وەزیرى خوێندنى باڵا: ڕێنماییەکانى ماستەر و دکتۆرا، هەلی فراوانی خوێندنن بۆ پێشکەشکاران


ژیان:
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی خوێندنی باڵا، فاکتەری سەرەکی بنیادنانی ئابوریەکی گەشەکردو و سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەقامگیرە.

ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەمە لە ڕێوڕەسمى دەرچوانى خولى بیست و چوارەمى زانکۆى دهۆک پێشکەشى کردو رایگەیاند" کارمان کردوە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی خوێندن و توێژینەوەی زانستی لە زانکۆکانمان و لەهەوڵیشداین بۆ ڕەخساندنى دەرفەتی خوێندنی زیاتر بۆ گەنجانەکانمان".

 سەبارەت بە روئیاو پلانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ گەشەپێدانى کەرتى خوێندنى باڵا،  وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند" باوەڕمان وایە کە وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی خوێندنی باڵا فاکتەری سەرەکی بنیادنانی ئابوریەکی گەشەکردو و کۆمەڵگەیەکی ئارام و سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەقامگیرە، هەر بۆ ئەمەشە کار بۆ بەرزکردنەوەی کواڵێتی خوێندن و فێرکردن و توێژینەوەی زانستی لە زانکۆکانمان دەکەین، هەوڵیش دەدەین دەرفەتی خوێندنی زیاتر بۆ گەنجانى وڵاتەکەمان بڕەخسێنین".

ئاماژەی بەوەشکرد" ڕێنماییە نوێیەکانى خوێندنى باڵاى ماستەرو دکتۆرا بە ئاراستەی فروانکردنی هەلی خوێندن و ئاسانکاری لە پرۆسەی پێشکەشکردن داڕێژراون، بە پێی ڕێنماییە نوێیەکان ئێوەی دەرچوانی ئەمساڵی زانکۆکانی کوردستان ئەوانەی هیشتا دانەمەزراون دەتوانن داواکاری بۆ خوێندنی ماستەر پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی بتوانن کاتەکانیان بەکار بهێنن بۆ گەشەپێدانی لایەنی ئەکادیمی تواناکانتان".