ئازاد تۆفیق بۆ ژیان: پێویستە حكومەت لانی كەم 500 فەرمانبەر بۆ هەڵەبجە دابمەزرێنێت

لەنێوان حكومەتەكانی عێراق‌و هەرێم بودجەمان نییە
پارێزگاری هەڵەبجە

ژیان: تایبەت

لەم چاوپێكەوتنەی ژیان، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە باس لەكێشەو گرفتەكانی پارێزگاكە دەكات، باس لەوەش دەكات لەئێستادا كێشەی كەمی میلاك‌و پێداویستی فەرمانگەكانیان هەیە، هاوكات تیشكدەخاتە سەر ئەوەی كەدەبێت لەبودجەی عێراق‌و هەرێمدا بەشە بودجەی پارێزگاكەیان بەجیا دیاری بكرێت.

 ژیان: سەرەتا باس لەوە بكەین دۆخی پارێزگای هەڵەبجە چۆنە‌و ئیشوكارەكانتان چۆن بەڕێوە دەبەن؟

 ئازاد تۆفیق: دیارە دۆخی هەڵەبجە بەدەر نییە لەدۆخی سەرجەم پارێزگاكانی دیكە‌و هەر كێشەیەكی ئیداری‌و دارایی‌و سیاسی هەبێت ئەوا هەڵەبجەش ئەگرێتەوە، لەڕابردودا ئەو دۆخە داراییەی بەسەر هەرێمدا هات هەڵەبجەشی گرتەوە، بەڵام لەئێستادا خۆشبەختانە وردە وردە ئەو پرۆژانەی كەسەدا هەشتایان تەواو بووە بڕیارە كاریان تێدا بكرێتەوەو بەهیواین بتوانین بەرەو ئایندەیەكی باشتر بڕۆین.

ژیان: لەئێستادا چەند پرۆژە هەیە لەهەڵەبجە كەبەهۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیاندا وەستاوە؟

 ئازاد تۆفیق: لەئێستا 152 پرۆژە كاركردن تێیاندا وەستێنراوە، چونكە هەڵەبجە لە14ی ئازاری 2014 كە بۆتە پارێزگا تەنها دوای دوو مانگ داعش پەلاماری موسڵ دەدات‌و داگیری دەكات، پاشان دوای هاتنی داعش كێشەی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم‌و نەناردنی مووچەی فەرمانبەران دەست پێ دەكات هەروەها دابەزینی نرخی نەوت ‌و هەموو ئەمانە گرفتی گەورە بۆ هەرێم دروست دەكەن ئەوانەش كاریگەری خراپیان لەسەر كۆی هەرێم‌و هەڵەبجەش دروستكرد.

بەهیواین لەماوەی مانگێكدا سەرۆكی حكومەت ببینین تاوەكو ئاوڕی جددی تر لەهەڵەبجە بدرێتەوە

ژیان: چۆن كار بۆ دەسپێكردنەوە ئەو 152 پرۆژەیە دەكەنەوە؟

ئازاد تۆفیق: لەئێستادا لەلایەن حكومەتەوە میكانیزمی دەسپێكردنەوەی پرۆژەكان بەچەند شێوەیەكە بۆ نمونە ئەو پرۆژانەی كەلەسەدا هەشتایان تەواو بووە ئەوا لەماوەی چەند مانگێكدا تەواو دەكرێن، پاشان دەست بەو پرۆژانە دەكرێت كەلەسەدا حەفتایان تەواو بووە، ئیتر بەو شێوەیە كار لەهەموویان دەكرێت، بۆیە ئەگەر قەیران‌و گرفتی دیكە نەیەنە پێشەوە ئەوا لەماوەی ساڵێكدا تەواوی ئەو پرۆژانەی هەڵەبجە تەواو دەكرێن كەلەسەدا پەنجایان تەواو بووە.

ژیان: لەماوەی ڕابردودا بەسەرۆكایەتی بەڕێزتان شاندێك لەبەرپرسانی هەڵەبجە سەردانی هەولێرتان كردو بەئامانجی گەیاندنی داواكارییەكانی پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ جێگیری سەرۆكی حكومەت‌و بەشێك لەوەزیرەكانی كابینەی نوێ كۆبونەوە، بەدەمەوە هاتنی ئەوان بۆ داواكارییەكانی ئێوە چۆن بوو؟

 ئازاد تۆفیق: بەڵێ راستە ئێمە پێشتریش هەر سەردانی ئەنجومەنی وەزیران‌و بەشێك لەوەزیرەكانی ئەو كابینەیەمان كرد‌و یاداشتێكمان ئاڕاستەكردن كەپێكهاتبوو لەداواكارییە سەرەكییەكانی پارێزگای هەڵەبجە لەتەواوی سێكتەرەكاندا، بەپێی توانا چەند توانیان هاوكارمان بوون، بەڵام زۆرێك لەداواكارییەكانمان جێبەجێ نەكران، بۆیە لەكابینەی نوێشدا بۆ هەمان مەبەست سەردانی هەولێرمان كردو بەڕێز كاك قوبادمان وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌و بەشێك لەوەزیرەكانمان بینی‌و گفتوگۆمان لەبارەی تەواوی داواكارییەكانمان كرد كەخۆشبەختانە بەپێی تواناو دەسەڵاتی خۆیان زۆر باش بەدەم داواكارییەكانمانەوە هاتن‌و چاوەڕێی كاری باشیان لێ دەكەین، چونكە ئەوانیش هاوشێوەی ئێمە هاوڕای ئەوەن كەهەڵەبجە پارێزگایەكە‌و بەسەر قەزیەی كوردو پرسی كوردەوە هەیەتی‌و شایەنی خزمەتكردنە.

ئەگەر قەیران‌و گرفت نەیەنە پێشەوە ئەوا لەماوەی ساڵێكدا تەواوی ئەو پرۆژانەی تەواو دەكرێن كەلەسەدا پەنجایان تەواو بووە

ژیان: بەڕێز كاك ئازاد لەئێستادا كێشە سەرەكییەكانی ئێوە لەپارێزگای هەڵەبجە چین؟

 ئازاد تۆفیق: بەپلەی یەكەم كێشەی دامەزراندنمان هەیە بەپلەی دووەمیش كێشەی كەمی پێداویسیتمان هەیە، چونكە كاتێك هەڵەبجە دەكرێتە پارێزگا ئەوا فەرمانگەی بۆ دەكرێتەوە ئەوەش پێویستی بەفەرمانبەرو پێداویستییەكانی دیكەیە‌و بەچەند كەسێك ناڕوات بەڕێوە، زۆربەی ئەو فەرمانگانەی تازە كراونەتەوە كێشەی كەمی فەرمانبەری هەیە، بۆیە پێویستە حكومەت لانی كەم 500 كەس وەك فەرمانبەر بۆ تەواوی سێكتەرەكانی پارێزگای هەڵەبجە دابمەزرێنێت هەروەها پێداویستییەكانی فەرمانگەكانیشمان بۆ دابین بكات.

ژیان: هێندەی ئاگاداربن كێشەكانی هەڵەبجە بەگوژمەی چەند لەپارە چارەسەر دەكرێن.

 ئازاد تۆفیق: خۆی ئەزانی چۆنە پێویستە هەڵەبجە بودجەی تایبەتی خۆی هەبێت، ئێمە نە لەحكومەتی هەرێم نە لەحكومەتی عێراقی بودجەمان نییە‌و كاتێك هەڵەبجە دەبێتە پارێزگا ئەوا پێویستە یەك ملیار دیناری پێ بدرێت كەنزیك لەیەك ملیۆن دۆلار ئەكات، بەڵام لەو كاتەوە لەو پارەیە تەنها نیو ملیار دینار دراوە واتە هێشتا نزیكەی 50 دەفتەر نەدراوەتە هەڵەبجەو نزیكەی 50 دەفتەری هەڵەبجە لای حكومەتی هەرێمەو نەدراوە، راستە مانگانە 10 ملیۆن یان 20 ملیۆن بۆ هەڵەبجە دابین دەكرێت، بەڵام ئەو بڕە پارەیە زۆر كەمەو بەشی ناوەندی قەزاو ناحییەو گوندەكانی دەوربەری ناكات.

بەپلەی یەكەم كێشەی دامەزراندنمان‌و بەپلەی دووەمیش كێشەی كەمی پێداویسیتمان هەیە

ژیان: باسی بودجەت كرد وەك ئاشكرایە كار بۆ دانانی بودجەی عێراق‌و هەرێم دەكرێت هەماهەنگی ئێوە لەگەڵ نوێنەرانی كورد لەپەرلەمانی عێراق چییە، وە تا چەند كار بۆ ئەوە دەكەن بودجەی هەڵەبجە لەهەردوو پرۆژە یاسای بودجەی پەرلەمانی عێراق‌و هەرێم جێگیربكرێت.

ئازاد تۆفیق: خۆشبەختانە لەگەڵ نوێنەرانی كورد لەتەواوی فراكسیۆنە جیاوازەكان هەماهەنگی باشمان هەیەو  دەستخۆشیان لێ دەكەم كەكاری باش دەكەن‌و لەسەر قەزیەی هەڵەبجە یەك دەنگن‌و دەڵێن دەبێت بودجەی هەڵەبجە جیا بێت، هەروەها دەبێت لەبودجەی هەرێمیش بودجەی هەڵەبجە دیاری بكرێت.

ژیان: گەر باس لەمەسەلەی ئەنجومەنی پارێزگاو پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكان بكەین، لەماوەی ڕابردودا لایەنەكان لەسەر ئەو پرسە ڕێككەوتن بۆ دواتر پەشیمان بوونەوە؟

ئازاد تۆفیق: لەهەڵەبجە هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگا نەكراوە بۆیە رێككەوتنی سیاسی تێدا كراوە، 2014 لایەنەكان ڕێككەوتنێكیان كرد، بەڵام دای چەند ساڵێك هەڵبژاردن كراوەو گۆڕانكاری بەسەر دەنگی هێزەكاندا هاتووە بۆ نمونە 2014 یەكێتی هێزی سێیەم بووە، بەڵام ئێستا هێزی دووەمی هەرێمە وە یەكگرتوو 2014 هێزی چوارەم بوون، كۆمەڵی ئیسلامیش پێنجەم بوو، بەڵام ئێستا پێچەوانە بوونەتەوەو كۆمەڵ دەنگی زۆرترە، هەروەها ئەكات یەكگرتوو‌و كۆمەڵ بەشداری حكومەت بوون، بەڵام ئێستا ئۆپۆزسیۆنن، بۆیە ئەمانە كاریگەرییان لەسەر سەرجەم شتەكان هەیە‌و ناتوانرێت رێككەوتنی سیاسی لەبارەوە بكرێت، چونكە هەیە داوای پۆستی زیاتر لەپێگەی دەنگەكانی خۆی دەكات.

پێویستە لەبودجەی عێراق‌و هەرێم بودجەی هەڵەبجە بەجیا دیاری بكرێت

ژیان: بەڕای بەڕێزت كێشەی پێكنەهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە چۆن چارەسەر دەبێت؟

ئازاد تۆفیق: بەڕای من بەئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئەنجومەنی پارێزگا ئەو كێشەیە چارەسەر دەبێت، چونكە ئەوكات سەنگی تەواوی هێزەكان لەپارێزگای هەڵەبجە دەردەكەوێت.

ژیان: هەندێكجار لەلایەن بەشێك هاوڵاتیانەوە باس لەوە دەكرێت كەهەڵەبجە تەنها لەسەر كاغەز بووەتە پارێزگا‌و لەسەر ئەرزی واقیع مەسەلەی بەپارێزگابوونەكەی رەنگی نەداوەتەوە، رای بەڕێزتان لەو بارەیەوە چییە؟

ئازاد تۆفیق: نا بەوشێوەیە نییە، چونكە هەڵەبجە كەدەبێتە پارێزگا هەر ئەمە بۆخۆی سیفەتێكی مەعنەوی گەورەیە، پاشان كاتێك هەڵەبجە دەكرێتە پارێزگا كەهەرێم ڕووبەڕووی چەندین گرفتی دارایی‌و سیاسی‌و شەڕی داعش دەبێتەوە هەموو ئەمانە بوونە هۆكاری ئەوەی نەتوانرێت پاڵشتی دارایی پارێزگاكە بكرێت، بۆیە هیوادارین كێشەكان چارەسەر بكرێن‌و بەتەواوی ئاوڕیش لەهەڵەبجە بدرێتەوە.

ژیان: بەشێك لەهاوڵاتیان گلەیی ئەوە دەكەن هێشتا لەهەندێك لەسكێتەرەكاندا نەتوانراوە كێشەكانی هەڵەبجە چارەسەر بكرێن، بەنمونە دەڵێن ئێستا بەشێك لەنەخۆشەكان بەتایبەت كتوپڕەكان رەوانەی سلێمانی دەكرێن، ڕای بەڕیزتان لەو بارەیەوە چییە؟

ئازاد تۆفیق: ئەگەر لەلایەنی تەندروستییەوە بەراودی ساڵێك بكرێت ئەوا دەردەكەوێت ئەو كەرتە لەماوەی ئەم ساڵەدا لەپارەوە تائێستا چەند پێشكەوتنی بەدەستهێناوە، هەروەها كەرتی تەندروستی تەنها بەپزیشك‌و كارمەند نابێت بەڕێوە بەڵكو پێویستت بەئامێرو تەكنەلۆجیای نوێیە، بۆیە گەر تەماشا بكەیت ئێستا كەرتی تەندروستی من ناڵێم لەسەدا سەد، بەڵام لەسەدا پەنجا بەرەو ژوورە وە كەرتەكانی دیكەش سەدا پەنجا بەرەو ژوورن، ئێمە بەپێی ئەو توانا ماددیی‌و مرۆییانەی كەهەن دەتوانین خزمەت بكەین.

كێشەی ئەنجومەنی پارێزگا بەهەڵبژاردن چارەسەر دەبێت

ژیان: لەسەر ئاستی هەڵەبجەو هەرێم لایەنە سیاییەكان تا چەند هاوكاری تۆو ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەن؟

ئازاد تۆفیق: من زیاتر لەساڵێكە پارێزگارم تەواوی لایەنەكان هاوكارمانن‌و پەیوەندی باشمان لەگەڵیان هەیە.

ژیان: بەرنامەتان هەیە بۆ چارەسەری كێشەكانی هەڵەبجە لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش كۆبونەوە ئەنجام بدەن؟

ئازاد تۆفیق: بەڵێ بەرنامەمان هەیەو بەهیواین لەماوەی مانگێكدا جەنابی سەرۆكی حكومەت ببینین تاوەكو ئاوڕی جددی تر لەهەڵەبجە بكرێتەوە.