مۆدێل؛ ئەوەی لەكوردستان بوونی نییە

كچە نمایشكارەكانی كورد پێوەری نمایشكاریان تێدانییە

ژیان، بنكۆڵكاری

نمایشكاریی یان (مۆدێلینگ)، یەكێكە لەو كارانەی ئێستا لەكوردستان زۆر باوە، گروپێك لەكچان دروستبوون ئەم كارە دەكەن‌و ناوی خۆیان ناوە (مۆدێل)، بەڵام ئایا بەڕاستی ئەمانە مۆدێلن؟ لەگەڵ پێوەرەكانی مۆدێلبوون دەگونجێن؟  

كاری نمایشكاری جلوبەرگ (مۆدێلینگ) لەكوردستان؟

كاری نمایشكاریی جلوبەرگ لەهەرێمی كوردستان مێژوویەكی كۆنی نیە، بەڵكو سەرەتایی سەرهەڵدانی بیرۆكەی كاری نمایشكاریی وەك پیشە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، زەقبوونەوەی ئەم كارەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٧، كاتێك كچە مۆدێلی كورد شنیار ئەحمەد ناسراو بە(یارجان) بووە ڕوخساری ماركەی (گراندێزا) ماركەیەكی جلوبەرگی خۆماڵییە لەهەرێمی كوردستان، ئەم كارە لەنێو كچانی كورددا بەشێوەیەكی دیار پەرەی سەند‌و تا گەیشت بەو ئاستەی ئێستا، دەیان كچی كورد ڕۆژبەڕۆژ خۆیان وەك مۆدێل دەناسێنن، كۆمەڵێك كچی كوردی تریش دروستبوون  خۆیان بە"نمایشكاریی جلوبەرگ‌و مۆدێل" ناودەبەن، لەڕێگەی هەژمارەكانیانەوە لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەگشتی‌و هەردوو تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئینستگرام‌و سناپچات) بەتایبەتی وێنە‌و ڤیدیۆی خۆیان بڵاودەكەنەوە، ریكلام بۆ كاڵا‌و جلوبەرگ دەكەن، زۆركاتیش ژیانی تایبەتی خۆیان تێكەڵ بەم كارە دەكەن، بەشێوەیەك قسەی زۆر نەشیاو بەنەیارەكانیان دەڵێن‌و ڤیدیۆ‌و وێنەی لەهەژمارەكانیان بڵاودەكەنەوە، وێنەی وروژێنەری خۆیان بڵاودەكەنەوە پەیوەندیدار نیە بەنمایشی جلوبەرگەوە، وێنەی ژیانی شاهانەی خۆیان نیشاندەدەن‌و سوكایەتی بەكەسانی ئاست نزمی دارایی دەكەن.

كچان ژیانی تایبەتی خۆیان تێكەڵ بەمۆدێل دەكەن

گرنگترین ئەو كچانەی ئێستا لەهەرێمی كوردستان ناویان دیارە‌و خۆیان بەمۆدێل دەناسێنن بریتین لە: شنیار ئەحمەد (یارجان)، شێنێ هۆشیار، ڕێژنە هێمن، ڕۆژە هێمن، شەبنم مایا بارانی (شەبنم بارانی)، زیبا عەدنان (زیزۆ سلێمانی)، جیهام هاشم، هەنسك ئەحمەد، سارا نەدیم، هانا، ژاڵە، ناتالیا، شەبنم جەبەلی، ئایا زێدان، هەڵاڵە عومەر، نیان عەزیز، بەشێكیان كاری میدیاكاریش دەكەن هاوشان لەگەڵ كاری مۆدێلی.

نمایشكار (مۆدێل) كێیە‌و پێوەرە جیهانییەكانی چین؟

ئەگەر بەشێوەیەكی گشتی پێناسەی كەسی مۆدێل وەربگرین ئەوە مۆدێل لەجیهان دا "بەو ژن یاخود پیاوانە دەوترێت كاری نمایشكاری بۆ جلوبەرگ یان كاڵایەك دەكەن"، چەند پێوەرێكی تایبەن بەخۆی هەیە گرنگترینیان بریتین لە: كێشی لە٤٠ كیلۆ كەمتر نەبێت‌و لە٥٣ كیلۆیش زیاتر نەبێت. باڵای لە١٧٠ بۆ ١٨٠ سانتیمەتر كەمتر نەبێت. قەبارەی سنگی ٣٢ بۆ ٣٦- بێت. قەبارەی كەمەری ٣٣ بۆ ٣٥- بێت. گرنگە ئەو كەسەی دەبێتە مۆدێل دەرچووی بەشەكانی (دیزاینی جلوبەرگ، نمایش، هونەر، فۆتۆگرافی، فاشن) بێت. پێویستە تەمەنی لەنێوان ١٦ بۆ ٢٢ ساڵیدا بێت، بەشێوەیەكی گشتی.

بۆچی بوون بەمۆدێل لەجیهاندا سەختە؟

بەپێچەوانەی هەرێمی كوردستان تەنیا پێویستت بەدانانی هەژمارێكە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستگرام‌و بڵاوكرنەوەی وێنەی فۆتۆگرافیە، بوون بەنمایشكار كارێكی قورسە لەجیهان دا‌و زۆربەی خانمان خۆیان لێ بەدوردەگرن، چونكە ئەگەر كەسێك لەئەمریكا یان ئۆستورالیا ببێتە مۆدێل سەرەڕای تێپەڕبوونی بەپێوەرە جیاوازەكانی بوون بەنمایشكار پێویستە باج بدەنە حكومەت، ئەگەریش بەهۆی ئەو پیشەیەوە دەوڵەمەند بوون‌و بوونە خاوەنی براندی تایبەت بەخۆیان جا لەهەچ بوارێكدا بێت، دیسانەوە پێویستە باجی زیاتر بدەن.

هەر لەم چوارچێوەیەدا‌و لەساڵی ٢٠١٥، لەوڵاتی فەڕەنسا یاسایەك دەرچوو بۆ نمایشكارەكان، ئەو یاسایە دەیكاتە مەرج بەسەر نمایشكارەكانەوە "پێش ئەوەی ببنە نمایشكار بەڵگەی لیژنەی پزیشكی بەدەستبهێنن‌و بیسەلمێنن تەندروستن، رێكی جەستەیان‌و كەمی كێشیان بەهۆی نەخۆشییەوە نیە"، هەر ئەو یاسایە پێوەری توند دادەنێت بۆ ئەو كەسانەی دەبنە مۆدێل "بۆ ئەوەی ئەو شەپۆلە رابگرن لەبوون بەمۆدێل دروستبووە"، هەربۆیە بەپێی یاسا نوێیەكە "هەركەسێك یان شوێنێك مۆدێلێكی هەبێت مەرجەكانی تێدا نەبێت یان بەپێچەوانەی یاساوە مامەڵە بكات، بڕی ٨٢ هەزار دۆلار غەرامە دەكرێت‌و بەسزای زیندانكردن سزادەدرێت، بەڕادەیەك لەشەش مانگ كەمتر نەبێت". یەكێكی تر لەبڕگەكانی ئەو یاسایە بریتیە لەوەی "سەرجەم مۆدێلەكان ناچارن وێنەكانی خۆیان بەلۆگۆوە دابنێن، ناتوانن بێ هۆكار‌و بەشێوەی سەربەخۆ وێنەی ڕوت یان وروژێنەری خۆیان دابنێن"، بۆ ئەوەی كارنەكاتە سەر ئاشتی كۆمەڵایەتی. ئەمەسەرەڕای ئەوەی یاساكە كچان‌و كوڕانی مۆدێل ناچاردەكات "تەنیا ریكلام بۆ ماركەكان بكەن، دوریشبكەونەوە لەریكلامكردن بۆ بابەتانەی باس لەجوانكاری زیاد لەپێویستی دەستكرد یان وروژێنەر دەكەن"، بەپێچەوانەوە سزای توند دەدرێن.

ئەو كەسەی نمایشی جل‌و بەرگ دەكات پێویستە: كێشی لە٤٠ كیلۆ كەمتر نەبێت‌و لە٥٣ كیلۆش زیاتر نەبێت، هەروەها باڵای لە١٧٠ بۆ ١٨٠ سانتیمەتر كەمتر نەبێت. قەبارەی سنگی ٣٢ بۆ ٣٦- بێت. قەبارەی كەمەری ٣٣ بۆ ٣٥- بێت

وڵاتی ئیتالیا یەكێكی ترە لەو وڵاتانەی لەساڵی ٢٠٠٦ەوە یاسایی توندی بۆ نمایشكارەكان داناوە، نمایشكارەكان ناچاردەكات "كێشیان زیادلەپێویست دانەبەزێنن، ئەگەر ئەو كارە بكەن لەكارەكەیان دوردەخرێنەوە". یەكێتی تر لەو وڵاتانەی كاری نمایشكاری سنورداركردووە وڵاتی ئیسرائیلە، چونكە لەساڵی ٢٠١٢ ەوە ئەو وڵاتانە "ناهێڵێت هیچ كوڕێك یان كچێك بەبێ ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی خۆی وەك مۆدێل بناسێنێت، هەركەس ئەو كارە بكات بەگوێرەی یاسایەكی تایبەت سزا دەدرێت".

ئایا بەخیشنەوەی نازناوی شاجوان لەوڵاتە پێشكەوتووەكان ڕێگەپێدراوە؟

ئێستا خەڵكی هەرێمی كوردستان گوێچكەیان بەكۆمەڵێك نازناو ڕاهاتووە لەلایەن كچە مۆدێلەكانەوە بەكاردەهێنرێت‌و پێی دەناسرێنەوە وەك: شاجوانی سلێمانی، شاجوانە كوردەكەی ئینستگرام، شاجوانی هەولێر، شاجوانی زانكۆ...هتد، بەڵام ئایا بەخشینەوە‌و بەكارهێنانی ئەم نازاناوانە لەجیهاندا چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

ئەگەر وڵاتێكی وەك ئەمریكا بەنموونە وەربگرین ئەوە  پێدانی نازناوی شاجوانی (شار، ویلایەت، چین یان توێژ) پێویستە لەڕووی یاساییەوە ئامادەكاری بۆ بكرێت، هیچ كەسێك مافی ئەوەی نیە جا چ مۆدێل بێت یان نا ئەو نازناوە لەخۆی بنێت، ئەگەر هاتوو ئەم حاڵەتە روویدا ئەوە لەڕووی یاساییەوە مامەڵەی "ساختەكردنی ناسنامەی لەگەڵ دەكرێت"، سزاكەی لە"ساڵێك زیندانی كردنەوە دەستپێدەكات‌و تا ١٢ ساڵ بەردەوامی دەبێت". 

بۆچی كچە نمایشكارەكانی كورد لەهەفتەی نمایشكی كوردستان نەبینران؟

هەفتەی نمایشی كوردستان لە٢ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٨، بەڕێوەچوو یەكێك بوو لەرووداوە گەورەكانی تایبەت بەنمایشی ماركە‌و جلوبەرگەكان، ٣٢ دیزاینەری جلوبەرگی جۆراوجۆر لەم هەفتەیەدا بۆ ماوەی سێ رۆژ بەبەردەوامی نمایشی كۆلێكشنەكانیان كرد، دەیان كوڕ‌و كچ‌و منداڵ وەك نمایشكار بەشداربوون، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە هیچ یەك لەو كچە كوردانەی خۆیان بەنمایشكار دەزانن بەشداریان لەو هەفتەیەدا نەكرد، هەندێكیشیان وەك میوان بەشداریان كرد.

 گرنگە ئەو كەسەی دەبێتە مۆدێل دەرچووی بەشەكانی دیزاینی جلوبەرگ، نمایش، هونەر، فۆتۆگرافی، فاشن بێت

یەكێكی تر لەو بابەتانەی زۆر بووە جێگەی ڕەخنە‌و ئاراستەی كچە نمایشكارە كوردەكان كرا، بریتیبوو لەبەشداریپێكردنی كچە نمایشكاریی بیانی یەكێك لەو نمایشكارانە، كچە نمایشكاریی ئۆكرانی بەناوبانگی ئۆكرانی ئەلۆینا بەزینا، نمایشی جلوبەرگی كوردی كرد، لەكاتێكدا هیچ كام لەو كچە كوردانەی بەناوبانگن‌و خۆیان بەنمایشكار دەزانن ئامادەنەبوون ئەو كارە بكەن.

بەناوبانگترین كچە مۆدێلەكانی ئەمریكا كێن نمایشی ماركە جیهانییەكان دەكەن؟

سێ بەناوبانگترین كچە مۆدێلی ئەمریكا بریتین لە: كێنداڵ جێنەر، جی جی حەدید‌و  كارا دێڵیڤین-ن ساڵانە بەهۆی كارەكەیانەوە ملیۆنان دۆلار قازانج دەكەن. كێش‌و باڵای ئەم سێ كچە مۆدێلە بەمشێوەیەیە: كێنداڵ جێنەر كێشی ٥٤ كیلۆگرامە‌و باڵای مەترێك‌و ٧٩ سانتیمەترە، جیجی حەدید كێشی ٥٥  كیلۆگرامە‌و باڵای مەترێك‌و ٧٩ سانتیمەترە، هەروەها كارا كێشی تەنیا ٥١  كیلۆگرام‌و باڵای  مەترێك و٧٣ سانتیمەترە.

ئایا كچە مۆدێلەكانی كورد دەبنە مۆدێلی جیهانی؟

بوون بەمۆدێلێكی جیهانی‌و نمایشكردنی كاڵای ماركە جیهانییەكان، كارێكی قورسە، بەڵام مەحاڵ نیە بۆ ئەو كەسانەی پێوەرەكانی مۆدێلبوونیان تێدابێت، یاخود بەشێوەیەكی ئەكادیمی ئەو كارەیان خوێندبێت، بەڵام ئەگەر ئەمە پەیوەست بكەینەوە بەكچە مۆدێلەكانی كوردستانەوە ڕەنگە كەمێك قورس بێت، چونكە بەهۆی نەبوون یان كەمی ئەم پێوەرانەوە تێیاندا قورسە بتوانن ئەو كارە بكەن، نوێترین نموونەی ئەم بابەتەش بریتیە لەشكستهێنانی كچە مۆدێلی كورد یارجان لەبەدەستهێنانی نازناوی (شاجوانی ئاسیا بۆ ساڵی ٢٠١٩)، نەبوونی هیچ كچە مۆدێلێكی كورد لەڕیزی نمایشكارە جیهانییەكانیدا، بەتایبەتیش ئەو كچە مۆدێلانەی ئێستا زۆرترین دەركەوتنیان لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هەیە.