هێما ئەفسانەییەكان لەدوا نمایشی هونەرمەند(جەزا بەكر)دا


ژیان: وەهبی ڕەسوڵ
لەداڕشتەكانی ئەم نمایشە نوێیەی هونەرمەند (جەزا بەكر)دا فۆڕمی هونەریی بەكۆمەڵێ‌ هێما‌و نیشانەی ئەفرێنراو تەنراوە، كەگرۆڤەیەكن لەسەر ڕوانگەیەكی فراوان‌و كراوە. لەمەوە پەیوەندی هونەرمەند بەواقعەوە دەردەكەوێت، ئەم پەیوەندیە لەڕێی خولیایەكی ئازادەوە مامەڵەی لەگەڵ یەكەكانی نێو ژیانی ڕۆژانە كردوە،‌و هەر بەو ئازادیەش جۆرێك لەنواندنی بۆ خستونەتەڕوو.

پڕۆسێسێكی لەم چەشنە بەتوانایەكی مەعریفی وەها دەگوزەرێت، كەپێش وەختە یاخود لەساتەوەختە هەنوكەییەكانی كاركردندا ڕێڕەو‌و هەنگاو‌و ئاراستەكان دیاری بكات، تا دواتر ئەو توانا خودیانە دەرهاوێژێ‌ كەجێگرەوەیەكی دیاریكراون بۆ ڕوئیا، ڕوئیای زەمان‌و شوێنێكی ئاسایی‌و ئاشنا.

 پەیوەندی لەم داڕشتانەدا لەسەر بنەمای پێكهێنانەوەی یەكەیەك دێت لەمناڵدانی چەندان یەكەی تر. ئەو یەكانەی خاوەن مەرجی خۆیانن لەشەقڵ‌و هێڵ‌و ڕەنگ‌و ڕوناكی. هەربۆیە ئەوەی بەردەوام جێ‌ پرسیار‌و جەدەلە، چۆنیەتی بینین‌و ڕوانگە هونەریەكەی هونەرمەندە، بینینێك بۆ شتەكان كەهەڵگر‌و پشتبەستی بیرەوەریەك بێت، ڕۆچوو بەجوڵەی زەمەنە كەڵەكەبوەكاندا. دەبینین ئەم ڕوئیایە سپەیسە ئەفسانەییەكانی ڕیزبەند كردوە، وەك بەخششێك بۆ گوزارشتكردن لەئەمێستابونی خۆی. تا پەیبردنە زانراوەكانی خۆی‌و ئێمەش بۆ ناسین‌و بینینی شتەكانی دەوروپشتمان هەڵوەشێنێتەوە، هەڵوەشاندنەوەیەكی وەها كەلەبنیاتنانەوەیاندا زۆر دوور ئەمانبات‌و لەوێ‌ لەناو نامۆییەكی سەرنجڕاكێشدا، بەتەنها جێمان دێڵێت.

 چۆنیەتی بینین‌و ڕوانگە هونەریەكەی هونەرمەندە، بینینێك بۆ شتەكان كەهەڵگر‌و پشتبەستی بیرەوەریەك بێت، ڕۆچوو بەجوڵەی زەمەنە كەڵەكەبوەكاندا

هەندێ‌ جار تێپەڕینێك دەكات لەم هەڵوەشاندنەوەیە، تا مەعریفە‌و داچونی هزریانەی ئێمە بۆ شتەكان پێچەوانە بكاتەوە، بەدیهێنانی ئەم كۆبنیادە جیاجیایانە، وایكردوە ئیستاتیكای یەكەی نێو تابلۆكانی سەرچاوە‌و هێز لەوەوە وەربگرن، كەهەر بینەرێك بتوانێت بەجۆرێك سەربوردەیان پێ ببەخشێ‌و بگێڕێتەوە. ئەم یەكانە لەتوانایاندایە كەخستنەڕوو بۆ چەندان بینین‌و ڕوانگە بكەن،‌و بارگاوین بەدرێژایی چەندان خولگە لەڕاڤەكاریی، بەهۆكاری نواندنیان بۆ بابەتی پەیوەست‌و پەیوەندیدار بەهێمای ئەفسانەییەوە.  

(ئەم كورتە نوسینە بەشێكە لەدیراسەیەكی درێژی ڕەخنەیی لەسەر دوا نمایشەكانی هونەرمەند، لەبەر تێپەڕنەبوونی كاتێكی درێژ بەسەر ئەم دوو نمایشە تایبەت‌و ناوازەیەدا، هێندەی هەناسەیەكی خێرا لەخوێندنەوەیەكی ئێرەدا، ڕوناكیم بەخشی بەم بەشەی.)