لەسەردەمى ئامۆزا گەورە دەرکراون و لەسەردەمى برا گەورەدا جێ بەجێ دەکرێن

حكومه‌ت و باجى خۆڵ و خاشاک..!؟

ژیان: وەرگیراوە هە هەژماری خالید عەبدولکەریم

ئه‌مڕۆ سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى سلێمانى بڕیاریدا پاره‌ى خۆڵ و خاشاكى ماڵان مانگانه‌ له‌هاوڵاتیان وه‌ربگرێت بەوپێەى بڕیارەکە پێشتر حکومەت دەریکردووە و لەئێستاش بەدواوە دەچێتە بوارى جێ بەجێ کردنەوە.
له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك ئه‌م بڕیاره‌ش زیان و شوێنەوارەکانى زیاتر به‌حكومه‌ت و به‌و لایه‌ن و حزبانه‌ى ته‌به‌نى بڕیارێكى له‌و شێوه‌یه‌یان كردوه‌ دەگەیەنێت، وه‌ك له‌وه‌ى قازانجى (جگه‌ بۆ چه‌ند چینێكى به‌رپرس) بەحکومەت بگەیەنێت.

له‌گه‌رمه‌ى قه‌یرانى دارایى هۆكار نادیاردا ، كه‌ له‌ناوه‌ڕاستى ساڵى 2014 ه‌وه‌ ده‌ستى پێى كرد، جگه‌ له‌پاشكه‌وت كردنى نایاسایى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، حكومه‌تى هه‌رێم وه‌كو به‌رده‌بازێك بۆ ده‌رچوون له‌و دۆخه‌ و ده‌ستكه‌وتنى سه‌رچاوه‌یه‌كى ترى داهات ، كۆمه‌ڵێك یاساى باجى گه‌ڵاڵه‌ كرد، له‌وانه‌ ساڵى 2016 یاسایى پاره‌ وه‌رگرتن له‌به‌رامبه‌ر كۆكردنه‌وه‌ى خۆڵ و خاشاكى ماڵاندا، گه‌رچى بڕیارەکە له‌كاتێكدا ده‌رچوو به‌راورد به‌ئێستا بێ هیچ دیراسه‌ كردنێكى ورد بیرى لێكرایه‌وه‌تەوە و لەدۆخى تەنگەژەدا بووە،گەر ئێستا جێ بەجێ بکرێت ئەوا شوێنكه‌وته‌كانى له‌ده‌ستكه‌وته‌كانى بۆ حكومه‌تێكى دامه‌زراوه‌ى زۆرتر ده‌بێت چونكه‌:

- پڕۆژه‌كه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ى یاسایى باجه‌وه‌، لەوڵاتانى پێشکەوتوو ئەوانەى حورمەت بۆ مرۆڤ دادەنێن ئه‌وه‌ش ده‌بێت له‌په‌ڕله‌مانه‌وه‌ به‌خوێندنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م ڕه‌هه‌نده‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابورى و ده‌روونیى و نیشتیمانیه‌كانى ده‌ربچێت نه‌ك تەنها لەلایەن حکومەتەوە کە ئەرکى جێ بەجێ کردنە و زۆرجار پرۆسە گرنگەکانى ژیانى کۆمەڵایەتى فەرامۆش دەکات بەتایبەتى ئەم لایەنە لەئەزمونى حوکمى کوردیدا باوە.

-به‌روارد به‌و كاته‌ و به‌هۆى ناردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى حكومه‌ت له‌به‌غداوه‌ داهات باشتربووه‌ و چه‌ندجارێكیش حكومه‌تى هه‌رێم ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌ كردوه‌ كه‌ داهاته‌كانى (ناوخۆیى و فرۆشتنى نه‌وت) ڕێژه‌كه‌ى به‌رزتربوه‌ته‌وه‌، به‌پێى ئادابى حكومه‌تتداریش كه‌ داهات به‌رزبویه‌وه‌ یاساكانى باج ده‌كشێرێنه‌وه‌ و ڕێكده‌خرێنه‌وه‌ و ناهێڵدرێن نه‌ك زیاد بكرێن.

-له‌دۆخى گه‌شه‌ى ئابوریدا پێویسته‌ حكومه‌ت باج له‌سه‌ر سه‌رمایه‌داران و كه‌رتى تایبه‌ت زیاد بكات و بیانخاته‌ چوارچێوه‌ى یاسایه‌كى گشتى و شیاوى باجه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پشیۆى بازاڕى ڕه‌ش نه‌قۆزنه‌وه‌ به‌وه‌ش گه‌نده‌ڵى زیاتر ڕه‌گ دانەکوتێت بەتایبەت بەرپرسان خۆیان ئیعتراف بەبونى گەندەڵێەکى ترسناک دەکە لەهەرێمدا، ئێستا ئەوەى دەربازى دەبێت لەباج و زیاتر ئەو مافیا بازرگانەى حزب و بەرپرسەکانن نەک هاوڵاتیان کە دەخلى ژیانیان بۆ بژى و نەمەرگیە.

-بۆ ئه‌وه‌ى ئامانجه‌ سیاسیه‌كه‌ى بپیكێیت كه‌ ڕێكخستنه‌وه‌ى كاروباره‌كانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌، ده‌بێت یاسایى باج له‌كه‌شوهه‌وایه‌كى سیاسى ئارامدا گه‌ڵاڵه‌ بكرێت، ئێستا دۆخى دواى ڕیفراندۆم و ڕوداوه‌ گه‌رمه‌كانى ناوچه‌كه‌ و سه‌ركه‌وتنى شۆڕشى گه‌نجانى بێكاره‌ له‌عێراق و سه‌رده‌مى ڕاگه‌یاندنى چاكسازییه‌، كه‌زۆربه‌ى ئه‌و كێشانه‌ش له‌هه‌رێمدا هه‌ن به‌تایبه‌تى قه‌یرانى حوكمڕانى و سیستمى سیاسى، سه‌پاندنى ئه‌م یاساییه‌ زیانه‌كانى زۆرترن وه‌ك له‌قازانجه‌كانى به‌تایبه‌تى چه‌ند سالێكه‌ بودجه‌ و داهاتى هه‌رێم ڕوون نیه‌ و ده‌شاردرێته‌وه‌ و خه‌ڵكى نازانرێت داهاته‌ مه‌زنه‌كان(نه‌وت و گاز و سه‌رچاوه‌كانى تر) چى لێ دێت..! ئێستا چۆن به‌ئاسایى پاره‌ى وه‌رگرتنى خۆڵ و خاشاکیش لەزیهنى خەڵکیدا وه‌ردره‌گیرێت كه‌ نازانرێت داهاته‌كه‌ى بۆ گیرفانیى كێیه‌..؟




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە