چیرۆكی نیان‌و سێ منداڵەكەی

نەبوونی پاسپۆڕتێك ژنێكی لەتوركیا هێشتۆتەوە

ژیان: هەستی ئەحمەد

ئەگەرچی شكستی خۆشەویستی لای كچان‌و ژنان بووبێتە هۆی شكاندنی دڵیان‌و مانەوەیان لەماڵی خۆیاندا، بەڵام خۆشەویستی نیان جیاواز بوو، بۆیە بووە هۆی هەڵهاتنی لەماڵەوە بۆ وڵاتێكی تر.

 نیان، تەمەن ٢٧ ساڵ، خاوەنی ٣ منداڵە حەڵكی گەرمیانە، دوای بەستنی پەیوەندی لەگەڵ كوڕێكدا، دواتر لەلایەن ماڵەوە پێی دەزانرێت هەڕەشەی باوك‌و براكەی بۆ سەر ژیانی ئافرەتەكە دەست پێدەكات یان هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەكەی بكات یان دەكوژرێت.

نیان بۆ ژیان وتی "ماوەی ساڵێك پەیوەندیم لەگەڵ كوڕێك هەبوو، پاشان ئاشكرا بووم مێردەكەم داوای جیابوونەوەی لێكردم، ژیانی منیش لەمەترسیدا بوو، داوام لێكرد پاسپۆرت بۆ خۆم‌و منداڵەكانم دەربكات بمانگەیەنێتە وڵاتی توركیا پاشان خۆی بگەڕێتەوە، خۆم‌و دوو منداڵەكەمی گەیاندە توركیا، ئەویش گەڕایەوە".

چیرۆكی نیان لێرەدا دەست پێدەكات، كاتێك لەوڵاتی توركیا هیچ كارێكی نابێت، توانای كڕینی قوتویەك شیری نابێت بۆ منداڵەكەی، لەكاتێكدا بەخێوكردنی سێ منداڵی لەئەستۆدایە، منداڵەكە بچوكەكەی لەرێگای توركیا چاوی بەدونیا هەڵێناوە.

یەكێتی ژنان: دوای راپۆرتەكەی ئێوە بەهەموو جۆرێك هاوكاری دەكەین

ئەو ئافرەتە، ئەگەر چی داوای لەڕێكخراوەكان كردووە لەتوركیا هاوكاری بكەن، بەڵام لەلایەن ئەو كەسانەوە تەحەدای لێكراوە داوای ڤیدیۆی لێكراوە ئەگەر بۆیان نەنێرێت هاوكاری ناكەن، دوای ئەم ناخۆشیانە قوتویەك حەپ دەخوات بۆ ئەوەی خۆی بكوژێت، بەڵام دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە لەمردن رزگاری دەكەن.

هاوژین ساڵەح، هاوڕێی نیانە بۆ ژیان وتی "نیان توانای گەڕانەوەی نییە بۆ ماڵەوە، ئەگەر بگەڕێتەوە دەیكوژن، ناتوانێت لەتوركیاش ڕابكات بەهۆی نەبوونی پاسپۆرتەوە، خۆشەویستەكەشی كەسێكی خراپە دەیەوێت هاوڕێكەم مارەبكات بەكچەكانیشی كاری كلێنس فرۆشی بكات".

ئەم ئافرەتە داوا لە ڕێكخراوەكان دەكات هاوكاری بكەن لەبەدەستهێنانی پاسپۆرت بۆی‌و داڵدەی بدەن.

شوكریە غەفوور، لێپرسراوی لقی یەكێتی ژنان لەگەرمیان بۆ ژیان وتی "دوای ئاگاداركردنەوەی ئێوە ئاگاداری بابەتێكی لەم شێوەیە بووین، بە هەموو جۆرێك هاوكاری دەكەین".

وتیشی، هەوڵ دەدەین پاسپۆرتی بۆ دەربكەین دواتر بگەڕێتەوە بۆ هەر وڵاتێك حەزی لێیە بڕوات، ئەگەر نیازی گەڕانەوەشی نەبێت ئەوا لەشەڵتەردا دەیهێڵینەوەو ژیان بەسەر ببات.