ئەدەبیاتی سلێمانی‌و مۆسیقای سنە

سلێمانی

 ژیان: دانا ئەحمەد

31 ی ئۆكتۆبەری هەموو ساڵێك لەلایەن دامەزراوەی نەتەوە یەكگرتوەكان وەك ڕۆژی جیهانی شار(World Cities Day) دەستنیشانكراوە. رێكخراوی یونسكۆی (UNESCO) سەر بەنەتەوە یەكگرتوەكان كەگرنگی بەپەروەردە، زانست‌و كەلتور دەدات ساڵانە لەلیستێكدا ناوی ئەو شارانە بڵاو دەكاتەوە كەجوڵەكانیان بەئاراستەی داهێنان دەنێن. 

 بەلای یونسكۆوە ئەو داهێنانانەی كەشار لەبوونێكی پاسیڤەوە دەگۆرن بۆ ناوێكی جیهانی بریتیین لەجوڵە‌و داهێنان لەبوارەكانی میوزیك، هونەر‌و كلتور، نەخشەسازی، سینەما،ئەدەب، هونەری دیجیتاڵی‌و چێشتلێنان.

‌گۆڕینی جیهان‌ ئەو ناونیشانە بوو، كەیونسكۆ بەو شارانەی بەخشی  كەلەساڵی 2019 ناویان لەلیستی شارە جیهانییەكان  جێگیركرابوو، جوڵەی شارەكانیش وەك داهێنان هێنایە ناساندن. 66 شار لەبوارە جیاوازەكانی رۆشنگەری لەسەرانسەری جیهان، جوڵەكانیان وەك داهێنان‌و كاری جیهانی پەسەندكران، بەمەش ژمارەی شارە جیهانییەكان لەتۆڕی بەرهەمداری‌و داهێنان بوون بە246 شار بەدرێژایی میژووی دەستنیشانكاریەكە.

بوونی ناوی شاری كوردی لەم پۆلێنە جیهانییەدا شوناسێكی تازەیە بەكەسێتی كورد

سلێمانی وەك شارێك بۆ داهێنان‌و جوڵەی ئەدەبیی، ناوێك بوو لەناوی ئەو نۆ شارەی كەلەلیستەكەی یونسكۆدا وەك یەكێك لەشارە جیهانییەكانی ئەدەبیات لەگەڵا ناوی شارەكانی ئەنگۆلێمی فەرەنسی، بەیروتی لوبنانی، ئێگستەری ئیرلەندای باكور، كوهومی فیلەندی، لاهۆری پاكستانی، نانجینگی چینی، ئۆدێسای ئۆكرانی‌و وانجوی كۆریای باشور دەستنیشانكرا. پێشتریش ئەو ڕەوتە فەرهەنگییەی كەلەسلێمانی درێژەی هەیە وایكر ، لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی كوردستانەوە ئەو شارە بەپایتەختی ڕۆشنبیری كوردستان دانیپێدابنرێت. شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەگەشەی میوزیك یەكێكە لەو شارانەی كەلەلایەن یونسكۆوە لەلیستەكەدا ناوی وەك شارە داهێنەرەكانی جیهان جێگیربكرێت. 

بە تێڕوانینی فۆكۆ، شار دەسەڵاتێكی بەرهەمهینە، هەبوونی ناوی شاری كوردی لەم پۆلێنە جیهانییەدا ئەگەر بەجیهانی بوونی ئەدەب‌و مۆسیقای كوردیشی لێنەكەوێتەوە، شوناسێكی تازەیە بەكەسێتی كورد كەلەم دەیەی ئێستا زیاتر وەك شەرڤانیك دێتە ناسین.