ئەمریکا ئەمجارە بەدوای کێوەیە؟

مارک میلی

ژیان:

سەرۆک ئەرکانی سووپای ئەمریکا ڕایگەیاند: ئەمریکا لە ئێستادا بەدوای جێنشینەکەی ئەبوبەکر بەغدادییەوەیە.

مارک میلی، سەرۆک ئەرکانی سووپای ئەمریکا لە چاوپیکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو.

وتیشی: وەک دەردەکەوێت داعش لە ئێستادا کەسێکی دیکەی وەک جێگرەوەی بەغدادی دەستنیشان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە بەهەموو جۆرێک ئەو خەلیفە نوێیەی داعشمان خستوەتە ژێر چاودێرییەوە و بەباشیش دەیناسین، لەرۆژان و مانگەکانی داهاتوودا ئەویش ڕاودەکەین.

ڕاشیگەیاند: هەرکاتێک هەلێکی گونجاومان بۆ دۆزییەوە بێگومان نێچیرێکی باشە و لەدەستمان دەرناچێت.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، محەمەد سەعید عەبدولڕەحمان مەولا، ناسراو بە (عەبدوڵڵاقارداش) و (ئەبو عومەر تورکمانی)، دوای کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادیی خەلیفەی داعش، بووەتە خەلیفەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە.

وەک ئاشکرا بووە، عەبدوڵڵا قارداش، پلانداڕێژەی سەرەکیی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدییە، کە دوای داگیرکردنی شنگال لە مانگی 8ـی 2014، چەکدارەکانی داعش لە دژی هاوڵاتییانی کوردانی ئێزدی ئەنجامیان دا.

قارداش لە ساڵی 1976 لە شارۆچکەی تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا لەدایک بووە. لەسەردەمی رژێمی بەعسی عێراق ئەفسەری سەربازیی ئەو رژێمە بووە.

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 27-10-2019 لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتد، تیمێکی یەکەی سەربازیی تایبەتی ئەمریکی بەناوی (دەلتا فۆرس)، ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی لە شاری ئیدلیب لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کوشت.