ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی نۆ تۆمەتباری راگەیاند


ژیان:
ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی ١١ رۆژدا نۆ تۆمەتباریان دەستگیرکردوە کە دزی و فێڵیان لە ھاوڵاتیان كردووە.

لە راگەیەندراوێکدا ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە و دەڵێت، سێ تۆمەتباری بە رەگەز عەرەب كە دانیشتووی هەرێمی کوردستانن لە چەند مارکێتێک و کۆگای شت فرۆشتن و هەڵخڵەتاندنی هاووڵاتیان بە مەبەستی گۆڕینەوەی دراوی بیانی و دزیکردن لەو کەسانەی کە دراوەکانیان بۆ گۆڕیون و بڕینی گیرفانی هاوڵاتیان  دەستگیرکردوە.

ئاسایش ئاماژەی بەوەشکردوە، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردوە کە پیشەیان کاسب بووە، بە تۆمەتی دزیکردن لە مەیدانی ئاژەڵان و دزین و بردنی ئاژەڵان بۆ خانێکی چۆڵ بۆ سەربڕینی ئاژەڵەکان و ئامادەکردنی بۆ خستنە بازاڕ بە مەبەستی  فرۆشتنی گۆشتەکەی، دواتر رووبەڕووی یاساکرانەوە.

دەشڵیت، چوار تۆمەتباری دیکەشیان دەستگیرکردوە بە تۆمەتی دزیکردن کە لە چەند شوێنی جیاواز چەند ماتۆڕسکیلێک و تانکیی ئاوی ماڵان و وایەری کارەبایان دزیوە، پاشان رووبەڕووی یاساکرانەوە.