وردەكاری مۆڵەتی كاركردنی تەكسیەكان


ژیان: 
وەزیری گواستنەوەی هەرێم وردەكاری رێكخستنی كاری تەكسی لە هەرێمی كوردستان راگەیاند و دەڵێت لە ماوەی شەش مانگدا ئەو پڕۆسەیە كۆتایی پێدەهێنن. 

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند "هەر پارێزگایەك لۆگۆی تاكسی تایبەت بە خۆی دەبێت كە لە پارێزگایەكی دیكە ناچێت، شۆفێرانی تاكسی دەچنە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ لە هەرێمی كوردستان و فۆرمێك وەردەگرن كە بە فۆرمی زانیاریی ناسراوە و تێیدا سەرجەم زانیارییەكانی خۆی پڕدەكاتەوە".

ناوبراو  لە درێژەی باس كردنی وردەكاریەكان دەشڵێت "دواتر دەچێتە بنكەی ئاسایشی گەڕەكەكەی و ئاسایش تێبینی خۆی لەلایەنی ئەمنییەوە لەسەر شۆفێرەكە دەنوسێت، پاشان ئەو شۆفێرە دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەی تاوان، لەوێش دوای ئەوەی سەلمێندرا ئەو شۆفێرە لەڕووی بەڵگەی تاوانەوە هیچ كێشەیەكی نییە، ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگاكەی خۆی دەكەن".

وەزیری گواستنەوە لە قسەكانیدا بۆ رادیۆی ترافیك دەشلێت: بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ دوای تەواوبوونی ڕێكارەكان، شۆفێری تاكسییەكە دەنێرنە لای ئەو كۆمپانیایە لۆگۆی تاكسیەكان دابیندەكات، لەوێش كارتی زانیاریی بۆ دروستدەكرێت كە وێنەی شۆفێرەكە، ژمارەی مۆبایلی شۆفێرەكە و ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەش نوسراوە، بەهەمان شێوە لەكوشنی پشتەوەش هەمان زانیاریی هەیە و جێگیركراوە، كە گرنگییەكەی لەوەدایە كەس ناتوانێت تاكسی كەسی دیكە بەركاربهێنێت.

ئەو رونیكردەوە كە ئەو پلانەی دایانناوە لەماوەی شەش مانگدا دەبێت جێبەجێبكرێت، دوای ئەو وادەیەش هەر شۆفێرێك ئەو كارتی زانیارییەی نەبو هەروەها لۆگۆی وەرنەگرتبوو، لەلایەن تیمەكانی هاتووچۆوە ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

ئانۆ وتیشی "دوای شەش مانگ سەرجەم فۆرمەكان دەكەینە داتابەیسێك، پاشان ئەو داتایە پێشكەشی وەزارەتی ناوخۆ دەكەین، ئەوانیش بەراوردی پێدەكەن لەگەڵ داتابەیسی خۆیان، ئەوكاتە ئەگەر لێكچوون هەبوو، ئەوا ڕاستەوخۆ ناوەكە دەردەهێنرێت".