سەرۆکی داواکاری گشتی گەرمیان و چەند دادوەرێک سزادران


ژیان:
سەرۆکی داواکاری گشتی گەرمیان و سێ دادوەر لە بەرامبەر مانگرتنی چەند رۆژی رابردویان بە گواستنەوەیان و دابەزاندنی پلەکانیان سزادران، دەشڵێن" سزادانمان بە شانازی دەزانین، چونکە چاکسازی باجی دەوێت".

لە بەیاننامەیەکدا هەر یەکە لە دادوەران (حبیب حمید علی، سیروان خدر میراودەلی، نزار حسن جاف، برهان احمد محمود) بڵاویانکردوەتەوە و دەڵێن" لە چەند ڕۆژی رابردوودا  چەند دادوەرو داواکارێکی گشتی مانمان گرتبوو نەک لەبەر مووچەو ئیمتیازات بەڵکوو لە پێناو جێبەجێکردنی یاساو پرۆسەی چاکسازی، ئەوەندەی لەتواناو ئیرادەماندا بوو درێغیمان نەکرد".

دەشڵێن" ئومێد دەکەین ئەنجوومەنی دادوەری زوو یان درەنگ لە نیازپاکیمان بگات، وە ئێمە مەبەستمان تەنها چاکسازی بوو لەو بوارەی کاری تێدا دەکەین وە وەکو خەڵکی تر بێ دەنگ نەبووین، کە دەبوو سوپاسکراباین نەک وەرگرتنی سزا کە بە شانازی دەزانیین  ،چونکە چاکسازی باجیشی دەوێ".

ئاماژەیان بەوەشکردوە" ئێستا دوای چەندیین ساڵی خزمەت گوازراوینەتەوە بۆ شارەکانی هەولێر و سلیمانی و ڕانیە و سزای ترمان وەرگرتووە لە دابەزاندنی پلەوپۆستەکانمان، هەروەها داواکارین لە لیژنەی پەرلەمان لیکۆڵینەوەی وورد و جدی بکات لەڕەوشی دادوەری گەرمیان و داواکاری ئێمە لە چاکسازی  بهێنێتە دی و ڕاستیەکان ئاشکرابکرێن".