مستەفا چاوڕەش دوایین ئامادەکارییەکانی کۆنگرە بۆ ژیان ئاشکرا دەکات

ئایا کۆنگرەی یەکێتی دوادەکەوێت؟
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی

ژیان: تەرزە عەباسی

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: سەرجەم ئامادەکارییەکان کراوە بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، دەشڵێت: دەبێت لەم کاتەدا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی ئاسایی بکەینەوە.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بەرپرسی هێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگە بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند: لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرە لەئێستادا سەرجەم ئامادەکارییەکانیان ئەنجام داوە و داوای هەندێک زانیارییان لە ئێمە کردووە کە ئامادەی بکەین بۆ دروستکردنی کارت بۆ کاتی هەڵبژاردن.

وتیشی: داوا لەهەموو مەكتەبەكان كراوە لەساڵی 2010وە تائێستا چالاكییەكان بنێرن تا بخرێتە راپۆرتی سیاسی، لەداهاتوویەكی نزیكدا  هەڵبژاردنی كۆمیتەكانیش دەست پێدەكات بۆ ئەندامانی كۆنگرە.

ناوبراو لەبارەی ئەگەری دواخستنی کۆنگرە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی شەقامی عێراقی ئاماژەی بەوەکرد: هەموو شتێک پێشبینیکراوە، بەاخەوە عێراق هیچ رووناکاییەکی تێدا نەماوە، ئەو دۆخەی لە بەغدا هەیە حەتمەن پریشکی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت، ئێمە دانەبڕاویین لەو دۆخە، ناکرێ بەغدا وێران بێت و ئێمە لێرە کۆنگرە ببەستین، بێگوومان هەر کاریگەری دەبێت، بەڵام دڵنیا نین لەوەی کۆنگرە دوا دەکەوێت یاخود نا.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیشیان لەئێستادا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان وتی: پەیوەندییەکان نابێت خراپبێت، لە بەغدا وێرانکارییە و چواردەورمان ئاگرە، ناکرێت ئێمەش خۆمان بکەوینە گیانی یەکتر، دەبێت هەوڵ بدەین کێشەکانمان بە هێمنی چارەسەر بکەین و بگەینە ئەنجامێکی باش، داعش هێشتا لەناو نەچووە و بەردەوام خەریکی چالاکین لە دەوروبەرمان ئێمەش دانیشین خەریکی شەڕە دەنووک بین بەکەڵک نایەت. دەبێت مەکتەبی سیاسی هەردوولا دابنیشن بۆ چارەسەرکرنی ئەو دۆخە، چونکە خەڵکی هەموو ژیانی بەستراوە بەوەوە و چاوەڕوانی ئەنجامی گەورەمان لێدەکەن.

بڕیارە رۆژی ٧ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ واتە مانگی داهاتوو، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چوارەمین كۆنگرەی خۆی ببەستێت.