سەرکەوت شەمسەدین: مەسرور بارزانی راستیەکان دەشێوێنێت


ژیان:

سەرۆکی فراکسیۆنی ئایندە، لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێم راستیەکان دەشێوێنێت، دەشڵێت"دەبێ راستگۆیانە بە خەڵکی کوردستان بڵێ کە ئەو حکومەتە بەهێزەی باسی دەکرس هیچ نەبوو جگە لە بانگەشەیەکی هەڵبژاردن".

سەرکەوت شەمسەدین، سەرۆکی فراکسیۆنی ئایندە لە پەرلەمانی عێراق لە نوسێنێکدا بڵاویکردوەتەوە و دەڵێت"لە دیداری مێری لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم چەندین راستی ئاوەژوکردەوە و ئامادەنەبوو دان بە شکستی کابینەی پێشوی حکومەتی هەرێم دا بنێ لە ئیدارەدانی مەلەفی نەوت کە خۆی رەخنەی جدی لێی هەبوو پێشتر، بەتایبەت مەلەفی نەوت".

دەشڵێت" لە دیدارەکەدا مەسرور بارزانی دەڵێ "حکومەتی هەرێم ساڵی  ۲٠۱٤ ناچاربووە خۆی نەوتەکە بفرۆشێ چونکە عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی بری." کە ئەمە سەرلەبەری هەڵەیە".

ئە پەرلەمانتارە ئاماژەبەوەشدەکات" هەناردەی نەوتی هەێم بەشێوەی سەربەخۆ لە ساڵی ۲٠۱۲ ەوە دەستیپێکردوە و لە ۲٠۱۳ بەتەواوی چوە بواری جێبەجێکردنەوە، نەک ساڵی ۲٠۱٤، بەندە بەشداری چەندین کۆبونەوە و دانیشتنی شاندی ئەمریکی بووم لەگەڵ بارزانی و بەرپرسانی تری پارتی لەسەر ئەم گرفتە".

دەشڵێت" تەنانەت لەپرۆژە یاسای بودجەی ۲٠۱٤ پەرلەمانی عێراق بەردەوام بوو لە ناردنی ۱۷٪ بۆ هەرێم بەڵام بە مەرجی ئەوەی هەرێمی کوردستان نەوتەکەی (۲٥٠) بەرمیل لەرێگەی سۆمۆ وە بفرۆشێت". 

"مەسرور بارزانی ئێستاش دوای دەستبەکاربونی وەک سەرۆکی حکومەت هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ چارەسەری قەیرانی موچە و مەلەفی نەوت، شکستی هێنا لەوەی لایەنە عێراقی یەکان، بە حکومەت و پەرلەمانەوە، رازیبکات تەنانەت لەگەڵی کۆببنەوە لە هەولێر، دانوستانەکانی نێوانیان بەتەواوی شکستی هێنا" سەرکەوت شەمسەدین وا دەڵێت. 

ناوبراو نوسیویەتی"بۆیە دەبێ راستگۆیانە بە خەڵکی کوردستان بڵێ کە ئەو حکومەتە بەهێزەی باسی دەکرس هیچ نەبوو جگە لە بانگەشەیەکی هەڵبژاردن، ئەگەر نەرمی نواندنی عەبدولمەهدی و فشارەکانی دەرەوە و هەوڵی لۆبیکردنی ئێمە و هاورێکانمان نەبوایە ئەو زۆر لەوە کەمتواناترە بتوانێت کێشەی موچە چارەسەر بکات".