سیروان بارزانی لەگەندەڵیی تێوەدەگلێت

هەردوو كۆمپانیایی ئۆرەینج‌و ئەجیڵیتی بەڵگەی تێوەگلانی سیروان بارزانی رادەستی دادگای دەكەن

ژیان: بنكۆڵكاری
كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم كەلەلایەن سیروان بارزانی، فەرماندەی سوپای گوڵان‌و یەكێك لەڕووخسارە دیارەكانی بنەماڵەی بارزانی-یەوە بەڕێوەدەدرێت، بەهۆی تێوەگلانی لەگەندەڵی لەوڵاتی بەریتانیا كەیسێكی تایبەتی لەدژی كراوەتەوە، بەهۆی قوڵبوونەوەی كێشەكانی ئەو كۆمپانیا كوردییەش لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای ئۆرەینج ئێس ئەی فەڕەنسی‌و ئەجیڵیتی لۆجیستیكی كوەیتی ئەو دوو كۆمپانیایە داوای بڕی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووی لێدەكەن.

كۆڕەك تیلیكۆم چۆن دروستبوو؟ چۆن لەگەندەڵییەوە تێوەگلا؟

 لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن لەساڵی ٢٠٠٣ عێراق بووە باشترین بازاڕ بۆ كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن، چونكە ٢٦ ملیۆن بەكاربەر چاوەڕوانی دامەزراندنی كۆمپانیاكانی پەیوەندییان دەكرد، هەربۆیە چەندین وەبەرهێنەر چاویان بڕییە ئەم بازاڕە ئامادەیە، حكومەتی عێراق یش لەپێناو بەرەوپێشبردنی وڵات ئەم هەلانەی قبوڵكرد، هەربۆیە كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم ئەم هەلەی قۆستەوە، پاش حەوت ساڵ لەدامەزراندنی لەساڵی ٢٠٠٧ توانی ڕێگەپێدان (ئیجازە)ی ناوخۆی وەربگرێت بۆ ئەم مەبەستەش بڕی ١.٢ ملیار دۆلاری دا. پاش چەند مانگێك‌و لەهەمان ساڵدا كۆمپانیای ئەجیڵیتی بڕی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری ئەو پارەیەیدا كەوەك قەرزی ڕێگەپێدان بەكاركردنی داوای لێكرابوو، چونكە لەوكاتەدا كۆڕەك ئەو بڕە پارەیەی نەبوو. دواتر ئەم كارە بەردەوامبوو تا ساڵی ٢٠١١ كاتێك كەكۆمپانیای ئۆورەینجی فەڕەنسی بووە هاوبەشی كاری كۆمپانیای ئەجیڵیتی، ئەم دوو كۆمپانیایە بەهاوبەشی بوونە خاوەنی ٤٤٪ سەرجەم پشكەكانی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم لەڕێگەی پڕۆژەیەكی هاوبەشەوە بەناوی (عێراق تیلیكۆم) كەبڕی تێچووەكەی بەرامبەر بوو بە٨١٠ ملیار دۆلار، ئەم رێككەوتنەش لەلایەن دەستەی راگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی حكومەتی عێراق (cmc) واژووكرا. بەشێكی ئەم ڕێككەوتنە بریتبوو لەوەی "دوای چوار ساڵ لەواژوو كردنی كۆمپانیای كۆڕەك بەتەواوەی بكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی ئەم دوو كۆمپانیایەوە"، بەڵام ئەم كارە هەرگیز ڕووینەدا. لەدوای ئەمەشەوە سەرجەمی كێشەكانی ئەم سێ كۆمپانیایە دەستیان پێكرد. 

كۆڕەك بڕی ١٥٠ ملیۆن دۆلار قەرزی لەبانكی (IBL) كێشاوە لەوڵاتی لوبنان، دواتر ئەم بڕە پارەیە دابەشكراوە بەسەر چەند هەژمارێكی بانكیدا كەلەنێویاندا هەژمارە بانكیەكانی سیروان بارزانی هەیە

قۆناغی یەكەمی كێشەكانی ئەم سێ كۆمپانیایە كاتێك دەستی پێكرد كەئەجیڵیتی‌و ئۆرەینج لەمانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٨، لەدادگای نێوەندی نێودەوڵەتی دارایی دوبەی سكاڵاكەیان لەسەر بەڕێوەبەرێكی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بەناوی رایمۆند سەمیر زینە رەحمە تۆماركرد، تۆمەتی ئەوەیان خستەپاڵی كەملیۆنان دۆلاری بەهەدەرداوە لەسەرمایەی كۆمپانیاكە‌و پۆستەكەشی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەكارهێناوە.

پاش تێپەڕبوونی تەنیا هەشت مانگ بەسەر ئەم كێشەیەدا ئەم سێ كۆمپانیایە دووبارە كێشە كەوتەوە نێوانیان، بەڵام ئەوەی وایكرد ئەم جارە كێشكە قوڵتر بێت ئەوەیە، هەریەكە لە ئۆرەینج‌و ئەجیڵیتی بەڵگەی تێوەگلانی سیروان بارزانی، دامەزرێنەری كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بخەنەڕوو‌و داوایی یاسایی لەسەر تۆماربكەن.
سیروان بارزانی چۆن لەگەندەڵییەكانی كۆڕەكەوە تێوەگلاوە؟

لە ساڵی ٢٠١١ واتە هەمان ئەو ساڵەی كەكۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم رێككەوتننامەی لەگەڵ ئۆرەینج‌و ئەڵیجیتی واژووكردووە، بەبێ ئاگاداری سەرجەم هاوبەشەكانی لەعێراق تیلیكۆم، كۆڕەك بڕی ١٥٠ ملیۆن دۆلار قەرزی لەبانكی (IBL) كێشاوە لەوڵاتی لوبنان، دواتر ئەم بڕە پارەیە دابەشكراوە بەسەر چەند هەژمارێكی بانكیدا كەلەنێویاندا هەژمارە بانكیەكانی سیروان بارزانی هەن‌و پارەكە یاری پێكراوە بەبێ ئەوەی مەبەستی بەكارهێنانی ڕوونبكرێتەوە.

ئاژانسی لەندەن ئیكۆنۆمیك: كۆڕەك تلیكۆم بوونەتە پێگەیەك بۆ گەندەڵی‌و بەرتیل خواردن‌و زیانگەیاندن بەبەشداربووانیان

بەشێكی تری ئەم كێشەیە بریتیە لەوەی كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم ئامادەنیە روونكردنەوە بدات لەبارەی پارە‌و قازانجەكانی لەبانكەكانی: سیتی بانك، HSBC، بانكی نیویۆرك میلۆن، چونكە هەردوو كۆمپانیای ئەجیڵیتی‌و ئۆرەینج لەسكاڵاكانیاندا بانگەشەی ئەوە دەكەن كۆڕەك تیلیكۆم تیوەگلاوە لە"هەڵسوكەوتی تایبەتی، گەندەڵی مادی‌و خراپ بەڕێوەبردن" لەكارەكانیدا.

لەوبارەیەوە وتەبێژی كۆمپانیای ئۆرەینج-ی فەڕەنسی دەڵێت :"سیروان بارزانی‌و هاوبەشەكانی تر بەكەیسی گەندەڵی‌و خراپبەكارهێنانی پێگەكانیان تێوەلاون، هەربۆیە كەیسی تایبەتیمان لەدادگا لەئەمریكا بۆ كردووەتەوە بەژمارەی كەیسی 1782، كەتەواوی وردەكارییەكانی گەندەڵیەكەیانی تێدایە.

وتەبێژی كۆمپانیای ئۆرەینج-ی فەڕەنسی ئەوەشدەخاتەڕوو: "چەندین زانیارییمان لەم كەیسەدا لەلایەن كەدەریدەخات هاوبەشەكانی كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم سوودیان لەهەڵسووكەوتە خراپەكانی سیروان بارزانی بینیووە، تێوەگلاون لەگەندەڵی".

بۆچی سیروان بارزانی كێشەی یاسایی هەیە لەوڵاتی بەڕیتانیا؟
یەكێكی تر لەو تۆمەتانەی كەرووبەڕووی سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم كراوەتەوە بریتیە لەكێشەی بەرتیلدان، كێشەكەش پەیوەندیی هەیە بەبەڕێوەبەری دەستەی ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی حكومەتی عێراق.

ئەو دوو كۆمپانیایە داوای بڕی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبوو دەكەن

بەپێی زانیارییەكان كەبەهەمانشێوە لەبەڵگەنامەكانی دادگا-وە وەرگیراون، لەساڵی ٢٠١٤ كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بەدیاریكراویش پێری یوسف، هاوبەشی دێرینی كۆمپانیای كۆڕەك‌و ڕایمۆند ڕەحیم، بەڕێوەبەری پێشكەوتووی ئەو كۆمپانیایە لەناوچەی وێمبڵی كەدەكەوێتە باكوری شاری لەندەن خانویەكی كڕییووە بەبەهای 830,000 پاوەندی بەڕیتانی.

ئەوەی ئەم كێشەیە قوڵتردەكاتەوە بریتیە لەوەی، لەدوای كڕینی ئەم خانووەوە نە پێری یوسف‌و نە رایمۆند رەحیم لەخانووەكەدا نەژیانون، بەڵكو لەبەرامبەردا ناسر ئەل-خوەیلیدی، سەرۆكی پێشووی جێبەجێكاری دەستەی راگەیاندن‌و پەیوەندییەكان حكومەتی عێراق‌و هاوسەرەكەی بەناوی زەهرا تێیدا ماوەنەتەوە‌و ژیاون تا ساڵی ٢٠١٨، هەر لەبەر ئەوەیە ئەم دوو كۆمپانیایە گۆماندەكەن "كڕینی ئەم خانووە‌و مانەوەی ئەم بەڕێوەبەرە تێیدا بەمەبەستی كاریگەری خستنە سەر گرێبەستەكان بووبێت هەر بەو مەبەستەش ئەو خانووە كڕدرابێت".

وتەبێژی كۆمپانیای ئۆرەینج-ی فەڕەنسی: سیروان بارزانی‌و هاوبەشەكانی تر بەكەیسی گەندەڵی‌و خراپ بەكارهێنانی پێگەكانیان تێوەلاون

هەر لەبەر ئەوە ئەم دوو كۆمپانیایە سكاڵای یاساییان لەدژی سیروان بارزانی لەوڵاتی بەڕیتانیا تۆماركردووە، تۆمەتباریان كردووە بەبەرتیلدان، لەیەكێك لەسكاڵانیشیاندا ئەو دوو كۆمپانیایە داوای بڕی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبوو دەكەن.

یەكێك لەبەڕێوەبەرەكانی كۆڕەك تۆمەتبارە تێوەگلاوە لەكەیسی كوشتن؟

 ڕایمۆند ڕەحیم، بەڕێوەبەری پێشكەوتووی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم‌و بازرگانی لوبنانی، لەساڵی ٢٠٠٤، تێوەگلا لەكەیسی كوشتنی دوو بارزانی ئەمریكی بەناوەكانی دەیڵ ستۆفێڵ‌و جۆی وێمپڵ. 

یەكێكی تر لەو تۆمەتانەی كەرووبەڕووی سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم كراوەتەوە بریتیە لەكێشەی بەرتیلدان

بەگوێرەی زانیارییەكانی دادگای واشتنت كەلەبارەی كەیسەكەوە بڵاوكراونەتەوە "ڕایمۆند ڕەحیم بڕی ٢٥ ملیۆن دۆلاری چاككردنەوەی كەلوپەلی كۆنی سوپای عێراق قەرزارە كەلەلایەن كۆمپانیاكەی ستۆفێڵ ەوە كراوە".

لەندەن ئیكۆنۆمیك چۆن باسی گەندەڵییەكانی كۆڕەك تیلیكۆم‌و سیروان بارزانی دەكات؟

 ئاژانسی لەندەن ئیكۆنۆمیك، باس لەگەندەڵییەكانی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم دەكات، ڕەخنەی توند ئاڕستەی ئەو كۆمپانیایە دەكات‌و لەبابەتێكدا كەلەبارەی گەندەڵییەكانی كۆمپانیا گەورەكانی پەیوەندیكردن لەجیهان بڵاویكردووەتەوە نوسیویەتی "هەرچەندە كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن لەسەرانسەری جیهاندا، ئامانج لەدروستبوونیان باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیانە، بەڵام ئەم كۆمپانیایانە بوونەتە پێگەیەك بۆ گەندەڵی‌و بەرتیل خواردن‌و زیانگەیاندن بەبەشداربووانیان، كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمیش لەعێراق یەكێكە لەو كۆمپانیایانە".