٥٩ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر كۆمه‌ڵكوژیی سینه‌ما عاموودێ-دا


ژیان: وەرگیراوە لە هەژماری شاسوار مامە

له‌ ١٣ی تشرینی دووه‌می ١٩٦٠ له‌ سینەما عاموودێی شاری عاموودێی ڕۆژئاوای کوردستان ئاگر کەوتەوە و لە ئەنجامدا ٢٨٣ منداڵ له‌ هۆڵی سینه‌ماکە‌ سووتان و گیانیان لەدەست دا.

ڕووداوەکە لە کاتی نمایشکردنی فیلمی «شبح منتصف الليل» بوو کە بۆ پشتگیری لە شۆڕشی گەلی جەزائیر لەلایەن میسرەوە بەرهەمهێنرابوو.
شایه‌تحاڵانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ ده‌ڵێن، هۆڵی سینەماکە جێگه‌ی ٢٠٠ كورسی هەبووە، کەچی ده‌ستوپێوه‌نده‌كانی‌ ڕژێم ٥٠٠ منداڵی کوردیان خستووەتە هۆڵه‌كه‌وه‌ و پاسەوانانی سینەماکەش دەرگه‌ی هۆڵەکەیان به‌سه‌ردا داخستوون.

بە وتەی شایەتحاڵان، له‌ كاتی نمایشكردنی فیلمەکەدا کاتێک ئاگر له‌ سینەماکە كه‌وتووەتەوە، منداڵەکان هاواریان کردووە و هەوڵیان داوە خۆیان ڕزگار بكه‌ن، بەڵام هەموو دەرگه‌کان بەسەریاندا داخرابوون و پاسەوانه‌كانی ڕژێم ئاوڕیان لە هاواری منداڵەکان نه‌داوەتە‌وه‌ و له‌نێو کڵپەی ئاگردا ڕزگاریان نه‌كردوون.
سەرەڕای بێ هەڵوێستیی ڕژێم، باس لە ڕۆڵی کاریگەری هاوڵاتییەکی عاموودێ دەکرێت کە دەیان منداڵی ڕزگار کردووە.

محەمەد سەعید ئاغا دەقۆری بە ڕزگارکەری منداڵانی کۆمەڵکوژیی سینەما عاموودێ ناسراوە. پاش ئەوەی ژمارەیەکی زۆری منداڵی لە هۆڵەکە دەرخستووە و ڕزگاری کردوون، لە کۆتاییدا ستوونێک بەسەریدا کەوتووە و گیانی لەدەست داوە.

دوای ئەو کۆمەڵکوژییە، سینەما عاموودێ بووەتە سمبوولی ئەو ستەمەی لە کوردانی ڕۆژاڤا کراوە. ٢٨٣ منداڵ کە تەمەنیان لەنێوان ٨ - ١٤ساڵاندایه لەو کۆمەڵکوژییەدا‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ده‌یانی دیكه‌ش بریندار بوون.





تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە