یەكێتی ئەوروپا لەسەر خۆپیشاندانەكانی عێراق هاتەدەنگ


ژیان:

بەرپرسی كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا ڕایدەگەیەنێت، بەكارهێنانی هێزی لەڕادەبەدەر دژ بە خۆپیشاندەران لە عێراق جێگای قبوڵ نیە، دەشڵێت پێویستە ڕێز  لە مافە بنەڕەتییەكانی گەلی عیراق لە گردبوونەوە و داواكردنی مافەكان بەپێی دەستوری وڵاتەكە، بگیرێت.

فیدیریکا مۆگرینی، بەپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: سەرەڕای چەند جار ئاگادارکردنەوە، خەڵکێکی زۆر گیانی لەدەستداوە و برینداربوون، موڵکی تایبەت و گشتی وێرانکراون، بەکارهێنانی هێزێکی زۆر بەرامبەر بە خۆپیشاندەران زیانی زۆری دەبێت و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانە کە بیانەوێت بە ئاشتیانە پەیامەکانیان دەربڕن و بەگوێرەی دەستوور داوای مافەکانیان بکەن.

دەشڵێت:  بەكارهێنانی هێزی لە ڕادەبەدەر دژ بە خۆپیشاندەران مایەی نیگەرانییە، هەواڵەكانی تایبەت بە هێرشی چەكدارانيش بۆسەر خۆپیشاندەران، مافی گردبوونەوەی ئاشتیانە و ڕادەربڕین و داواكاردنی مافە ڕەواكان، پێشێل دەكات.

یەکێتی ئەوروپا داوا دەکات سەرپێچیکاران لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و پشتیوانی خۆشیان بۆ یەکێتی خاکی عێراق و پاراستنی سەروەری عێراق دوپات کردووەتەوە.