تورکیا: دەستبەرداری مافەکانمان نابین لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا

ژیان:

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایدەگەیەنێت: وڵاتەکەمان پەشیمان نابێتەوە لە وەرگرتنەوەی مافەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەکردووە: دەستبەرداری مافەکانی خۆمان نابین لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست سەرباری هەنگاوە نادروستەکانی یەکێتی ئەوروپا، چونکە مافەکانمان لە مافە نێودەوڵەتییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە.

دەشڵێت: ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەی کۆنسەی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دراون، ئەوە نیشان دەدەن کە ئەو پەیامانەی لە دوای کۆبوونەوەی کۆنسەکە لە ١٥ی تەمموز و ١٤ی تشرینی یەکەم دراون، ھیچیان جێبەجێ نەکراون.

هەر لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە: تەواوی چالاکیەکانمان لە ھەڵکەندن و گەڕانەکان لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەھەمان شێوە بەردەوامی دەبێت و کەسیش گومان لەمە نەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، کۆنسەی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بەڵگەیەکی قبوڵ کرد لەچوارچێوەی رێوشوێنەکانی پلانی سنوردارکردنی جێبەجێکردنی چالاکیەکانی ھەڵکەندن و گەڕان بەدوای نەوت و گازی تورکیا لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست.