ئیلهام ئەحمەد لەبارەی داعشەوە هۆشداری دەداتە یەکێتی ئەوروپا

شەپۆلە داعشییەکان بەرەو کوێ دەڕۆن؟
ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات

ژیان:

سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات هۆشداری دەداتە یەکێتی ئەوروپا و ڕایدەگەیەنێت: چاوەڕێی سەپۆلێکی نوێی چەکدارانی داعش بن.

ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات ڕایگەیاندووە، پێویستە ئەوروپا دوو هەزار سەرباز بۆ پاراستنی سنووری تورکیا و سووریا بنێرن و ڕێگری لە پەڕینەوەی چەکدارانی داعش بکەن، بەوپێیەی مەترسی بڵاوبوونەوەیان لە پلەیەکی بەرزدایە.

ناوبراو ئاشکراشی کردووە: یەکێتیی ئەوروپا ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە چەکدارانی داعش دەبێتەوە ئەگەر بە شێوەیەکی توندتر مامەڵە لەگەڵ تورکیادا نەکات.

ئیلهام ئەحمەد ڕەخنەی توند لە ئەمریکا دەگرێت و دەڵێت: هەڕەشەکە زۆر گەورەیە بەهۆی کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا، چونکە بووە هۆی ئەوەی زۆر لە چەکدارانی داعش هەڵبێن و بەرەو وڵاتەکانیان بگەڕێنەوە.

ئەو بەرپرسە کوردە ڕوو لە یەکێتی ئەوروپا دەکات و داوایان لێدەکات، فرۆشتنی چەک بە تورکیا ڕابگرن، دەشڵێت: گەلی کورد بە چەکی ئەوروپیەکان دەکوژرێن.