ژیان: B.B.C و، عەدنان نیلوفەڕی
دواجار ئەو تیرۆریستە گەورەیەی هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردبوو، كوژرا، ئەبوبەكر - ئیبراهیم عەواد تكریتی، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لەقورئانناسیو ڕێبەری داعشو یەكەم كەسی ئەم دواییەی بیری داعشگەرا، تڕەمپ زۆر بەخۆشحاڵییەوە ئەم هەواڵەی بەجیهان ڕاگەیاند، بەڵام تەواوی وڵاتان ئەوەیان گوت كەهەواڵەكە ڕاستە جۆرێك لەدڵخۆشی پێوەیە، بەڵام هۆشداری ئەوەیشمان پێویستە كەمردنی ئەبوبەكر بەغدادی، مانای كۆتایی داعش نییە،و بەڵكو بیری توندی داعشێتی بەئێستایشەوە گەورەترین مەترسییە لەسەر ئاسایشی هەموو جیهان.
(عەبدولكەریم عومەر) بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرێتی خۆسەر لەباكورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، سەبارەت بەچارەنووسی نادیاری ئەم پاشماوانەی داعش، كەلەدوای خەلیفەكەیان بەجێماون گوتی: دوای هێرشەكان بۆسەر باهۆز وەك دواپێگەی تیرۆریستانی داعش ئێمە بەرەو ئەوە ڕۆیشتین كەڕایبگەیەنین ئەوەتا داعشمان لەدوا مۆڵگەی خۆیدا تێكوپێك شكاند،و لەڕووی جوگرافیاوە كۆتاییمان بەم ڕێكخراوە مەترسیدارە هێنا، بەڕاستی ئەمە تائێرە سەركەوتنی سەربازیو جوگرافیاییە، كەبەسەر دەوڵەتەكەی داعشدا بەدەستمان هێناوە،و تەنانەت بەمەرگی ئەبوبەكر بەغدادیشەوە، بەڵام بێگومان ئەمە بەمانای كۆتایی تەواوەتی داعشو تیرۆر نییە،و ئەو بیرە توندئاژۆیەی داعش كەلەو ناوچەكەیەدا بڵاوبۆتەوە كەپێشتر لەژێردەستی داعشدا بووە، ئەمە ئەو فۆبیایەیە كەبەچەك چارەسەر ناكرێت.
مردنی ئەبوبەكر بەغدادی ڕاستە گورزێكە لەداعش، بەڵام ناشاردرێتەوە كەداعش لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیا دامەزراوە
كەواتە مەترسی داعشو خێزانەكانیان لەناوچەكەدا هەر دەمێنێتەوە، وە بەبڕوای ئێمە داعشو تیرۆر كۆتاییان نایەت ئەگەر چارەسەرێكی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا نەدۆزرێتەوە، كەهەر ئەمەیش وایكرد ئەم ناوچەیە ببێتە ژینگەیەكی لەبار بۆ سەرهەڵدانو نەشونماكردنی تیرۆر، وە تا ئەم قەیرانە چارەسەر نەكرێت، مەترسییەكە هەر بەردەوام دەبێت، وە ئەو بڕوای خۆیی وادەربڕی كەئەو كاتە دەكرێت سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر داعشو تیرۆردا ڕابگەیەنرێت كەئەو قەیرانە لەسوریا چارەسەر بكرێتو دەست بكرێت بەبنیاتنانی سوریایەكی نوێی دیموكراتی وەك نیشتیمانێكی هاوبەش بۆ هەموو سورییەكان، ئەو كاتە دەتوانین زاڵ ببین بەسەر هزری تێرۆرداو كۆتایی بەبیری توندئاژۆییو داعشگەرا بهێنین.
بێگومان پاشماوەكانی داعشو ئەم بیرە توندئاژۆیە مایەی مەترسییەكی گەورەیە،و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیو بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا – بەڕێكخراوەكانو حكومەتەكانیانەوە- لەم بەرپرسیارێتییە ڕادەكەن، بەبیانووی ئەوەی ئەم داعشانەو هاوسەرو منداڵەكانیان هۆكاری مەترسین بۆسەر وڵاتو كۆمەڵگەكانیان، بۆیان ڕەتیان كردۆتەوە وەریانبگرنەوە،و ئەم ڕەتكردنەوەیەی ئەوان دواجار نابێتە هۆی دووركەوتنەوەی تیرۆر لێیان، بەڵگەیش بۆ ئەمە ئەوەیە كاتێك ئەم ڕێكخراوە تیرۆریستییە لەعێراقو سوریا سەریهەڵدا، ئەو وڵاتانە هاتنو بەرەنگاری مەترسییەكانی داعش بوونەوە بەوەی كەهاوپەیمانێتییان دژ بەداعش ڕایاگەیاند،و دەرەنجام هاوپەیمانی ئێمە لەگەڵ ئەواندا پێكەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییە هاوبەشە بوویە هۆكاری لەناوچوونی ئەو گروپەو كاریگەری پۆزەتیفی ئەمەیش بۆ هەردوولامان دەركەوت.

مەترسی داعشو خێزانەكانیان لەناوچەكەدا هەر دەمێنێتەو

ە


گرفتی خێزانو ژنو منداڵەكانی داعشو گیراوەكانیان لێكەوتەی خودی ئاژاوەكانی ئەم گروپەیە لەناوچەكەدا، بەڵام لەهەمان كاتدا بوونەتە مایەی مەترسی بۆسەر ئێمەیشو تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، ئەمەیش بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی گیراوانی داعشەوە كەلەزیندانەكانی ئێمەدان هاتۆتە ئاراوە، بەتایبەتی كەئەم ناوچەیەی ئێمە نەلەڕووی سیاسییەوەو نە لەڕووی سەربازییەوە ئارامو جێگیر نییە،و تا قەیرانی سوریا بەردەوام بێت ئەوا شەڕو ماڵوێرانیش هەر بەردەوام دەبێت، سەرەڕای ئەوەیش كەئێمە دوچاری مەترسی توركیایش بووینەتەوە كەماوەیەكی زۆرە هێرشی كردۆتە سەر ناوچەكانمان، وە هەروەها مەترسی تریش لەشوێنی تریشەوە بوونیان هەیە، بەمانایەكی ڕونتر بڵێم هاتنی ئەم هێرشە بۆ سەر ناوچەكانمان،و بەرپاكردنی ئەم شەڕە دژ بەئێمە، دەبێتە مایەی دروستبوونەوەی هەلو بوار بۆ داعشەكان، تا لەزیندانەكان ڕابكەنو دیسانەوە ببنەوە بەمایەی هەڕەشە لەسەر ئێمەو تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی،و سەرلەنوێ هەوڵ دەدەنەوە كەڕێكخراوە تیرۆریستییەكەیان زیندوو بكەنەوەو برەو بدەنەوە بەبیرە توندئاژۆكەی خۆیان،و دواجار ڕیزەكانی خۆیان ڕێكبخەنەوە،و ببنەوە بەمایەی مەترسی بۆسەر تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی،و تەنانەت ئەو وڵاتانەیشی كەلێوەی هاتوون.
دواجار مردنی ئەبوبەكر بەغدادی ڕاستە گورزێكە لەداعش، بەڵام ئەوەیش ناشاردرێتەوە كەداعش لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیا دامەزراوە، ئایدۆلۆژیایش زۆر وابەستە نییە بەكەسێكەوە، بۆیە ڕۆژانی ئایندە دەیسەلمێنن، ئەگەر (عەبدوڵڵا قەرداش)ـی، توركمانی تەلەعفەری جێگای بەغدادی گرتەوە، كەچ لێشاوێكی تری خۆڕێكخستنەوانەی توندئاژۆیانە بەرۆك بەناوچەكە دەگرێت، كورد هاوكاری ئەمریكای لەم كردەوەیەدا كردووەو تڕەمپ دانی بەمەدا نا، بەڵام وەك مەڕ لەبەردەستی توركیادا جێی هێشتوون،و زۆر بێ ئەمەكانە پشتگوێی خستوون،و لەو لایشەوە تڕەمپ لەتویتە سەیرەكانیدا سوپاسی ڕوسیای كرد كەبۆ كوشتنی بەغدادی هاوكاریان بووە، بەڵام كرملن بەفەرمی ئەوەی ڕەتكردەوە كەئاگایان لەو پڕۆسەیە - نە پێشوەختو نە پاشوەخت- هەبووبێت!