کچبونم بووە هۆی ئەوەی چەندین جار ئازاری جەستەیى بدرێم


 ژیان:

هەر لە منداڵییەوە لەژێرناوی شەره‌فەوە، بەوە ڕاهێندرابووم کە توندوتیژییەکان قبووڵ بکەم، کچبوونم بووە هۆی ئەوەی چەندین جار ئازاری جەستەیى بدرێم. 

(س) دانیشتووی هه‌رێمی كوردستانه‌و ته‌مه‌نی 38 ساڵه‌، باسی چیرۆکی خۆی ده‌كات و دەڵێت" له‌ ته‌مه‌نی 12 ساڵیەوە ژیانم کۆنترۆڵکرا و لەهەموو خۆشییەکانی ژیان ڕێگریم لێكرا, چەندین جار لەژێر ناوی شەرم و شەرەف لەلایەن باوک و براکەم ڕووبەڕووی ئازاری جەستەیى دەبوومەوه، خراینە زیندانێکی چوارچێوە دیاریکراوە و مافی بچوکترین و سادەترین خۆشی  ژیانمان نەبوو، ئەم ژیانە بەردەام بوو تا كاتێك بڕیارمدا هاوسەرگیری بکەم، هاوڕێیەکم کەسێکی پێ ناساندم بۆ هاوسەرگیری، ئەو کەسە کەسێکی بەرێز دیار بوو، دڵم بەمە خۆش بوو و وتم ڕزگارم دەبێت لەو ژیانەی كه‌ هه‌مه‌ له‌لای باوک و براکەم، بەڵام ئازارەکان زیادی کرد، ئەوەبوو هاوسەرگیریمان کرد دوای مانگێک هەستم بەساردی مێردەکەم  کردو تا دەهات خراپتر دەبوو".

بە تێپەڕبوونی کات ئەو خراپتر بوو لەگەڵم و توندوتیژی به‌رامبه‌ر دەکردم و بێبەشی كردبووم لەهەموو شتێک و زۆر ئازاری من و کچە بچوكەكه‌می دەدا

(س) دەشڵێت: وتم ئه‌گه‌ر منداڵمان بێت ره‌نگه‌ هاوسه‌ره‌كه‌م مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵمدا باشتر ببێت، ئەوەبوو کچێکمان بوو، كه‌چی مێردەکەم زۆر خراپتر بوو له‌جاران، وتم ڕەنگە کوڕێکیشمان هه‌بێت باشتر ببێت، بۆیە خراپە کوڕم نییە، کوڕێکیشم بوو، بەڵام ئەو خراپتر بوو لەگەڵم و توندوتیژی به‌رامبه‌ر دەکردم و بێبەشی كردبووم لەهەموو شتێک و زۆر ئازاری من و کچە بچوكەكه‌می دەدا".

(س) زیاتر باس لە ئازارەکانی خۆی دەکات و ئاماژە بەوەدەکات" دوای ئەوەی بووم بە خاوەنی  سێ منداڵ، كه‌چی مێردەکەم هەموو ڕێگاکانی دەرەوەی لێی زەوت کردم، بەتایبەتی بۆ من و کچەکانم و پێی دەگووتم چۆن ئەبێت ژن بڕواتە دەرەوە، مۆبایلەکەمی شکاندو قسەی ناخۆشی پێی دەوتم،  جارێک زۆر ئازاری دام، لەلای هەر چ کەسێكیش باسم بکردایە، پێی ده‌وتن ژنەکەم نەخۆشی  دەروونی هەیە بۆیە وا دەڵێت".

ڕۆژێکی دیکە هەوڵیدا من و کچەکەم بكاتە سەر شه‌قام، بەڵام ئێمە ده‌رگاکەمان لەخۆمان قفڵ کردو  نەمان کردەوە

"ئەوەی زیاتر منی ئازار دەدا ئەوە بوو کە دەم بینی لەگەڵ مناڵەکان زۆر خراپترەو لێیان دەدات و ڕێگرییان لێ دەکات، شەوانە بەدەم گریانەوە خەوم لێدەکەوت، مێردەکەم هەوڵی دەدا من و کچەکانم بكوژێ، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی ڕۆژێک لەپێیش چاوی منداڵەکانم منی بە حەبل هه‌ڵواسی و بەقایش لێی دەدام، منداڵەکانم دەگریان و داوایان له‌ باوکیان دەکرد كه‌ وا نەکات، بەڵام ئەو گوێی لێ نەگرتن، بەڵکو لە کچەکانیشی دەدا. ڕۆژێکی دیکە هەوڵیدا من و کچەکەم بكاتە سەر شه‌قام، بەڵام ئێمە ده‌رگاکەمان لەخۆمان قفڵ کردو  نەمان کردەوە". (س) وا دەڵێت.

سابیر عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانی، لەبارەی ئەو کەسانەی کە سەردانی نووسینگەكه‌یان دەکەن وتی: "ئیمە وەکو نووسینگە ئه‌و کەسانەی کە دێنە لامان و کێشەیان هەیە یان توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، سەره‌تا گوێ لە کەسەکە دەگرین و دواتر بانگی لایەنی دووەم دەکەین و گوێ له‌ویش دەگرین بۆ ئەوەی لەتەواوی  چیرۆكه‌کە تێبگەین، ئەگەر کەسەکە سکاڵا تۆمار بکات، دواتر پەڕاوێکی لێکۆڵینەوە بۆ کەیسەکە دەکەینەوە، لەڕووی توێژەری کۆمەڵایەتی و پارێزەرەوە، ئه‌گەر پێویستی پێ بوو بۆی دابین دەکەین، و ئەگەریش بەخۆمان چارەسەر نەبوو، کێشەکە ڕەوانەی جێگای باشتر دەکەین، تاوەکو ئێستا چارەسەری چەندین کێشەمان کردووە لەنێوان ژن و مێردو حاڵەتەکانی دیکەدا پێیش ئەوەی بگات بە دادگا".

لەیلا ئەحمەد، تویژەری  کۆمەڵایەتی وتی: "گرنگە ژنان ڕۆڵیان هەبێ بەرامبەر بەو توندوتیژیانەی کە ده‌رهه‌قیان دەکریت چ لەلایەن خێزانیانه‌وه‌ بێت یان له‌لایه‌ن کەسی دیكه‌وه‌ بێت، پێویستە ژنان خۆیان ڕووبەڕووی ببنه‌وه‌و قبووڵی نەکەن، تاکە شت بۆ ژن زۆر گرنگه‌ كه‌ پشتی پێی ببەستێت توانای خۆیەتی بۆ زاڵبوون بەسەر ناڕەحەتییەکانی ژیاندا، ئەگەر ژنێک مافی خۆی بزانێت چیدی بەدوای هێزی تردا ناگەڕێت بۆ هاوکاری.

بێدەنگبوون و دابونەریته‌ کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە وای کردووە ژنان بترسن و له‌دواجاردا بێدەنگ بن

وتیشی" بێدەنگبوونی ژنان لەئاست توندوتیژییەکاندا، ئەمە هۆکارێکی زۆرە بۆ زیاتربوونی توندوتیژییەکان، بێدەنگبوون وادەکات زیاتر دەست بۆ توندوتیژییەکان ببرێت". 
 ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە ئاماژە بەوەشدەکات"ئەم بێدەنگبوونە و دابونەریته‌ کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە وای کردووە ژنان بترسن و له‌دواجاردا بێدەنگ بن".

 (س) بەردەوام بوو لە گێرانەوەی چیرۆکەکەی و وتی" توندوتیژییەکان بەرامبەر من و کچەکان هه‌ر بەردەوام بوو تاکو ڕۆژیک بۆ ژماره‌ (104) ته‌له‌فۆنم کردو هاتن مێردەکەمیان برد، و سکاڵام لەسەری تۆمار کردو لەیەکتر جیابووینەوە، ئیستا لەگەڵ منداڵەکانم بەتەنها دەژین و خۆم بژێوی ژیانیان دابین دەکەم، ئەگەرچی خەرجی ژیان زه‌حمه‌ت و ناڕەحەتییه‌، بەڵام ڕزگارم بوو لە لێدان و قسەی نەشیاو ترسی کوشتنم".

دەشڵێت" ئێستا لەیەکێک لەچیشتخانەکاندا کاردەکەم قاپەکانیان بۆ دەشۆرم دوای تەواو بونی ئیشەکەم زۆرجاریش خواردن دەمێنێتەوە خاوەن چێشتخانەکە پێم دەڵێت بیبەرەوە بۆ منداڵەکانت، خەرجی ڕۆژانەمان زۆر کەمە، چونکە موچەکەم بەشی پێداویستی ئیستامان ناکات بەشی کرێی خانوو ناکات ژیان هەر خۆی ناڕەحەت بووە نەک بۆ من بۆ هەمووکەسیک وایە، بەڵام پێویستە کۆڵ نەدەیت و بەردەوام بجەنگیت لەگەڵ ناڕەحەتیەکانی ژیاندا.

  * دوای بەشداریکردنی لە خولێکی رێكخراوی "Internews" لەسەر شێوازی نووسینی راپۆرتی هەستیاری جێندەری، ئامادەکار ئەم راپۆرتەی نووسیوه‌.