تا ئێستا کەنار دەریای لەم شێوەیەت بینیوە؟

پڕە لە هێلکەی بەفرین
کەنار دەریاکە

ژیان:

کەنار دەریایەک لە وڵاتی فیلەندا دیمەنێکی سەرەنجراکێشی هەیە بەوەی، بە هێلکەی بەفرین داپۆشراوە.

ڕیستۆ ماتیلا، وێنەگری ئاماتۆر، لەدوای بینینی دیمەنێکی لەم جۆرە لە دوورگەی هایلۆتۆ، وێنەیەکی کەنار دەریاکەی بڵاو کردووەتەوە لە ئینستگرامەکەی و نووسیویەتی "دەریایەک تۆپی بەفرین".

ئەو بە ماڵپەری بی بی سی وتووە: لەگەڵ هاوسەرەکەم لە ناوچەی کەناریی ماریانیمی بووین، هەوا زۆر خۆش بوو و کزە بایەک ناوچەکەی گرتبوەوە، هەر لەوێدا بوو کە چاوم بە دیمەنێکی سەیر کەوت، هێلکەی بەفرین و سەهۆڵین لە نزیک کەنار ئاوەکەدا بوون لەسەر وشکانییەکە.

پاتریک ئیریکسۆن، کارناسی سەهۆڵ لە دەزگای کەشوهەوای فیلەندا لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە: بەڕاستی بە شێوەیەکی دەگمەن پێشدێت کە ڕەوشی هەوا لەبار بێت و لەڕووی جوگرافییەوە ناوچەکە هەڵکەوتوو بێت کە شتێکی لەو دیاردەیەکی لەو جۆرە ڕووبدات.

وتیشی: ئاوی دەریا دەبێت تا پلەی بەستن سارد بێت تا بلۆقەکان لەسەر ئاستی ئاوەکە ببنە سەهۆڵ و شێوەی خۆیان وەربگرن.

ماتیلای وێنەگر لەبارەی ئەو دیاردەیەوە دەڵێت: ماوەی ٢٥ ساڵە لەم ناوچەیە ژیان دەکەم و یەکەم جارە ڕووبەرووی دیمەنێکی لەو جۆرە ببمەوە.