شارەوانی سلێمانی لەبارەی هەڵکەندنی شۆستە شەقامەکانەوە هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان و کۆمپانیاکان


ژیان:

شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، دامەزراوەكانی حكومەت و كۆمپانیاكان و هاوڵاتیان بۆیان نییە شۆستە و شەقامەكان هەڵبكەنن بەبێ‌ ڕەزامەندی ئەو لیژنەیەی کە پێکهێندراوە بۆ پێدانی مۆڵەت.

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویکردوەتەوە، فەرمانگەكانی حكومەت و هاوڵاتیان و سەرجەم كۆمپانیاكان لەكاتی ڕاكێشانی بۆری ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا و هێڵی كوردتێل بۆیان نییە شەقام و شۆستەكان هەڵكەنن بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی ڕێگەپێدان لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لەبەشی بەدواداچوون (لیژنەی بڕینی قیر و كۆنكرێت).

ئاماژەی بەوەشکردوە، هەڵكەندنی شەقام و شۆستەكان بۆ مەبەستی ڕاكێشانی بۆری ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا و هێڵی كوردتێل داواكاری پێشكەش بە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بكەن، هیچ بەڕێوەبەرایەتییەك و لایەنێكیش مافی نییە مۆڵەتی بڕینی شۆستە و شەقام بدات جگە لە لیژنەی ناوبراو، بەپێچەوانەوە هەر كۆمپانیا و لایەنێك مۆڵەت بدات ڕوبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێتەوە.