نەخۆشی گرژبوونی میزڵدان چییە؟


ژیان: ئیسرا زگار

نەخۆشی زیادە گرژبوونی میزڵدان، جۆرە گرفتێكی تەندروستیە دووچاری میزڵدان دەبێتەوە ئەمەش زۆرجار دەبێتە كێشە لەژیانی رۆژانەی كەسی تووشبودا، ئەم حاڵەتە بەزۆری لەئافرەتاندا هەیەو لەتەمەنی سەروو پەنجا ساڵیەوە زیاتر روودەدات، هەروەها دوچاری پیاوان‌و گەنجان‌و منداڵانیش دەبێتەوە.

 كاوە فقێ‌ رەحیم، پسپۆڕی نەشتەرگەری كۆئەندامی میزەڕۆ بۆ ژیان نیشانەكانی زیاد گرژبونی میزڵدان باس دەكات‌و دەڵێت "كەسی توشبوو زوو زوو میزی دێتەوە، زۆر جار پەلە پەلی پێدەكەوێت‌و زۆری بۆ دێت، ئەگەر لەكاتی خۆیدا نەگات لەوانەیە میز بەخۆیدابكات.

زۆرجار نەخۆشەكە شەوان چەند جارێك لەخەو هەڵدەستێ بۆ میزكردن، بەڵام سوتانەوەو ئازاری نیە لەكاتی میزكردنداو ئەم نەخۆشییە یەكێكە لەهۆكارەكانی میزڕانەگرتن، هەروەها بەخۆداكردنی میز لەمنداڵان لەشەودا، كەسێكی ئاسایی رۆژانە چوار بۆ شەش جار میزدەكات، بەڵام ئەو كەسانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیە زۆر زیاتر دەچنە سەرئاو نزیكەی پانزەجار".

دكتۆر كاوە هۆكارەكانی تووش بوون بەنەخۆشی زیادە گرژبوون میزڵدان روون دەكاتەوەو باس لەوەدەكات كەهۆكاری سەرەكی زیادە گرژبونی میزڵدان تاوەكو ئێستا روون نیەو بەتەواوی دیاری نەكراوە، بەڵام دەكرێت لەدووخاڵ باسی بكەین:

جۆری یەكەم: هۆكارەكەی دەروونییە، واتا كەسەكە هیچ نەخۆشییەكی میزڵدانی نیە، بەڵام واهەستدەكات كەمیزی زۆری پێیەو دەبێت زووزوو بچێت بۆ سەرئاو(WC) ئەم كەسە زۆر خەیاڵی لای میزكردنەو خووی پێوەگرتووە، هەركات دەچێتە دەرەوە زیاتر بیری لای ئەوەیە چۆن خۆی بگەینتە تەوالێت.

وازهێنان لەجگەرەكێشان‌و دابەزاندنی كێش‌و كەمكردنەوەی ئەو خواردنەوانەی مادەی كافاینی زۆریان تێدایە چارەسەری نەخۆشیەكەیە

جۆری دووەم: گرژبوونی ماسولكەی دیواری میزڵدانە، كەپێش وەقت گرژدەبێت‌و نەخۆشەكە ناچاردەكات خێرا بچێتە تەوالێت. كەسێكی ئاسایی 400-500 س س میز لەمیزڵدانیدا بێت ئینجا هەستدەكات ئەبێ‌ میزبكات ، بەڵام كەسی نەخۆش ئەگەر 100-200 س س میزی پێبێت ئەبێ‌ خێرا بچێتە تەوالێت.

ئەم پزیشكە تایبەت بەدەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە ئاماژەی بەوە كرد، دەبێت دكتۆر نەخۆشەكە ببینێت‌و لەنزیكەوە پرسیاری تەواوی لێبكات سەبارەت بەنیشانەكانی نەخۆشیەكە پاشان نەخۆشەكە پشكنینی جەستەی بۆ بكرێت.

تایبەت بەجۆری پشكنینەكان دكتۆر كاوە چوار خاڵ باس دەكات‌و دەڵێت: 

1-شیكاری‌و پشكنینی میز بۆئەوەی دڵنیابێت كەنەخۆشەكە هەوكردنی میزڵدانی نیە.

2-سۆنەری میزڵدان‌و گورچیلەكان بۆئەوەی دڵنیابێت كەنەخۆشەكە كێشەی بەردی گورچیلەو میزڵدانی نیە.

3-نازوری میزڵدان ئەگەر میزی نەخۆشەكە خوێنی تێدا بوو، چوونكە هەندێ‌ جار شێرپەنجەی میزەڵدان هەمان نیشانەی هەیە. 

4-هێلكاری میزەڵدان لەهەندێ‌ نەخۆشدا پێویستە بەتایبەت ئەگەر نەخۆشەكە پێویستی كرد نەشتەرگەری بۆ بكرێت.

چارەسەركردنی نەخۆشی گرژبوونی میزڵدان سەرەتا گۆڕینی شێوازی ژیانی نەخۆشەكە وەك وازهێنان لەجگەرەكێشان‌و دابەزاندنی كێش‌و كەمكردنەوەی ئەو خواردنەوانەی مادەی كافاین یان زۆری تێدایە وەك چا، قاوە، نسكافە، نەستەلەو خواردنەوە غازیییەكان، هەروەها كەمكردنەوە خواردنی توون‌و كەم خواردنەوەی ئاوو شلەمەنی لەشەواندا.

هەروەها راهێنانەوەوی میزڵدان بەوەی كەنەخۆش بتوانێت خۆی دوابخات‌و راستەوخۆ نەچێت بۆ تەوالێت كاتێك هەست دەكات میزی دێتەوە. بەكارهێنانی ئەو دەرمانانەی كەدەبنە هۆی هێور كردنەوەی گرژی دیواری میزڵدان لەگەڵ لێدانی دەرزی بۆتۆكس لەناو پۆشایی میزەڵدان ئەگەر نەخۆشەكە بەچارەسەرەكانی سەرەوە باش نەبوو.