دوو کۆڵبەر بەبرینداری گەیەندرانە نەخۆشخانە قەڵادزێ

کۆڵبەرانی کورد

ژیان:

دوو کۆڵبەری کورد بەهۆی برینداربوونیان لە سنوورەکانی سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیەندرانە نەخۆشخانەی قەڵادزێ.

هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٩-١١-٢٠١٩، دوو کۆڵبەری کورد بە دەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران درانە بەر دەستڕێژی گولە و بەسەختی بریندار بوون.

ناسنامەی دوو کۆڵبەرە کوردەکە، "سیامەند محەمەد عەبدوڵا" ی ١٩ ساڵ و "سیروان حسێن عەبدوڵا"ی ٢٥ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، ئەو دوو کۆڵبەرە سک و لاقیان پێکراوە بۆ ناوەندە دەرمانیەکانی شاری قەڵادزێ سەر بە پارێزگای سلێمانی هەرێمی کوردستان گوازراونەتەوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتایی وەرزی پاییزەوە ٧ کۆڵبەر لە سنورەکانی کوردستان کوژراون و ٢٠ کۆڵبەری دیکە بریندار بوون.