حەیدەر عەبادی بۆ ژیان: هاوڵاتیانی كوردستان باجی هەڵەی هەندێك سیاسی كورد دەدەن

"دەبێت حكومەت هەڵوەشێتەوە"
حەیدەر عەبادی

ژیان: زانا حەمە غەریب

حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق‌و سەرۆكی ئیئتلافی نەسر، لەم چاوپێكەوتنەی ژیان، باس لەكێشەكانی بەردەم كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی‌و هەوڵەكان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكومەتەكەی‌و ململانێ سیاسیەكانی ناو عێراق دەكات، هاوكات باس لە‌و كێشەو گرفتانەش دەكات كە بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە لەسەردەمی حكومڕانی خۆیدا لەگەڵ بەرپرسانی كورد هەیبووە.

ژیان: لەدوای ئازادكردنی عێراقەوە هەمیشە عێراق‌و گەلەكەی بەناخۆشی زۆردا تێپەرین، ئەمە پەیوەندی بەسیاسەت‌و كاریگەری ئەمریكاو وڵاتانی ترەوە هەبووە، یان بەناكارامەیی‌و بێ پلانی ئەوانەی عێراقیان بەرێوەبردووە؟

حەیدەر عەبادی: بەشێكی پەیوەندی بەسیاسەتی ئەمریكاو دەستێوەردانی دەرەكیەوە هەبووە، بێگومان بەشێكیشی دەكەوێتە ئەستۆی من‌و ئەوانەی وەك سەرۆك لەپۆستی بەرێوەبردنی ووڵاتدا بوون، بەڵام پشكی گەورە دەگەرێتەوە بۆ ململانێی سیاسی ناوخۆیی نێوان پارت‌و لایەنە سیاسی‌و سیاسیەكانی عێراق، كە بەداخەوە زۆرینەیان بەبێ‌ گوێدانە بەرژەوەندی گشتی لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی‌و سیاسی، هەمیشە هەوڵی دروستكردنی بەربەست‌و رێگریانداوە لەبەرامبەر بەرپرسانی حكومی بۆ ئەوەی كارەكانیان نەڕوات بەڕێوە.

ریفراندۆم فشارێكی سیاسی بوو لە دژی من

ژیان: كەواتە ئەتوانین بڵێین ئەوەی ئێستا لەبەرانبەر كابینەكەی عەبدولمەهدی پەیڕەو دەكرێت ململانێیەكی سیاسیە ؟

حەیدەر عەبادی: نەخێر، كێشەی سەرەكی لەم كابینەیەی حكومەت نەبونی خزمەتگوزاری‌و هەبوونی گەندەڵیە بەپلەی یەكەم، ئەوە داواكاری شەقام‌و هاوڵاتیانە كە داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەت‌و دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران دەكەن بەو هیوایەی كابینەیەكی بەهێز دروست بكرێت بۆ ئایندە.

ژیان: كەواتە ئەو خۆپیشاندانانەی لەسەردەمی حوكمڕانی ئێوەش رێكدەخران بەهەمان شێوە داواكاری شەقام بوون ئەی بۆچی گوێتان بۆ خۆپیشاندەران نەدەگرت‌و دەستان لەكارنەدەكێشایەوە؟

حەیدەر عەبادی: لەو سەردەمەی من سەرۆك وەزیران بووم لەگەڵ دەستپێكردنی كابینەكەم بەداخەوە رووبەرووی شەرێكی گەورە بوینەوە كە شەری تیرۆریستانی داعش بوو، دروستبونی كۆمەڵێك بۆشایی وایكرد هەل بۆ هەندێك سیاسی بڕەخسێت كە بارودۆخەكە لەبەرژەوەندی خۆیان بەكاربهێنن‌و لەچەندین شاری عێراق خۆپیشاندان رێكبخەن، بەڵام نەیانتوانی لە پاڵ خۆپیشاندەرانەوە مەرامەكانی خۆیان بەدی بهێنن، واتە بەگشتی ململانێیەكی سیاسی بوو لەدژی من، چونكە یەكێك لەبەرنامەكانی ئێمە رووبەروو بونەوەی گەندەڵی‌و گەندەڵكاران بوو، ئەوەش بەلای هەندێك لایەنەوە جێگای قبوڵكردن نەبوو.

ژیان: بەڵام كابینەكەی ئێوەش بێ‌ بەش نەبوو لەگەندەڵی، سەدان مەلەفی گەندەڵی گەورە بوونی هەبوو، بەبێ‌ ئەوەی لێپرسینەوەتان هەبوبێت بۆیان، یان چاكسازیتان وەك پێویست ئەنجامدابێت ؟

حەیدەر عەبادی: ئەوە ڕاستە گەندەڵی هەبوە نەشمانتوانی لەبنبڕكردنی گەندەڵیدا سەركەوتوو بین، بەڵام ئەوەش راستیەكە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت هەر لەكابینەكەی مندا، هەشت وەزیر‌و دەیان بریكاری وەزیر‌و سەدان خاوەن پلە تایبەتی بەتۆمەتی گەندەڵی رەوانەی دادگا كران بەمەبەستی لێپێچینەوە، هەروەها چەندین بڕیارمان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی‌و ئەنجامدانی چاكسازی دەركرد، بەنمونە لە ساڵی٢٠١٥، دەستمانكرد بە كۆمەڵێك چاكسازی لەمووچەدا، ، كە بەڕێژەی لە%50 مووچەی سێ سەرۆكایەتییەكە‌و مووچەی بریكاران‌و راوێژكاران بەڕێژەی لە%40‌و مووچەی فەرمانبەرانی سەرۆكایەتییەكان بەڕێژەی لە%30 كەمكرانەوە، لەساڵی ٢٠١٦ ، لەچوارچێوی چاكسازییەكاندا، مووچەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەرێژەی لە%50 لەگەڵ ژمارەی پاسەوانەكانیشم كەمكردەوە، هەر لەبەر ئەم هەنگاوانەشم بوو من كەسێكی شیاو پەسەند نەبووم لەلایەن بەشێك لەسیاسیەكان‌و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیشەوە، لەلایەكی تریشەوە لەگەڵ كۆمەڵێك پیلانی گەورەی ناوخۆیی‌و ئیقلیمی روبەروبووینەوە، وەك بابەتی ریفراندۆم‌و كێشەی بەغدادو هەولێرو ناوچە جێناكۆكەكان‌و پارێزگای كەركوك‌و چەندین كێشەی تری ناوخۆیی.

هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكایەتی خواستی زۆرێك لە سیاسیەكانە

ژیان: بەڵام ریفراندۆمیش داوای نەتەوەیەك بوو لەعێراق، بەڵام ئێوە گوێتان پێنەداو لەدژی وەستانەوەو تەنانەت بەو هۆیەوە ئابڵۆقەتان سەپاند بەسەر بەشێك لەمیللەتەكەی خۆتان ؟

حەیدەر عەبادی: نا ریفراندۆم داواكاری‌و فشارێكی سیاسی بوو لەدژی من جوڵێندرا، ئەگەرنا ئەوە داوای هەموو كوردستان نەبوو، بەڵكو لەبەرانبەر ئەو داوایەشدا زۆرێك لەكوردەكان نارازیی بوون‌و لەدژی وەستانەوە، سەبارەت بەئابلۆقەی بەغداد لەبەرانبەر هەرێم، من هەرگیز نەموویستوە هیچ هاوڵاتیەكی عێراقی بەكوردو عەرەب‌و توركمان‌و پێكهاتەكانی تریشەوە لەسەر دەستی ئێمە زەحمەت ببینن‌و تووشی ئازار ببنەوە، بەڵام ناكرێت ئێمە پابەندبین بەجێ‌ بەجێكردنی هەموو داواكارییەكانی كوردەوەو ئەوانیش پابەند نەبن بەدەستورەوە لەلایەك نەوت بفرۆشن‌و داهات رادەستی ئێمە نەكەن‌و لەلایەكی تریشەوە هەوڵی دابەشكردنی عێراق‌و جیابونەوە بدەن‌و ئێمەش بێدەنگ بین، وەئەو باجەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دایان باجی هەڵەی هەندێك سیاسی كورد بوو، نەوەك زوڵمی ئێمە بێت لەدژی ئەوان.

ژیان: ئێوە لەگەڵ دروستبونی كابینەكەی عەبدولمەهدی پشتیوانیتان بۆی راگەیاند، بەڵام لەئێستادا دژایەتی دەكەن، مەبەستان لەم دژایەتیكردنە هەوڵێكە بۆ گەرانەوەتان بۆ سەر كورسی حوكمرانی ؟

حەیدەر عەبادی: ئەگەرچی لەسەرەتای هەوڵدان بۆ پێكهێنانی كابینەكەی بەرێز عەبدولمەهدی هاوكێشە سیاسییەكان دژبەیەك بوون، وەمن دڵنیابوم لەوەی عەبدولمەهدی روبەرووی ئەم بەربەست‌و پێشهاتە گەورانە دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پشتیوانیم بۆ دەربڕی هیوام خواست سەركەوتوو بێت، بەڵام لەئێستادا دەبینین حكومەتەكە نغرۆیی گەندەڵی بوەو ناتوانێت خزمەت بەعێراق بكات‌و لەژێر فشاری سیاسیدایە، هەڵەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی زۆرن بۆنمونە گێڕانەوەی كەسانێك بۆ پۆستە هەستیارەكانی دەوڵەت، كە تێوەگلاون لەدۆسیەی گەندەڵی، وە هەوڵدانیش بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكایەتی خواستی زۆرێك لەسیاسیەكانەو بەمەبەستی خزمەتكردنە بە وڵاتەكەی، هەركەسێك بەشێوازو پلانی تایبەتی خۆی، هەمیشە هەوڵدەدەم لەسەر ئەوەی لەداهاتوو ركابەری شەریفانە بكەم لەسەر بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆكوەزیران ئەویش بەو هۆكارەی ئیرادە‌و ئەزمونێكی سەركەوتووم هەبووە لەبەڕێوەبردنی وڵاتەكەم.

پشتیوانی ئێمە بۆ خۆپیشاندەران بەتەواوی هێزو توانامانەوەیە

ژیان: كەواتە ئێوە پشتیوانی لەخۆپیشاندەران دەكەن؟

حەیدەر عەبادی: بەڵێ‌ پشتیوانی ئێمە بۆ خۆپیشاندەران بەتەواوی هێزو توانامانەوەیەو لەپێناو هێنانەدی داواكارییەكانی ئەوانە، نەوەك لەپێناو بەرژەوەندی‌و مەرامی سیاسی.