حیزبوڵا؛ مشێری ئێران لەگەردنی لوبنان


ژیان: بەرزانی مەلا تەها

"ئێمە (حیزبوڵا) نەوەی ئوممەتێكین، كەلەئێرانەوە، خوای گەورە پێشەنگ‌و رێبەرانی ئەم ئوممەتەی سەرخست‌و سەرلەنوێ ناوكی دەوڵەتی ناوەندیی ئیسلامیی لەجیهاندا دامەزراندەوە. ئێمە بەفەرمانەكانی یەك رێبەرایەتیی داناو دادپەروەرەوە پابەندین، كەخۆی لەوەلی فەقیهێكدا دەبینێتەوە، كەتەواوی مەرجەكانی تێدابێت، ئەمێستا لەئایەتوڵا روحوڵا موسەوی خومەینیدا بەرجەستەبووە، كەهەڵایسێنەری شۆڕشی مسوڵمانان‌و زیندووكەرەوەی رابوونە شكۆدارەكەیانە". (بەیاننامەی دامەزراندنی حیزبوڵا).

 "ئێمە شۆڕشەكەمان ئاودیوی تەواوی جیهان دەكەین، چونكە شۆڕشەكەمان ئیسلامییە، هەتا دەنگوسەدای دروشمی (لا الە الا الله، محمد رسول الله) بەتەواوی جیهان نەگات، جیهاد بەردەوام دەبێت، ئێمەش بەردەوام دەبین..."   (ئایەتوڵا خومەینی)

حیزبوڵای لوبنانیی، یەكێكە لەو رەوتە ئیسلامییە شیعەگەرایانەی، كەعەیامێكە لەجەرگەی لوبناندا‌و لەگەرمە جەنگی ناوخۆیی ئەم وڵاتەدا، بەپشتیوانیی ئێران دامەزرا، لەوساوە ئەم هێزە رادیكاڵە ئیسلامییە شیعەگەرایە بۆتە جێی باسوخواسی گەرموگوڕ لەجیهانی ئیسلامیی‌و عەرەبیدا، چونكە هێزێكی لەمشێوەیە لەسەر ئاستی ناوچەكە، كاریگەریی مەزهەبیی، سیاسیی‌و چەكداریی هەیە، لەسەر ئاستی مەزهەبیی، درێژكراوەی ئیسلامی بزاڤگەریی شیعەیە، كەبڕوای بەدامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامیی هەیەو مەبدەئی "ویلایەتی فەقیه" بەشێكی دانەبڕاوو سەرەكیی بیروبڕوا مەزهەبییەكانیەتی. لەسەر ئاستی سیاسیی، هێزێكی سیاسیی كاریگەرەو لەرێگەی پارلەمان‌و سیستمی سیاسیی لوبنانەوە، كار بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەو ستراتیجی سیاسیی خۆی دەكات. لەسەر چەكداریی، هێزێكی رادیكاڵی تونددەمارەو بۆتە هێزێكی كاریگەری ئەوتۆیە، كەلەسەر ئاستی ناوخۆو ناوچەكە حسێبی بۆ دەكرێت، لەلایەكی تریشەوە، لەبەرامبەر ئیسرائیلدا بۆ چەندینجار ئامبازی یەكتربوون‌و شەڕی توند لەنێوانیادا قەوماوە. لەهەموو ئەمانەش گرنگتر، حیزبوڵا، لەماوەی ساڵانی 1985-2000دا هەنگاوی گەورەی نا بەئاڕاستەی رزگاركردنەوەی باشووری لوبنان. پاشان، ئەم هێزە رۆژ بەرۆژ، لەسەرجەم ئاستەكاندا رۆڵ‌و كاریگەریی بەرچاوو هەستپێكراوی لەلوبنان‌و ناوچەكەدا هەیە. هەروەها ئێران گەورەترین كاریگەریی هەبووە لەسەر دامەزرانی حیزبوڵاو بەتەواویی لەدەركەوتنیەوە لەسەر ئاستەكاندا پاڵپشتی لەگەشەسەندنی دەكات، هەر بۆیە لەبەیاننامەی دامەزرانی حیزبوڵادا رۆڵی ئیلهامبەخشی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەرێبەرایەتیی (ئایەتوڵا خومەینی) نەشاردراوەتەوە، لەبەیاننامەكەدا هاتووە: "ئێمە(حیزبوڵا) نەوەی ئوممەتێكین، كەلەئێرانەوە، خوای گەورە پێشەنگ‌و رێبەرانی ئەم ئوممەتەی سەرخست‌و سەرلەنوێ ناوكی دەوڵەتی ناوەندیی ئیسلامیی لەجیهاندا دامەزراندەوە.. ئێمە بەفەرمانەكانی یەك رێبەرایەتیی داناو دادپەروەرەوە پابەندین، كەخۆی لەوەلی فەقیهێكدا دەبینێتەوە، كەتەواوی مەرجەكانی تێدابێت، ئەمێستا لەئایەتوڵا روحوڵا موسەوی خومەینیدا بەرجەستەبووە، كەهەڵایسێنەری شۆڕشی مسوڵمانان‌و زیندووكەرەوەی رابوونە شكۆدارەكەیانە".

حیزبوڵای لوبنانیی هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە روویەكی بەرگریخوازیی‌و مقاوەمەتی ئیسلامیی پێشانداوە

لەروانگەی مێژووییەوە، لەحەفتاكانی سەدەی بیستەمەوە، جموجۆڵ‌و بزوتنێكی گەورەی ئیسلامیی لەلوبنان بەرەو پێكهاتنی ئیسلامی سیاسیی شیعە هەنگاوی دەنا، رۆحانییە شیعەگەراكان، لەمزگەوت‌و حوسەینییەكانەوە، كەوتبوونە چالاكیی‌و هەڵوێست نواندن لەسەرجەم ئاستەكاندا. بەتایبەت ئەو رۆحانییانەی، لەئێران‌و عێراقەوە چوونە لوبنان كاریگەریی گەورەیان لەسەر رەوتی مەزهەبیی لەوێ هەبوو. بەتایبەت لەناو ئەو رۆحانیانەدا هەریەك لە" ئایەتوڵا موسا سەدر، ئایەتوڵا محەمەد حوسێن فەزلوڵا، ئایەتوڵا محەمەد مەهدی شەمسەدین" كاریگەریی گەورەیان هەبوو لەسەر دروستبوون‌و پێكهێنانی رێكخراوو دامودەزگا ئیسلامییە شیعەكان. ئەوكات پارت‌و رێكخراوە كۆمۆنستیی‌و ناسیۆنالیستییەكان لەوڵاتانی عەرەبیی‌و لوبناندا بەهێزبوون، رۆحانییەكان توانییان وەرچەرخانی گەورە لەناو گەنجاندا دروست بكەن‌و هانیان بدەن بۆ چوونە رێكخراوە ئیسلامییەكان لەلوبنان، بەتایبەت "بزوتنەوەی ئەمەل، حیزبی كەتائیب، حیزبی نیشتیمانپەرەوەرە ئازادەكان". لەلایەكی ترەوە، دروستبوونی (حیزبی دەعوەی ئیسلامیی)‌و تێزەكانی (ئایەتوڵا محەمەد باقر سەدر)‌و چوونی رۆحانییەكانی شیعە لەعێراقەوە بۆ لوبنان هاریكاربوون بۆ هاندان‌و گەشەسەندنی تەوژمی ئیسلامیی سیاسیی شیعە لەم وڵاتەدا. بەڵام كاریگەرترین رووداو لەدەركەوتن‌و مەیینی بزاوتی ئیسلامیی لەلوبنان، سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی بوو لەئێران بەرێبەرایەتیی (ئایەتوڵا خومەینی)، هەروەها تێزی (ئاودیوكردنی شۆڕش) بۆ وڵاتانی ئیسلامیی، كەلەلایەن خومەینییەوە پێشنیاركرابوو، رۆڵی گرنگی هەبوو لەپەڕینەوەی ئیسلامیی بزاڤگەریی شیعە‌و تەشەنەسەندنی ناوكی ئیسلامی شۆڕشگێریی‌و رادیكاڵی لەناو شیعەكانی ناوچەكەدا.

ئایەتوڵا خومەینی: ئێمە شۆڕشەكەمان ئاودیوی تەواوی جیهان دەكەین، چونكە شۆڕشەكەمان ئیسلامییە

وەك ئاماژەمان پێدا، پێش دروستبوونی حیزبوڵا وەك رەوتێكی نوێی ئیسلامیی لەچوارچێوەی ئیسلامی بزاڤگەریی شیعەدا، رۆحانییەكان لەرووی فیكریی‌و عەقایدییەوە زەمینەخۆشكەربوون بۆ پێكهاتنی ئەم حیزبە ئیسلامییە، بەتایبەت ئایەتوڵا محەمەد جوسێن فەزلوڵا كاریگەریی مەزهەبیی‌و سیاسیی بەهێزی هەبوو، بەمشێوەیە لەساڵی 1982 ئەم رەوتە ئیسلامییە لەمناڵانی ئیسلامی بزاڤگەریی شیعەوە بەناوی "حیزبوڵا" دامەزرا، كەئایەتوڵا محەمەد حوسێن فەزلوڵا هاندەربووە بۆ هەڵبژاردنی ئەم ناوە ئیسلامییە، ناوبراو لەكتێبێكیدا بەناوی (الاسلام ومنگق القوە)دا چەمكی "حیزبوڵا"ی لەبەرامبەر "حیزبی شەیتان" بەكارهێناوە. دەستەی دامەزرێنەرانی حیزبوڵا بریتی بوون لە: "عەباس موسەوی، سوبحی توفەیلی، حەسەن نەسروڵا، محەمەد یەزبوك، ئیبراهیم ئەمین سەید". ئەم رێبەرایەتییە ئیسلامییەی حیزبوڵا روانگە فیكریی، عەقایدیی‌و  سیاسییەكانی حیزبوڵایان داڕشت‌و وەك هێزێكی ئیسلامیی‌و بەرگریخوازیی دژ بەئیسرائیل خۆیان نمایش كرد.

لەحەفتاكانی سەدەی بیستەمەوە، جموجۆڵی گەورەی ئیسلامیی لەلوبنان بەرەو پێكهاتنی ئیسلامی سیاسیی شیعە هەنگاوی دەنا

لەرووی رێكخراوەیی‌و ئۆرگانییەوە، ئایەتوڵا محەمەد حوسێن فەزڵوڵا بەدامەزرێنەرو باوكی رۆحیی ئیسلامی سیاسیی شیعە لەلوبنان دادەنرێت، بەوپێەی وەك بانگخوازێكی كاریگەر رۆڵی گرنگی هەبوو لەهاندان‌و پیشاندانی هاوسۆزیی بۆ ئەم رەوتە ئیسلامییە نوێیە، بەتایبەت لەماوەی ساڵانی 1982-1985. ئایەتوڵا سوبحی توفەیلی، یەكەم سكرتێری گشتیی حیزبوڵا بووەو لەماوەی ساڵانی 1989-1991 رێبەرایەتیی ئەم رێكخراوەی كردووە، پاشان عەباس موسەوی چۆتە شوێنی ناوبراوو لەساڵی 1992 لەلایەن ئیسرائیلەوە غافڵكوژكرا، لەدوای كوشتنی موسەوی، حەسەن نەسروڵا رێبەرایەتیی حیزبوڵا دەكات، كەكەسایەتییەكی بەهێزی هەیە.

لەپاش سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی لەئێران لەساڵی 1979 بەرێبەرایەتی ئایەتوڵا خومەینی، كەبە قەڵەمبازێكی گەورەی مێژوویی دادەنرێت بۆ ژیانەوەو سەرلەنوێ گێڕانەوەی هیوا بۆ رەوتە ئیسلامییە شیعەگەراكان. هەروەها باڵی مەزهەبیی لەئێران پشتیوانی خۆیان بۆ تەواوی هێزە ئیسلامییەكان لەجیهانی ئیسلامیی دەربڕی‌و هەڵوێستی خۆیان لەبەرامبەر رووداوەكانی ناوچەكەو جیهان خستەڕوو، بەتایبەت هەڵوێستیان بەرامبەر هێرش‌و پەلامارەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، بەتایبەت لەساڵی 1982 لەسەروبەندی شاڵاوەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ئێران كۆنگرەیەكی بۆ كەسایەتییە ئایینیی‌و مەزهەبییەكانی لوبنان رێكخست سەبارەت بەهەوڵەكانی ئیسرائیل بۆ داگیركردنی باشووری لوبنان، ئامانج لەم هەنگاوەی ئێران دەستێوەردان بوو لەرەوتی رووداوەكانی لوبنان، لەم پێناوەدا كۆماری ئیسلامیی ئێران شاندێكی سیاسیی‌و سەربازیی رەوانەی سوریا كرد، كەپێكهاتبوون لەوەزیری بەرگریی ئێران (عەقید سەلامی)و فەرماندەی سوپای پاسداران (موحسین رەزایی)، لایەنی ئێرانیی چاویان بەسەرۆكی سوریا (حافز ئەسەد) كەوت‌و گەیشتنە رێككەوتن، بەمپێیە رێگەی بەئێران دا لەرێی خاكی سوریاوە هێز رەوانەی لوبنان بكات، كەلە 1800 پاسداری سەر سوپای پاسداران پێكهاتبوون لەیەكەی (محەمەد رەسولوڵا)، لەوكاتەوە تا ئێستا ئێران پشتیوانییەكی گەورە لەحیزبوڵا دەكات‌و كارتێكی فشاری هەرێمیی ئێرانە بۆ جێبەجێكردنی هەوڵە پاوانخوازییەكانی لەناوچەكەدا، هەروەها سیاسەت‌و ستراتیجەكانی لەلوبنان لەرێگەی حیزبوڵاوە جێبەجێ دەكات‌و بۆتە خاڵێكی بەهێزی سیاسەتی دەرەوەی ئێران.

رۆحانییەكان لەرووی فیكریی‌و عەقایدییەوە زەمینەخۆشكەربوون بۆ پێكهاتنی ئەم حیزبە ئیسلامییە حیزبوڵا

حیزبوڵای لوبنانیی، هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە روویەكی بەرگریخوازیی‌و مقاوەمەتی ئیسلامیی پێشانداوەو رووە تایفیی‌و دەمارگیرییە مەزهەبییەكەی لەپشت ئەم رۆحە بەرگرییەوە حەشارداوە، چونكە حیزبوڵا بەدرێژایی جموجۆڵە چەكدارییەكانی لەلوبنان دژ بەهێزە ئیسرائیلییەكان لەهەشتاكانەوە تا پێكدادانەكانی ساڵی 2006، توانیویەتی لەرێگەی خۆتەقاندنەوەو بەئامانح گرتن‌و رفاندنی سەربازی ئیسرائیلی، هاوسۆزییەكی گەورەی جەماوەریی لەناوخۆی لوبنان‌و شەقامی عەرەبیی دروستبكات، بەڵام بەهەڵایسانی شۆڕشی سوورییەكان دژ بەبەشار ئەسەد، كەشیعە مەزهەبن، حیزبوڵا لەچوارچێوەی دەمارگیریی مەزهەبیی‌و تایفەگەرییەوە‌و بەئەجێندای ئێرانییەوە دایە پاڵ بەشار ئەسەد، بەم هەنگاوەش، حیزبوڵا كاریگەرییە سیاسیی‌و سەربازییەكانی چووە دەرەوەی لوبنان‌و بەشدارییەكی بەهێزی كرد لەیەكلاكردنەوەی ململانێ چەكدارییەكانی نێوان سوپای سوریاو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكان، هەر لەم چوارچێوەیەدا، چەكدارانی حیزبوڵا بەتوندی كەوتنە پەرماردانی داعش دوورخستنەوەی مەترسییەكانی ئەم هێزە بۆ سەر هەژموونیان لەلوبنان، ئەم هەنگاوانەی حیزبوڵا بەپشتیوانیی ئێران، قەبارەی كاریگەریی  مەزهەبیی، سیاسیی‌و چەكداریی ئەم هێزە دەرەخات لەرووداوە ناوخۆییەكانی لوبنان‌و دەرخەری ئەو راستییەیە، كەحیزبوڵا شمشێری بەهێزی دەستی ئێرانە بۆ جێبەجێكردنی سیاسەت‌و ستراتیجە مەزهەبیی‌و سیاسییەكانی لەناوچەكەدا، هەمیشە سكرتێری گشتیی حیزبوڵا (حەسەن نەسروڵا) پێداگریی لەسەر كاریگەرییەكانی ئێران دەكات‌و بەئاشكراو بێپەردە پاڵپشتی لەرێبەرایەتیی‌و كۆمەكە دارایی‌و سەربازییەكانی رێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئایەتوڵا خامنەیی دەكات.