رۆحانی: گەر ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا نەبوایە دانووستانمان دەکرد

حەسەن رۆحانی

ژیان:

سەرۆک کۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت: لە نیویۆرک پێشنیاری باش دراوە بە ئێران بۆ دانووستان، گەر ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا نەبوایە بەدڵنیاییەوە دانووستانمان قبوڵ دەکرد.

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆبوونەوەی شورای ئیداریی پارێزگای کرمان ڕایگەیاند: ئەو ڕێگە و سیستمەی دەوڵەت هەڵیبژاردووە، ڕێگایەکی دروستە و مافی خۆتانە کە بڵێن قورسایی لەسەرمان دروستکردووە، بەڵام ئەو دۆخەی دوژمنانمان دروستیان کردووە بۆمان، خەتای ئێمەی تێدا نیە.

وتیشی: شەو و رۆژ هەوڵمان دەدا و تێدەکۆشاین کە ڕێککەوتنی ناوەکی شکست نەهێنێت، بەڵام وەک دەبینین کە هیچ لایەنێک ئامادەی هاوکاری نییە لەم بابەتە.

ئاماژەی بەوەشکرد: هەموو پێیان خۆش بوو کە ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە کشانەوە و وایان لێکدەدایەوە کە ئێمەش دەکشێینەوە، ئێستا کە دەزانن گەمارۆکان بۆسەر ئێمە لە زیادبووندایە خەریکن ئێمە تۆمەتبار دەکەن.

رۆحانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە یەک ساڵ سەبرمان گرت و هیچ کەسێک لە دونیا ناتوانێت ڕەخنەمان لێبگرێت و بڵێت بۆچی پابەندییەکانتان کەم کردووەتەوە؟ ساڵێک سەبرمان گرت و تا ئەمرۆ نەتوانراوە بمانگەڕێننەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش.

دەشڵێت: لەڕێگەی وڵاتانی دیکەوە لە نیویۆرکەوە چەندین پێشنیاری باشمان بۆ کراوە، ئێمەش بەردەوام ئەوانە تاوتوێ دەکەین، بەڵام لەشێوەی جێبەجێکردنی دانووستان کێشەمان هەیە. ئێمە ڕێگەی دانووستان پشتگوێ ناخەین بەڵام بەم جۆرەش ڕازی نین، ڕەنگە ئێستا کەسێکی دیکە سەرۆکی ئەمریکا بوایە، دانووستان هەرە بژاردەی لەپێشینەی ئێمە بووایە.