کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی داوای دامەزراندن دەکەن


ژیان:
کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن، لە ئەگەر ی وەڵامنەدانەوەشیان هۆشداری دەدەنە لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەڵێن" لە سەرجەم بنکەو ناوەندە تەندروستیەکاندا مانگرتنی تەواوەتی ڕادەگەیەنین".

 ئەمڕۆ چوارشەممە کارمەندانی تەندروستی ھەریەک لە شارەکانی سەیدسادق، پێنجوێن، شارەزوور، پیرەمەگروون و دوکان بەھۆی بڕینی دەرماڵەی جوگرافی و دانەمەزراندنی خۆبەخشانی کەرتی تەندرووستی،لە گردبوونەوەیەکدا بەیانامەیەکیان خوێندەوە و چەند داواکارییەکیان خستە روو.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوەکرد، لە بەرواری( 1/1/2019 ) ەوە دەرماڵەی جوگرافیا لە کارمەندان و پزیشکانی سنوری ئەو شوێنانەی لە سەرەوە باسکراون، بڕدراون، ئەم لێبڕینەش پاڵپشت نیە بە هیچ دەقێکی یاسایی.

دەشڵێن: خودی دەرماڵەکە با پێی مادەی (12) لە یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، ژمارە(22) ی ساڵی 2008 دراوە بە کارمەندانی تەندروستی، بۆیە داواکارین هەرچی زووە بڕیار بدرێت بە سەرفکردنەوەی دەرماڵەی جوگرافیا لەگەڵ قەرەبووکردنەوەو گێڕانەوەی ئەو بڕەی کە لەو چەند مانگەی پێشوودا بە نایاسایی لێمان بڕدراوە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، ماوەی چەند ساڵێکە کارمەندانی تەندروستی دانەمەزراون خۆبەخشانی تەندروستی کەموکوڕیەکانی ناوەندە تەندروستیەکانیان پڕکردوتەوە، بۆیە داواکارین دامەزراندن بۆ کارمەندانی تەندروستی بکرێتەوەو کارمەندانی خۆبەخشی نەخۆشخانەکان بکرێنە کارمەندی فەرمی.

دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان هۆشداری دەدەنە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانیان لە سەرجەم بنکەو ناوەندە تەندروستیەکاندا مانگرتنی تەواوەتی ڕادەگەیەنین.