ژینۆ هادی بۆ ژیان: سینەما دەمانباتە ناو رووداوە مێژوویی‌و سەردەمییەكان

ساڵانە چەندین كچ‌و لا‌وی بەتوانا بەدڵگەرمیەوە دەست دەكەن بەخوێندن لە فیلمسازی
ژینۆ هادی

ژیان: شاینە محەمەد

ژینۆ هادی، خانمە سینەماكارێكی باشووری كوردستانە، ماوەی چەند ساڵێكە لەبوارە جیاوازەكانی هونەری سینەمادا كاردەكات، كورتە فیلمی رۆژێك لەڕۆژان لەكوردستان، یەكەمین كاری ئەوە لەبوارەكانی سیناریۆ‌و دەرهێناندا، لەم دەرفەتەدا ئەو سینەماكارە وەڵامی چەند پرسیارێكی ژیان دەداتەوە.

 ژیان: ناوەڕۆكی فیلمەكەتان باسی لەكێشەی ژنێك دەكرد كەلەلایەن كەسی پلە یەكییەوە دەستدرێژی سێكسی كراوەتەسەر، پێتان وایە كێشەی لەوجۆرە لەكۆمەڵگای ئێمەدا بوونی هەیە؟

ژینۆ هادی: بەدڵنیایەوە نەك پێم وایە كەكێشەی لەو جۆرە هەیە، بەڵكو ئاگاداری چەندین كەیسی زیندوم كەبەداخەوە هەم لەشارەكان‌و هەم شارۆچكەكەندا رویان داوە. لەقۆناغی دیڤیلۆپمێنتی سیناریۆكەمدا بۆ دەوڵەمەندكردنی كرۆكی بابەتەكە بۆ ماوەیەك من ریسێرچێكی وردم كرد لەسەر ئەو بابەتە، لەگەڵ چەند چالاكوان‌و كاسایەتی پەیوەندی دار بەبابەتە كەلەشەڵتەرەكانی پاراستنی ژنان، كەبەداخەوە ئەم بابەتە ئەوەندە قوڵ‌و ئەوەندە دیوی زۆرە كەچەندەها فیلمی درێژ ناتوانێت هۆكارو دەرئەنجام‌و كێشە كۆمەڵایەتی‌و دەرونی‌و یاسایی‌و ئینسانیەكانی وەك خۆی پیشان بدات.

 ژیان: تاچەند گرنگە سینەما بەوجۆرە لەواقیعی ژیانی كۆمەڵایەتییەوە نزیك بێت؟

ژینۆ هادی: ئێمە دەتوانین بەهۆی سینەماوە پێش هەموو شت هەوڵ بدەین پەیامی ئینسانی‌و جوانی‌و هەست‌و ئازارەكانی مرۆڤەكان بەش بكەین لەگەڵ بینەرەكەنماندا، هەڵبەت بۆ ئێمەی كورد جگە لەوەی بەشێكی چیرۆك‌و ئازار‌و جوانی هاوبەشمان لەگەڵ تەواوی كۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا هەیە، بەڵام لەلایەكی ترەوە میلەتێكین دونیایەك چیرۆك‌و كارەسات‌و دیاردە‌و جوانی‌و ئازاری تایبەت بۆ خۆمان هەیە كەدەتوانین بیانكەین بەبابەتی زۆر سەرنج ڕاكێش‌و هەم لەگەڵ خۆمان‌و هەم لەگەڵ دنیادا بەشی بكەین. سینەما گرنگە لەپاڵ هەموو ئەمانەدا واقعی كۆمەڵگا نیشان بدات، چونكە دەتوانین سینەما وەك پێناسی نەتەوەیەك ببینین، دەتوانین لەڕێی سینەمای وڵاتانەوە سەفەرێك بكەین بەناو كلتور‌و ژیان‌و بیركردنەوی میلەتانی تردا بكەین، سینەما دامانباتە ناو رووداوە مێژوویی‌و سەردەمیەكانەوە، دامانباتە ناو ماڵەكان دامانباتە ناو هەست‌و بیركردنەوە ئازارەكانی مرۆڤەكان، چانسێكە تا لەرێگایەوە لەدورترین شوێنی دونیا لەچاوی مرۆڤێكی ترەوە دنیا ببینین.

پلانم هەیە كاری نوێ بكەم، بەڵام وا بەزوویی نا

ژیان: تۆ وەكو خانمێك كەكار لەبواری سینەمادا دەكەیت چین ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەمتدان‌و ناهێڵن ئەوەی خەونتە لەبوارەكەتدا بەدەستی بێنیت؟

ژینۆ هادی: لەئێستادا باشترە لەو بیركردنەوانەمان كەمێك دوور بكەوینەوەو كاتی ئەوەیە لەگۆشەیەكی ترەوە تەماشای ژن بكەین لەهەر كایەیەكدا، هەڵبەت مەبەستم ئەوە نیە كەبەربەستەكان نین یا نەماون، بەڵكو ئەویە كەبەدیوێكی تردا تەوژمێكی زۆر دلخۆشكەرانە دەبینرێت ئەگەر چی كەم‌و سەرەتاش بێت، بەڵام لەزۆر كات باشترە بەتایبەت لەدوای كردنەوەی بەشی فیلمسازی لەزانكۆی سلێمانی ساڵانە چەندین كچی‌و لا‌وی بەتوانا بەدڵگەرمیەوە دەست دەكەن بەخوێندن كەلەچەند ساڵی داهاتودا دەتوانن خۆیان پێبگەیەنن‌و كار بكەن ،دەكرێت هەر ئەم هەلە بقۆزینەوە بۆ ئەوەی ژنیش بەرەنگی خۆی بەبیركردنەوەو دنیا بینینی خۆی ژیان بۆ ئیمە بكات بەوێنە، هەڵبەت مەرجیش نیە ژنەكان بەتەنها سەرقاڵێ‌و تواناكانایان تەنها لەباس كردنی ماف‌و كێشەكانی ژن چرر بكەنەوە، بەڵكو لەسەر هەر كایەیەكی تر راو بۆچۆنی ژنان گرنگە بەشداری پێ بكرێت.

ژیان: ئێمە وەكو گەلی كورد خاوەنی سینەماین؟ بەكامە دەگوترێت سینەمای كوردی؟

ژینۆ هادی: ئەم پرسیارە پێویستە كەسانی شارەزا لەبوارەكەدا وەڵامی بداتەوە، هەرچەندە ئەم مەسەلەیە ڕای جیاوازی لەسەرە، باشترە ئەو كەسانەی توێژینەوەیان لەسەر ئەم پرسە هەیە رایان وەربگیرێت، چونكە لەو بروایەدام ئەگەر لەهەندێك بابەتی وادا هەموو كەس ڕێ بەخۆێ بدات كەشارەزایی‌و باكگراوندێكی مێژووی‌و زانیاری وردی لەپشت نەبێت دەكەوێتە هەڵەوە‌و گفتگۆكانیش بەسوود نابن بۆ ئەو كەسانەی كەگوێان لێدەگرن‌و زانییاری هەڵە ولاواز دەگاتە وەرگرەكان.

ژیان: پلانتان هەیە لەداهاتوودا كاری زیاتر لەسەر كەیسەكانی ژنان بكەن؟ یان دەتانەوێت بابەتی دیكەش بكەنە كەرەستەی كاركردنتان لەسینەمادا؟

ژینۆ هادی: پلانم هەیە كاری نوێ بكەم بەڵام وا بە زوویی نا، بەڵی رەنگە لەسەر پرسی ژن كار بكەم وەك پرسێكی جیهانی كەمێژوو‌و ڕەگێكی قۆڵی هەیە بەڕێژەی جیاواز لەسەرجەم كۆمەڵگەكاندا، بەڵام شێوەیەك لەكاركردن كەلایەنگیری تیادا نەبێت، بەڵكو واقعیانە خوێندنەوە بۆ كەیسەكان بكرێت‌و بەتەنها هەم ژن وەك كاراكتەرێكی قوربانی پیشان نەدرێت هەمیش تەنها فۆكەس لەسەر پیشان دانی كێشەكان نەبێت، بەڵكۆ بەدیوێكی تردا قسەیەكی جیاواز لەسەر پرسەكە بكرێت‌و چارەسەرێك بخرێتەڕوو، كەلەكۆتاییدا كاریگەریەك لەسەر بینەرەكان دابنرێت كەبیركردنەوەیەكی جیاوازی لا دروست بكات.