مەلای جزیری؛ دامەزرێنەری کلاسیزمی کرمانجی ژووروو

مەلای جزیری

ژیان:

شێخ ئەحمەدی جزیری (١٥٧٠_١٦٤٠) ناسراو بە مەلای جزیری شاعیرێکی کلاسیکی کوردە بەدامەزرێنەری شێوە زاری کلاسیزمی کرمانجی ژووروو سەر بە شێوەزاری بۆتانی دادەندرێت و دیوانە شیعرێکی بەشێوە زاری کورمانجی هەیە.

مەلای جزیری، ناوی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ محەمەد جزیری یە. وشەی جزیری لە ناویدا ئیشارە بە جزیرەی بۆتان دەکات. ساڵی ١٥٧٠ لە جزیرەی بۆتان ھاتۆتە دنیاوە کە سەردەمی ئەمیر شەرەف خانی کوڕی میر ئەبدال بوە.

لە تەمەنی دە ساڵییەوە لەلای باوکی دەستی بەخوێندن کردووە و پاشان چۆتە لای زانا بەناوبانگەکانی جزیرە و فێری زانست بووە. بەفەقێیەتی ھەموو ناوچەکانی جزیرە و ھەکاری و ئامێدی و دیاربەکر و عەمادیە گەڕاوە.

لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا ئیجازەی مەلایەتی پێدراوە پاشان بۆتە مەلا و زوربەی کاتی بۆ وانە وتنەوە تەرخان کردووە.

ئەم مەلا رووناکبیرە، جگە لە زانستی ئیسلامی، بایەخی بە زانستەکانی تری وەک کیمیا و فیزیا و پزیشکی و ئەستێرە ناسی و فەلسەفەداوە. سەرباری ئەوانە خولیای شیعر بووە و چەندین شیعری تەڕ و پاراوی هەیە و شیعرەکانی لە دووتوێی دیوانێکدا لە ساڵی ١٩٠٤ بەشێوەزاری کورمانجی ژووروو لەبەرلین و هەولێر و تاران و قامیشلۆ چاپ کراوە.

هاوکات هەژاری شاعیر، دیوانەکەی وەرگێڕاوەتە سەر شێوەزاری کورمانجی خواروو.

شیعرەکانی جزیری شیعری نەتەوەیی و خواناسی و عیرفان و وەسفی کوردستان و دڵدار و خۆشەویستی و ستایشی میرەکان بۆتان بوون. زمانەکانی فارسی و تورکی و عەرەبی بەباشی زانیوە.

شێخ محەمەدی باوکی لە بنەماڵەیەکی شێخی بەرماڵی بووە و زۆر حەزی بە خوێندەواری کردووە. لە پەرتووکی مێژوی کورد و کوردستانی ئەمین زەکی بەگدا ھاتووە: مەلای جزیری ناوی شێخ ئەحمەدە و لە جزیرەی ئیبن عمر لە نیوەی دوایی سەدەی شەشەمی ھیجری لە دەوری عیمادەدین حاکمی موسڵدا ژیاوە.

مەلای جزیری لەبەر ئەوەی لە شاری جەزیرەی بۆتان لەدایک بووە نازناوی جەزیرەیان خستۆتە پاڵی، جگە لە جەزیری ناسراوە بە مەلا یان مەلی، وە ناسراوە بە نیشان جا ئەم نیشانە نیشانەی تیری خۆشەویستیە یاخوود نیشان و خاڵی سەر جەستەی مرۆڤە کە تاوەکوو ئێستا لەم ڕوانگەیەوە دەرنەکەوتووە.

مەلای جزیری خۆی بە شاعیری بۆتان و ھەموو کوردستان زانیوە و وتوویەتی: «گوڵی باغی ئیرەمی بۆتانم / شەب چراغی شەبی کوردستانم»
مەلای جزیری ساڵی ١٦٤٠ لە جزیرەی بۆتان کۆچی دوایی کردووە.

ئەمڕۆ بە هۆنراوەی مەلای جزیری دەڵێین کلاسیزمی کۆن.

هۆنراوەی مەلای جزیری تەنها لە بابەتی کلاسیزمی کوردی نییە، بەڵکوو بابەتی کلاسیزمی ڕۆژهەڵاتە.

١- زمانێکی کوردی تێکەڵ بە وشەی فارسی و عەرەبی و تەنانەت تورکیش.

٢- بەکارهێنانی ئەو (کێش)انەی هۆنراوەی عەرەبی کە لە فارسیدا هەبوون.

٣-پاراستنی پەیڕەوی هۆنراوەی کلاسیزمی لە سەروادا، واتە یەکێتی سەرواو داپیت ڕەویە.

٤- پاراستنی بابەتی غەزەل و قەسیدە لە هۆنراودا، دەتوانین هۆنراوەی مەلای جزیری بە چەشنێک لەو وشەکارییە دابنێین کە لە هەموو هۆنراوەی کلاسیزمدا هەبووە، بەڵام دەتوانین ئەوەش بڵێین کە مەلای جزیری زۆر بەهرەوەرانە توانیویەتی سۆزی دڵی خۆی بە جۆرێک بکات بە وشە و بە هۆنراوە، کە هیچ زۆر لەخۆکردنی پێوە دیار نەبێت کە سۆزی دڵەکە، وشکارییەکە دابپۆشێت و هۆنراوەی جوان و پڕ لە سۆزمان پێببەخشێت.

نموونەیەک لە هۆنراوەکانی

ئیڕۆ ژ ڕەمزا دێم دوڕێ
میننەت کو من مەسروورە دل
دڵبەر ب فنجانا سوڕێ
مەی دامەو مەخموورە دل
ڕمزەک نهێن ئاڤێهتە دل
میهری ژ باتێن مێهتە دل
شەهزادەیێ سوڕ ڕێهتە دل
شەهکاسەیا فەرەفوورە دل

هۆستایێ عیشقێ دل هەڤووت
سەرەتا قەدەم هینگێ د سووت
ڕەمزا (ئەنەلحەق) هەر دگووت
باوەڕ بکەن مەنسسوورە دل

دڵ لێ بدەت نوورا مەیێ
وەختێ سواش و هەی هەیێ
فەهم ئەربکەت وەحیا نەیێ
ژێ دەت خەبەر مەئموورە دل

نوورا ژ قودرەت لێ دوونوون
ژیرا دنالن ئەرغە نوون
وەر ئایەتا عیشقێ بخوون
خوەش نوسخەیەک مەستوورە دل

تەفسیری سیرا ئایەتێ
عارف دڤێتن گوە دەتێ
ڕازا ڕەمووزێن قودرەتێ
گەر دەین بکەت مەعزوورە دل.