەیە لە خۆپیشاندانەکانی عێراق و لوبنان.

عەلی خامنەیی، ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند: چەند هەفتەیەکە نائارامییەکان عێراق و لوبنانیان گرتوەتەوە و ئەوەش بێگومان دەستی دەرەکی تێدایە، چونکە هاوڵاتیان دەبێت لە چوارچێوەی یاسادا داوای مافەکانی خۆیان بکەن.

ناوبراو دەستی تۆمەتی بۆ ئەمریکا و چەند وڵاتێکی عەرەبی درێژکرد و وتی: ئەو خۆپیشاندانانە بەرنامەبۆداڕێژراوە و ئەمریکا هۆکاری تێکدانی ئاسایشی ئەو وڵاتانەیە و ئەوەش ئامانجی سەرەکی ئەوانە.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەمریکا وای بیرکردبوەوە کە دەتوانن ئاوا لە ئێران و گەلی ئێران بکەن، بەڵام خۆشبەختانە خەڵکی ئێمە زوو لەو پیلانگێڕییەی ئەمریکا تێگەیشت.

ناوبراو داواشی لە خەڵکی عێراق و لوبنان کردووە کە لەچوارچێوەی یاسادا بەدوای مافەڕەواکانی خۆیاندا بچن.

ماوەی چەند هەفتەیەکە نائارامییەکان عێراق و لوبنانی گرتوەتەوە و بەگشتی داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت دەکەن و تادێت بەرپرسانی ئەو دو وڵاتەش نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە خۆپیشاندەران و خواستەکانیان زیاتر دەبێت.