شێرپەنجەی گەدە

پسپۆڕێكی نەشتەرگەری گشتی: لەسەرەتادا هیچ نیشانەیەكی دەرناكەوێت

ژیان: دەروون جبار

گەدە ئەندامێكی ماسولكەییەو دەكەوێتە ناوەندی بەشی سەرەوەی بۆشایی سك، كرداری سەرەكی گەدە هەرسكردنی خۆراكە، چەند جۆرێك شێر پەنجەی گەدە هەیە كەباوترینیان شێرپەنجەی ئەوبەشەیە كەتووشی رژێنە خانەكانی گەدە دەبێت.

 سەنگەر عەبدوڵا، پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی دەربارەی هۆكارو نیشانەكانی توشبوون بەشێرپەنجەی گەدە تایبەت ژیان وتی "بەشێوەیەكی گشتی توشبووان بەشێرپەنجەی گەدە لەسەرەتادا هیچ نیشانەیەكی تایبەت بەو نەخۆشیە هەست پێناكەن، لەبەر ئەوە زۆربەی جار كاتێك نیشانەی ئەم نەخۆشییە دەردەكەوێت لەوە تێپەڕیوە كەچارەسەری بنبڕی بۆ بكرێت، لەو نیشانانەش كە لەسەرەتادا دەردەكەوێت بریتین لەناڕەحەتی لەهەرسكردن‌و دڵەكزێ، هەستكردن بەناڕەحەتی لەسكدا، نەمانی ئارەزووی خواردن، كاتێكیش نەخۆشیەكە قوڵتر دەبێتەوە یان بڵاودەبێتەوە نەخۆشەكە هەست بەلاوازی‌و بێهێزی دەكات‌و سكی تووشی هەڵئاوسان دەبێت‌و غازاتی دەكات، هەروەها نەخۆش دوای نان خواردن تووشی سك ئێشە دەبێت لەبەشی سەرەوەی سكدا لەگەڵ دڵ تێكهەڵاتن‌و رشانەوە، نەخۆشەكە كێشی زۆرلاواز دەبێت‌و خوێنبەربوونی دەبێت لەگەڵ رشانەوەدا یان لەگەڵ پاشەڕۆیدا خوێن دەردەكەوێت، زۆرجار نەخۆش بەناڕەحەت خواردنی بۆ قوت دەدرێت بەتایبەتی ئەگەر جۆری شێرپەنجەكە لەبەشی سەرەوەی گەدەدا بێت واتە لەدەرچەی سورێنچكدا".

چارەسەری سەرەكی نەشتەرگەرییە‌و پاشان چارەسەر بەدەرمانی كیمیایی‌و هەندێك جاریش بەتیشك

 هۆكارەكانی شێرپەنجەی گەدە بریتین لە:

 -1توشبوون بەبەكتریای (H.pylori) كە زیاتر لەدوو لەسەر سێی حاڵەتەكان پێكدێنێت‌و توشبوون بەڤایرۆسی EBV وHIV هۆكارن بۆ ئەم نەخۆشیە.

-2جگەرەكێشان هۆكارێكی سەرەكی یە بۆ توشبوون بەشێرپەنجەی گەدە. 

-3ئەم نەخۆشیە بەخواردنەوەی ماددە كحولیەكان زیاتر دەبێت، خواردنی چەوری‌و سوێری‌و خواردنە پێچراوە ئامادەكراوەكان هۆكارێكی ترن بۆ توش بوون بەشێرپەنجەی گەدە.

4- هۆكاری بۆماوەیش یەكێكە دیكە لەهۆكارەكان.

5- %10 توشبوانی ئەم نەخۆشیە چەند هۆكاریكی ترن وەكو نەخۆشی شەكرەو كەمخوێنی‌و لەجۆری ڤیتامین B12 هەوكردنی گەدەی درێژخایەن‌و گرووپی خوێنی جۆری A  ترسی توشبوون بەنەخۆشی گەدە زیاتر دەكەن.

دكتۆر سەنگەر دەربارەی دەست نیشانكردن‌و چارەسەری ئەم نەخۆشیە ئاماژەی بەوەشكرد، كە دەست نیشانكردنی ئەم نەخۆشیە پزیشكی چارەسەر پرسیار لەنەخۆش دەكات بۆ دیاریكردنی مێژووی نەخۆشیەكە بەپێی نیشانەكان، پاش پشكنینی وورد وەك نازوڕی گەدەو تیشكی كۆئەندامی هەرس بەباریۆم، تیشكی تەنوری (CT- SCAN) بۆ دڵنیابوون لەجۆری شێرپەنجەكە، لەكاتی بینینی هەرجۆرە شانەیەكی نائاساییدا پێویستە نموونەی لێ وەربگیرێت بۆ دەستنیشانكردن‌و دڵنیابوونەوە لەنەخۆشیەكە لەڕێگەی پشكنینی شانەییەوە.

سەبارەت بەچارەسەركردنی شێرپەنجەی گەدە ئەو پسپۆڕە وتی" ئەگەر نەخۆشیەكە لەقۆناغەكانی سەرەتایدا دەستنیشان بكرێت، چارەسەركردنی ئاسانە، بەڵام وەك پێشتر ئاماژەم پێ كرد زۆربەی كات لەكاتی دەست نیشانكردنی نەخۆشیەكە زۆر قوڵ بۆتەوە یان بڵاوبۆتەوە، لەبەرئەوەی لەسەرەتای نەخۆشیەكەدا زۆرجار نیشانەكانی دەرنەكەوتووە، چارەسەری سەرەكی بریتی یە لەنەشتەرگەری‌و پاشان چارەسەر بەدەرمانی كیمیایی‌و هەندێك جاریش چارەسەر بەتیشك، زۆرجاریش چارەسەری بایۆلوجی بەكاردەهێنرێت بۆ ئەو كەسانەی كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكەیانەوە گونجاونین بۆ نەشتەرگەری".