سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەسەر تەحەداکەی شاسوار هاتە دەنگ


ژیان:
کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، لە رونکردنەوەیەکدا بۆ قسەی چەند پەرلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی تەحەداکەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت ئەوە بۆ حکومەتە نەک بۆ پەرلەمانتاران.

ناوبراو نوسیویەتی: حەق نیە برادەرانی گۆڕان بکەونە کاردانەوە و فەشەلی پارتی و یەکێتی بخەنە سەر شانی خۆیان، چونکە کاک شاسوار تەحەدای حکومەتی کردوە، هەموشمان دەزانین کە سەرۆک و جێگری حکومەت و دەستەی وەبەرهینان بە دەست کێوەیە، وە هەروەها دەزانین کە پەرلەمانتارێک پێویست ناکات لە بری حکومەت وەڵام بداتەوە، چونکە تەحەدای حکومەت و ئەوانە کراوە کە شتیان بە دەستە.

کازم فاروق دەشڵێت "تەحەداکەی کاک شاسوار بۆ ٢٥ هەزار دینارەکەی عەریزەنوسەکان و هەروەها مەسەڵەی خۆڵ رشتن، زۆر وازیح و ڕونە، دەڵێت گەر حکومەت ئێستا رەزامەند بێت، ئەوا ئێمە ئیشەکە دەکەین. جا پێویستە حکومەت تەنها یەک وەلام بداتەوە و گەر دزی ناکەن و ئەو دوو ئیشە بۆ کۆمپانیای پارتی و یەکێتی نیە، ئەوا ئێستا بە یەک لێدوان یان نوسراو رەزامەند بن و بۆ هەموو خەلکی کوردستانی ئاشکرا بکەن کە کێ راست دەکات و کێ ناراستە".

ئەو وەڵامی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانیش دەداتەوە و لە خاڵی سێهەمی نوسینەکەیدا دەڵێت:  ئەم ئیشە پرۆژە یاسا و پرۆپۆزەڵ و ئەو قسە زل و خەڵک هەڵخەڵەتاندنی ناوێت، چونکە کاک شاسوار تەحەدای حکومەتی کرد و نرخەکەی دیاری کردوە، ئایا حکومەت رازیە یان نا؟ گەر رازییە ئەوا با بفەرموێت و بۆ هاولاتییانی ئیعلان بکات.

نوسراوەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ کە وەک بەرگریەکە لە سەرۆکی جوڵانەوەکە پەشیمانبونەوەی تیادایە لە قسەکانی سەرۆکی جوڵانەوەکە و مەرجی داناوە بۆ ئەوەی تەحەداکە جێبەجێ بکەن لەوبارەیەوە دەڵێت:ێمە کۆمپانیا نین تا پرۆژەی بازرگانی پێشکەش بکەین بە دەستەی وەبەرهێنان، دەیان کۆمپانیا پرۆژەیان پێشکەش کردوە و بڕۆن وەڵامی ئەوان بدەنەوە، بەلام ئێمە رێگای راست پیشانی حکومەت دەدەین و بەدواداچون دەکەین و باشترین کۆمپانیا دەدۆزینەوە کە بەکەمترین نرخ خزمەتی خەلک بکات.

باسی ئەوەشی کردووە "تەحەداکەی ئێمە زۆر وازیحە و دەڵێین کۆمپانیا هەیە ئەو کارە دەکات. هەر کات حکومەت رازی بوو ئەوا پێویستە بە پیی یاسا بانگەوازی ئاشکرای بۆ بکات و هەر کۆمپانیایەک ئامادە بوو کارەکە بکات (نەک بە واستە بیدەنە ئەو کۆمپانیایە کە ئێمە باسمان کردوە، یان کۆمپانیایەکی حیزبی دەسەلات)، خۆ ئەگەر هیچ کۆمپانیایەک ئامادە نەبوو ئەو کارە بکات، ئەوا ئێمە دوو کۆمپانیامان دۆزیوەتەوە کە ئامادەن ئەو کارە بکەن".

کازم ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە شاسوار عەبدولواحید پێی وتووە "من پێش هەموو تەحەدایەک دنیایەک بەدواداچون دەکەم و ورد دەبمەوە و پێشتر کۆمپانیام هەبووە و چاک دەزانم چی پرۆژەیەک چەندەی تێ دەچێت، هەروەها خاڵێکی تر هەیە کە دڵنیام پارتی و یەکێتی رازی نابن ومن خوێنەکەیان شارەزام، چونکە ئەوانە لە ئێستادا لە هەموو پرۆژە و بزنسێک دزی دەکەن ئیتر چۆن رازی دەبن ئێستا کۆمپانیایەکی دەرەوەی خۆیان بێت لە هەموو کوردستان پرۆژەیەکی وا گەورە بگرێتە دەست؟ئەی دزی خۆیان؟ بۆیە دڵنیام رازی نابن قەت".