پۆلیسی راپەڕین بۆ ژیان: ژن و مێردێك بەچەقۆ هێرشیان كردە سەر زێڕنگرێك


ژیان: هۆزان عیرفان

وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، لەناو بازاڕی ڕانیە، ژن و مێردێک زێڕنگرێکیان به‌ چه‌قۆ بریندار كرد و بڕێک زێری ناو دووکانەکەیان برد.

شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 4/11/2019، لەناو بازاڕی رانیە ژن و مێردێك چونەتە ناو دوكانێكی زێڕنگەر و  بە چەقۆ ھێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر زێڕنگەرەكە و برینداریان كردووه‌، پاشان بڕێك زێڕی ناو دووكانه‌كه‌یان بردووه‌.

وتیشی، دوای ڕووداوەکە لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە ژن و مێرده‌كه‌ ده‌ستگیر كراون.ئەو رونی کردەوە "لەکاتی مامەڵەکردندا چەند پارچەزێڕێکیان لە دووکانی زەڕەنگرێک دزی. دوای ئەوەی ژن و مێردەکە زانیان خاوەنی دوکانی زێڕەنگرەکە هەستی بەدزیەکە کردووە، پیاوەکە پەلاماری خاوەنی دوکانەکەی داو برینداری کرد".
ناوبراو رونیکدەوە کە "هەر لەلایەن پۆلیسی فریاکەوتنی ڕانیە کەسی سێەم دەستگیرکرا کە بەئۆتۆمبیلەکەی چاوەڕوانی ژن و مێردەکەی دەکرد لە ناو بازاڕی ڕانیە.
لەکاتێکدا ژن و مێردەکە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتن وە تەمەنیان لەسەرووی هەژدە ساڵە و دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دانیان ناوە بە تاوانەکەیان".