وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بۆ ژیان: هاوبەشەکانی کارەبا زیاتر لە یەک ترلیۆن دینار قەرزارن


ژیان:
وتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنێت: لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا پێدانی کارەبا بە هاوڵاتیان زیاد دەبێت پێوەری زیرەکیش چارەسەری زۆربەی کێشەکانی کارەبا دەکات لە هەرێمی کوردستاندا، دەشڵێت: هاوبەشەکانی کارەبا زیاتر لە یەک ترلیۆن دینار قەرزارن".

ئەندازیار ئومێد ئەحمەد، وتەبێژ و بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ  (تۆڕی هەواڵی ژیان) باس لە کێشە و گرفتەکانی کارەبا و دانانی پێوەری زیرەک و وەرگرتنەوەی قەرزەکانی هاوڵاتیان دەکات لە لایەن وەزارەتی کارەباوە.

ژیان: لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا چەند کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاوڵاتیان؟

ئومێد ئەحمەد: بە پێی ئەو پلانەی لەسەرەتای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمەوە دانراوە دەستمان کردوە بە هەندێک چاکسازی و پرۆژە، ئەمساڵیش لە وەرزی هاویندا چوار بۆ پێنج کاتژمێر کارەبا لە هاوینی ساڵی رابردوو پێدانی کارەبا زیاتر بوو، لە ئێستاشدا بە پێی داتاکانی لای وەزارەت هەم لە رووی داتاو هەم لەرووی کاتژمێرەکانەوە پێدانی کارەبا زیاترە لە ساڵی رابردوو، ئەمساڵیش لە وەرزی زستاندا بە دڵنیاییەوە پێدانی کارەبا باشتر دەبێت لە ساڵی رابردوو، سەبارەت بە ژمارە و داتا و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ زستانی ئەمساڵ لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوە ئەنجامدەدەین و ئەو داتاو زانیاریانەمان دەست دەکەوێت کە تایبەتە بە زیادکردنی غازی سروشتی هەم لە رووی بەرهەم و هەم لە رووی کاتەکانی پێدانی کارەبا ئەو دوو هۆکارەش دیاریدەکات چەند کاتژمێر کارەبا بدەینە هاوڵاتیان، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بریارەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کە لەماوەی رابردودا دەریکرد بۆ دابەشکردنی نەوت  بەسەر هاوڵاتیاندا، ئەوەش فاکتەرێک دەبێت بۆ کەمکردنەوەی خواست لەلایەن بەکارهێنەرانەوە لە وەرزی زستاندا زیادکردنی کاتژمیرەکانی پێدانی کارەبا، بەڵام جارێ بۆ وەرزی زستان چاوەڕوانین  داتاو زانیاریەکانمان بۆ بێتەوە کە بەشێکیان لە دەرەوەی وەزارەتی کارەبایە، یەکەمیان  کە پەیوەندی بە دابینکردنی غازی سروشتییەوە هەیە کە بڕیا وایە بکەوێتە کار لە کێڵگەی خورمەڵە، کە بڕەکەی دیاریدەکات کە دەبین بە خاوەنی چەند بەرهەم دیراسەی خواستەکەش دیاریدەکات چەند کاتژمێر کارەبا دەدات.

ژیان: بە زیادکردنی ئە بڕە غازە بۆکێڵگەی خورمەڵە و کەوتنە کاری ئەو کێڵگەیە چەند مێگاوات کارەبا زیاد دەکات؟

ئومێد ئەحمەد: بڕیارە ١٢٠ مقمق (ملیۆن پێ سێجا) زیاد بکات کە ئەمە نزیکەی ٤٠٠ مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکات، بەڵام ئایا خۆی ئەمە زیاد دەکات، کەی  زیاد دەبێت، چونکە ئێمە لە ئیستادا چاوەڕوانین و هەرچەندە ئەوەندەی ئاگاداربین ئیشی باشی تێدا دەکرێت، بەڵام نازانین کەی تەواو دەبێت.

ژیان: پێشبینی دەکرێت ئەو پرۆژەیە لەمساڵدا تەواو ببێت؟
ئومێد ئەحمەد: حەزم بە پێشبینی نییە، بەڵام بە ئێمەیان راگەیاندووە بە زوترین کات تەواو دەبێت، و ئێمەش چاوەڕێ دەکەین و ئومێد دەکەین بەمزوانە بێت.

جێبەجێکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک تەواوی تێچوەکەی لەسەر حکومەتی هەرێمە، ماوەی ساڵ و نیوێکی بۆ دانراوە بۆ جێبەجێکردنی و بەتەواوبوونیشی کاتەکانی پێدانی کارەباو بەرهەمهێنانیشی جێگیر دەکرێت

ژیان: پرۆژەی دانانی پێوەری زیرەک بە کوێ گەیشتووە و تا چەند بۆ هاوڵاتیان سوودی دەبێت هیچ داهاتێک بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە؟
ئومێد ئەحمەد: پرۆژەی پێوەری زیرەک تاکە رێگای چارەی  زانستی گرفتی کارەبایە لە هەرێمی کوردستان هەم لە بواری خزمەتگوزاری و هەم لە رووی ئابوریەوە، چونکە کۆنتڕۆڵی خواست دەکات ئەو زیادەڕەوی و سەرپێچیانەی لەسەر سیستەمی کارەبا هەبێت هەمووی بنبڕدەکات، لەکاتی نەخوازراودا کاتێک بەرهەم گرفتی بۆ دروست دەبێت بەشێوەیەکی کاتی بۆ ئەوەی کارەبا لە هاوڵاتیان نەبڕێت، بەشێوەیەکی ئیداری کارەبا لە هەموو هاوڵاتیان کەمدەکەیتەوە نەک لە شوێنێک بیبرێت و لە شوێنێک هەبێت، واتا کاروباری فرۆشتنی وزە و کۆکردنەوەی داهات رێکدەخات، سوتانی محاویلە و پچڕانی تەل و هێڵ و گرفتی تەکنیکی ناو تۆڕەکە دەکات، بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە ساڵانە دەیان  ملیۆن دۆلار  خەرجی دەگەرێتەوە بۆ حکومەت، بۆیە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کارەبا زۆر بەجدی بە هەموو توانای خۆیەوە کار لەسەر ئەو پرۆژەیە دەکات، لە ئێستادا بە نزیکی ٤٠ بۆ ٤٥ هەزار پێوەری زیرەک دانراوە، جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە تەواوی تێچوەکەی لەسەر حکومەتی هەرێمە، ماوەی ساڵ و نیوێکی بۆ دانراوە بۆ جێبەجێکردنی  و بەتەواوبوونیشی جێگری کارەبا هەم لە رووی بەرهەم و هەم کاتەکانی پێدانی کارەبا دیاریدەکرێت.

ژیان: دانانی پێوەری زیرەک زۆر لەسەر هاوڵاتیان ناکەوێت؟
ئومێد ئەحمەد:
نرخ هەر وەک خۆی دەبێت و هیچ لەسەر هاوڵاتی زیاد نابێت و تەواوی تێچووی پرۆژەکە لەسەر حکومەتە.

ژیان: ژمارەی بەکارهێنەرانی کارەبا لە ئێستادا چەندە؟
ئومێد ئەحمەد:
لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ٥٧٠ هەزار هاوبەشی کارەبا هەیە، کە پێوەری زیرەک سەرجەمیان پێوەری زیرەک دادەنرێت و هەموو پێوەرەکانییش دەبەسترێتەوە بۆ کۆنتڕۆڵێکەوە کە لە پایتەختە و تەواوی هاوبەشەکان دەبنیرێن هەر سەرپێچی و زیادەڕەوییەک ببینرێت کۆنتڕۆڵ دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چاکسازی لە سیانەکانی کارەبا خێرا دەبن لە رێگەی سیستەمی جی پێ ئێسەوە ئاگادار دەکرێنەوە، داواش لە هاوڵاتیان دەکەین کە هاوکارمان بن  بۆ جێبەجێکردنی  پرۆژەکە، چونکە خزمەتگوزارییەکی بۆ ئەوانە  و بڕێکی زۆر داهات بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە دەتوانێت لە پرۆژەیەکی دیکەدا بۆ خزمەتی هاوڵاتیان بەکاربهێنرێتەوە.

بە پێی بارودۆخی دارایی هاوڵاتیان وەزارەتی کارەبا هاوکار دەبێت لە وەرگرتنەوەی قەرزەکاندا بەشێوەیەک بێت کە لەگەڵیاندا بگونجێت

ژیان: لە ئێستادا رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا و خواستی بەکار‌هێنەران چەندە؟
 ئومێد ئەحمەد:
لە ئێستادا بە پێی پەستانی غاز و بارودۆخی سووتەمەنی بەرهەمهێنانی کارەبا سێ هەزار و ٢٠٠ بۆ سێ هەزار و ٥٠٠ مێگاواتە، خواستی بەکارهێنەرانیش لە وەرزە ساردەکاندا دەگاتە چوار هەزار و ٢٠٠ بۆ چوار هەزارو ٣٠٠ مێگاوات، وەک وەزارەتی کارەباش بەردەوام لەهەوڵداین باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکەین، لە ئێستاشدا قەیرانەکە تەواو نەبووە، بەڵام بەو بڕە پارەیەی لەبەردەستماندایە، بەکاریدەهێنین بۆ ئەوەی باشترین خزمەت بگەیەنین و داوا لە هاوڵاتیان دەکەین بە پێی پێویستی خۆیان کارەبا بەکاربهێنن.

ژیان: هاوبەشەکانی کارەبا چەند قەرزاری وەزارەتی کارەبان؟

ئومێد ئەحمەد: تەواوی هاوبەشانی هەرێمی کورستان زیاتر لە یەک ترلیۆن دینار قەرزاری وەزارەتی کارەبان بە هاوبەشانی حکومی و هاوڵاتیانیشەوە، کە کۆکراوەی ساڵانی رابردووە.

ژیان: چۆن ئەو قەرزانە لە هاوڵاتیان وەردەگیرێنەوە؟
ئومێد ئەحمەد:
لە بەرئەوەی قەرزەکان موڵکی گشتین دەبێت وەربگیرێنەوە، بەڵام چۆن لە ماوەی رابردودا حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کارەبا هاوکاری هاوڵاتیان و هاوبەشانی کارەبای کردوە و فشاری نەخستوەتە سەریان، بەوەی کە پارەی کارەبا بدەن یان کارەباکانیان ببڕن، لێرەش بە پێی بارودۆخی دارایی هاوڵاتیان وەزارەتی کارەبا هاوکار دەبێت لە وەرگرتنەوەی قەرزەکاندا بەشێوەیەک بێت کە لەگەڵیاندا بگونجێت، تا ئەو کاتەی حکومەت بڕیارێک دەردەکات بۆ ئەوەی چۆن قەرزەکان وەربگرێتەوە.