محەمەد كەمال بۆ ژیان: پەیوەندیمان لەگەڵ ئیدارەی كەركوك خراپ نیە

پشتیوانی پارتی لە نەجمەدین كەریم؛ خۆكوژییە

ژیان: هەڤاڵ غالب
محەمەد كەمال، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا‌و كادری باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان لەكەركوك وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە‌و تیشك دەخاتە سەر هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگا‌و دۆخی ئەمنی شارەكە‌و گەڕانەوەیان بۆ كەركوك دەشڵێـت، پارتی جگە لەلیستی حزبە كوردیەكان كەتیایدا بەشدارە پشتیوانی هیچ لیستێك ناكات.

 ژیان: كەی پارتی دەگەڕێـتەوە كەركوك؟ ئەو گردبونەوانەی عەرەب‌و توركمان دەیكەن دەبێـتە رێگر لەگەڕانەوەتان؟

 محەمەد كەمال: گەڕانەوەی پارتی لەگەڵ ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی كەركوك‌و رادەستكردنەوەی بارەگاكان‌و ماڵەكانی پارتی ئەوانەی كەداگیركراون دەبێت، كاتێك دەبێت بارەگاكان بدەنەوە بەدەستی پارتی‌و ماڵەكانمان ( بۆ نمونە ماڵی من عەسائیبی تیایە ) بدرێـتەوە كادرەكان بەوشێوە دەگەڕێینەوە ، مەوزوعی هەڵدانی خێمە كۆمەڵیك كەسی هەڵپەرستن بەفیتی راكان جبوری‌و هەندێكیشیان پارەیان پێ دراوە وەك كرێكار رۆژانە 20 بۆ 30 هەزاریان پێ دراوە تا گردبونەوە بكەن، راكان نایەوێـت پارتی بگەڕێـتەوە كەركوك، چونكە پارتی بگەڕێـتەوە ئەنجومەن ئەنجومەن ئەكتیڤ دەبێـت‌و "دزی"یەكانی راكان دەبێت بوەستێنرێـت، چونكە هەرچی پڕۆژە هەیە راكان بەراستەوخۆ داویەتی كەئەمەش پێچەوانەی یاسایە‌و ناكرێـت هەموو پڕۆژەكان بەوشێوەیەك بێـت، چونكە جێەجێكردنی راستەوخۆ واتە "دزی موباشر".

رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی جێبەجێ دەكرێـت بەگەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك 

ژیان: لەگەڵ یەكێـتی دەربارەی دۆخی كەركوك‌و دانانی پارێزگار رێككەوتنێكتان هەبوو بۆ جێبەجێ ناكرێـت ؟

محەمەد كەمال: رێككەوتنەكە جێبەجێ دەكرێـت بەگەڕانەوەی پارتی، من چۆن دەگەڕێمەوە كەكادرێكی باڵای پارتیم ئەگەر بارەگاكان لەپێش خۆمەوە نەگەڕێـتەوە، بۆیە ئێمە لامان نەداوە لەرێككەوتنەكە‌و رێككەوتنەكە بەرقەرارە‌و كەگەڕاینەوە پارێزگاریش دادەنرێت.

ژیان: بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەساڵی داهاتوودا كورد بەیەك لیست بەشدارە ئەمە تاچەند بەسودە، پێتان وایە دەنگی لیستە كوردییەكان چۆن دەبێت؟

محەمەد كەمال: یەكەم هەمیشە یەك لیستی بۆ كورد باشە رێككەوتنی ناوماڵی كورد لەبەرژەوەندی كوردە، دووەم بەپێی سیستەمی سانت لیگۆ كەلەم هەڵبژاردنە كاری پێَ دەكرێت لیستە گەورەكان سودمەند دەبن كەكوردیش بەیەكەوە بێت ئەوا بەهێز دەبێـت‌و قازانج دەبێت، بۆیە هەركەسێك لەدەرەوەی ئەو لیستەبێت غەدر لەكورد‌و كەركوك دەكات.

هەركەسێك لەدەرەوەی لیستەكوردییەكە بێت غەدر لەكورد‌و كەركوك دەكات 

ژیان: خۆپیشاندانەكانی عێراق تا چەند كاریگەری لەسەر رەوشی ئەمنی پارێزگای كەركوك دەبێـت؟

 محەمەد كەمال: خۆپیشاندانەكان كاریگەری لەسەر دۆخی هەموو عێراق دەبێت، چونكە نازانرێـت ئەم جارە بەچ ئاقارێكدا دەڕوات وەك تونێلێكی تاریكە، داواكارییەكانیشیان قورسە‌و داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان‌و حكومەت دەكەن ئەوەش خەتەرە‌و نازانرێـت عێراق بەرەوكوێ دەبات.

ژیان: هیچ ئامادەكارییەك لەلایەن پێشمەرگەوە هەیە لەكاتی تێكچوونی بارودۆخی ئەمنی بگەڕێنەوە ناوچە دابڕاوەكان؟

 محەمەد كەمال: ئەگەر ئەم حكومەتەی عادل عبدالمهدی لەبەغدا وەك خۆی بمێنێت من پێشبینی ناكەم، چونكە پێشمەرگە هەلپەرست نیە، بەڵام ئەگەر دۆخێكی تر دروست ببێت لەعێراق ئەوكاتە باسێكی ترە‌و قەرارێكی تر دەبێت، بەڵام لەئێستادا پێشمەرگە وەها بەرنامەیەكی نیە.

كادری پارتی چۆن دەگەڕێتەوە ئەگەر بارەگاكان وەرنەگیرێنەوە

ژیان: پارتی لەگەڵ لایەنە كوردیەكانی كەركوك نێوانیان چۆنە؟

محەمەد كەمال: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەموو لایەنەكان نەك تەنها لەكەركوك لەسەر ئاستی كوردستانیش باشە.

ژیان: پەیوەندیتان لەگەڵ لایەنە عەرەبی‌و توركیمانیەكان لەچ ئاستێكدایە؟

محەمەد كەمال: لایەنە عەربی‌و توركمانیەكان پێش 16ی ئۆكتۆبەر پەیوەندیمان باش بوو لەگەڵیان، بەڵام دوای ئەو بەروارە رەنگە ئەوان پەیوەندییەكەیان تێكدابێت ئەوەش رەنگە لەسەر ئاستی كەسی بێت، ئەگەر نا ئێمە دەبێـت لەكەركوك پێكەوە ژیان بەرجەستە بكەین، باورەمان بەوەیە كەركوك شارێكی كوردستانیە، بەڵام كورد، عەرەب، توركمان، كلد‌و ئاشوری تێدایە، شاری هەموانە، بەڵام ناسنامەی كوردستانیە.

پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەموو لایەنەكان نەك تەنها لەكەركوك لەسەر ئاستی كوردستانیش باشە

ژیان: پارتی هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای كەركوك هەیە؟

محەمەد كەمال: ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ ئیدارە خراپ نیە، راكان كردەوەكانی خراپە، راكان ماڵە داعشەكان دەهێنێـت لەكەركوك‌و ناوچەی لەیلان نیشتەجێی دەكات ئەمەش خراپە، تۆ بۆ نایانبەیت لەو سەحرای تكریت‌و رومادی نیشتەجێیان بكەیت بۆ دەیانهێنیتە شارێك خۆی كێشەی لەسەرە، شارێكە لەناو دەستوردا تایبەتمەندی پێ دراوە، ئێمە بۆ هەموو ئاوارەیەك پێمان ناخۆشە بهێنرێـتە كەركوك، چونكە ئاوارەكانی دیالە نەگەڕێنراونەتەوە لە2014وە تائێستا. مەلەفی كەركوك مەلەفێكی قورسە حەق نیە باری لەوە قورستربكرێت، بۆیە كردەوەكانی راكان جبوری بەتایبەت لەناوچەكانی سەرگران، داقوق، دوبز‌و ئەو شوێنانە دەورێكی خراپ دەبینێت بۆ نیشتەجێكردنی ئەو عەرەبانە‌و گەرانەوەی تەعریب بۆ ئەو شوێنانە، كەئەوەش بەهەوڵی راكانە‌و من خۆم بەراكانم وتووە یاری بەئاگرمەكە، پێشتر سەدام ئەم ناوچەی تەعریب كردووە‌و دواتر پارەیان وەرگرتووە‌و گەرێنراونەتەوە، پێم وت ئەو ناوچەیە هی كوردە‌و تاپۆی هەیە، بۆ نمونە پێم وت، لەهەموو قاموسی عەرەبی بگەرێ ئەگەر وشەی ( گابەڵك‌و پەڵكانە)ت بینیبێت ئەوا كەركوكیش بۆتۆ ، وتم ئەو دوو وشەیە كەدوو شوێنە‌و تۆ دەتەوێت تەعریبی بكەیت لەقاموسی عەرەبدا نیە.

ژیان: تاچەند لیستەكەی نەجمەدین كەریم بەپێویست دەزانن لەكەركوك، دەوترێت پارتی پشتیوانی دەكات ئەوە تاچەند راستە؟

محەمەد كەمال: خەڵك هەموو شت دەڵێت، خەڵك وتی مەسعود بارزانی ئەو منداڵە دەهێنێت بۆئەوەی پارتی لەهەولێر بیكوژێت، پارتی بەفرۆكەیەكی تایبەت ناردیە فەرەنسا لەكاتێكدا زۆرترین زەختی لەسەر بوولەلایەن توركیاوە. پارتی سیاسەت بەكاتژمێك ناكات سیاسەت بۆ نەتەوەكەی دەكات‌و قەومیانە بیردەكاتەوە، پارتی خۆی لەناو لیستێكی تردایە چۆن ئیش بۆ نەجمەدین كەریم دەكات، ئەوە ۆخكوژیە، پارتی ئەگەر نەیەوێت لەهاوپەیمانیەتیەكەدابێت بایكۆتی دەكات‌و پاڵپشتی نەجمەدینیش ناكات وەك چۆن بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی كرد لەكەركوك.

مەلەفی كەركوك مەلەفێكی قورسە حەق نیە باری لەوە قورستربكرێت

ژیان: كادرە سەربازییە داواكراوەكانی پارتی لەكەركوك‌و گەرانەوەی بەرپرسە كوردەكان لەگفتوگۆكانتاندا بۆ گەرانەوە باسی لێوە كراوە؟

محەمەد كەمال: ئەوەلەن قائیمقام هیچی لەسەر نیە‌و ئینجازەی كردووە بێ موچە، بەڵام بابەتی عەمید سەرحەد‌و هەندێك ئەفسەر وابزانم هاتنی وەزیری ناوخۆ ئەو بریارانەی لەسەریان بوو لایبرد. ئەو بەرێوەبەرانەی كەلەسەركارەكانیان لەسەر كوردبونیان لابراون بەگەرانەوەی ئەنجومەن‌و ئەكتیڤ بوونی ئەو بابەتە چارەسەر دەكرێت، لەكاتی سەدام دا كورد یەك لەسەر سێ دانیشتوان بوو دوای سەدام زیاتر لە50% بووە بەڵام ئێستا وەك كەمینەی كەمینە سەیر دەكرێت، ناكرێـت راكان‌و دارو دەستەكەی‌و حكومەتە مەحەلیەكەی لەغیابی ئەنجومەن‌و كورد‌و پارتی دا تەسفیەی حیسابی خۆی بكات‌و وەك كردوویەتی‌و كۆمەڵێك بەرێوەبەری كوردی لابردووە‌و ئەمەش قابیلی قبوڵكردن نیە.