پۆستی ئەمینداری پێشمەرگە چی لێدێت؟

کێشەکانی پۆستی ئەمینداری پێشمەرگە بەردەوامە
پێشمەرگە

ژیان:

یەكێتیی و گۆڕان هەریەكە و پۆستی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت، گۆڕان دەڵێت كاندیدیان دیاری كردووە و یەكێتییش ئاماژە بەوە دەدات پۆستی بریكار و ئەمینداری گشتیی وەزارەتەكە هەر لای خۆیان دەمێنێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی (تۆڕی هەواڵی ژیان) پۆستى ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، له‌نێوان گۆڕان و یه‌كێتى-دا كێشه‌ى له‌سه‌ره‌و تائێستا كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، یه‌كێتى ده‌ڵێت، رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌كراوه‌ تا رادەستی بکات.

لەبەرامبەردا گۆڕان دەڵێت: یەكێتی ساڵانێكی زۆرە پۆستی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوە دەبات، بەڵام لە كاتی دابەشكردنی پۆستەكاندا پۆستی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە پشكی گۆڕان بووە، بۆیە تاكوو ئەم چوار ساڵە ئەو پۆستە بە موڵكی خۆمانی دەزانین.

پۆستی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠٠٩ـەوە لای یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە و جەبار یاوەرمەندە بەڕێوەی دەبات، بەڵام لەم كابینەیەدا بزووتنەوەی گۆڕانیش ئەو پۆستە بە حەقی خۆی دەزانێت و یەكێتییش بە هەمان شێوەی كابینەكانی پێشوو دەڵێ ئەو پۆستە لای خۆیان دەمێنێتەوە.

پۆستى ئه‌میندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، به‌پێى رێككه‌وتنى گۆڕان و پارتى، به‌ركه‌وته‌ى گۆڕانه‌، به‌ڵام له‌سه‌رەتاوه‌ یه‌كێتى ئاماده‌نه‌بوو ئه‌و پۆسته‌ راده‌ست بكات، به‌پێى زانیارییه‌كان تائێستا ئه‌و كێشه‌ به‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوى ماوه‌ته‌وه‌.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەو پۆستە هەر وا بە ئاسانی لە نێوان لایەنەكاندا یەكلایی ناکرێتەوە و کاتی دەوێت و كێشه‌كه‌ به‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوى له‌نێوان هه‌ر سێ هێزى سه‌ره‌كى پێكهێنه‌رى حكومه‌ت-دا، وه‌ك خۆى ماوه‌ته‌وه‌.