فیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵی فیلمی ئێران لە لەندەن خەڵاتکرا


ژیان:
فیلمی کوردی "زاگرۆس" لە دەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ئێران لە لەندەن، خەڵاتی بینەرانی وەک باشترین فیلم وەرگرت. 

ئەو بەرهەمە سینەماییە لە بەشی فیلمە نێودەوڵەتییەکاندا بەشداربوو و توانی لەسەر ئاستی هەردوو بەشی فیلمە نێودەوڵەتییەکان و فیلمە ئێرانییەکان خەڵاتی بینەران بەدەستبێنێت. 

فیلمی درێژی سینەمایی (زاگرۆس) نۆ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا. 

لە ١٧ ئابی ئەمساڵ، سەهیم عومەر خەلیفە، لە رێورەسمێکدا لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی سینەما و شانۆی عێراق لە بەغدا رێزی لێنرا و خەڵاتکرا.

ئەو سینەماکارە دوو فیلمی گەیشتوونەتە قۆناخی پێش کۆتایی خەڵاتەکانی ئۆسکار وەک باشترین کورتەفیلم، کە لە کورتەلیستی 15 و 10 کورتەفیلمە کاندیدکراوەکاندا بوونە بۆ خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی ئۆسکار.

ئەو دەرهێنەرە کوردە پێشتر لەرێگەی کورتەفیلمی(میسی بەغداد)، (وڵاتی پاڵەوانان) و (نێچیرڤانی خراپ)، زیاتر لە سەد خەڵاتی وەرگرتوونە.

بەهۆی وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵات، ئەو دەرهێنەرە توانی ریکۆردی وەرگرتنی زۆرترین خەڵات وەک سینەماکارێک لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و بەلجیکا تۆماربکات.

(میسیی بەغدا) باس لە منداڵێک دەکات کە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزان لیۆنێل مێسییە.

سەهیم عومەر سەرقاڵی ئەوەیە کورتەفیلمی (میسی بەغدا) وەک فیلمێکی سینەمایی بەرهەمبێنێت و لە شوباتی 2020 کاری وێنەگرتنی دەستپێدەکات.