نۆرینگەكانی پزیشكانی ددان دادەخرێن


ژیان:
پزیشكانی ددانی شاری هه‌ولێر بەرامبەر بە دانەمەزراندنی هاوپیشەكانیان، رۆژی سێشه‌ممه‌ی ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ نۆرینگه‌كانیان داده‌خه‌ن و بڕیاره‌ له‌به‌رده‌م لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای پزیشكانی ددان گردبونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامبده‌ن.

لە بەیاننامەیەكی سه‌ندیكای پزیشكانی ددان له‌شاری هه‌ولێر دا هاتووە" وه‌ك ئه‌نجومه‌نی لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای پزیشكانی ددانی كوردستان پاڵپشتی ته‌واوی داواكاریه‌ ره‌واكانی پزیشكانی ددانی دانه‌مه‌زراو ده‌كه‌ین بۆ وه‌رگرتنی كه‌مترین مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌ یاساییه‌كانی خۆیان بۆ دامه‌زراندن و درێژه‌دان به‌ ته‌واوكردنی پێداویستی كاركردن به‌ بڕوانامه‌ی پیشه‌یی خۆیان، كه‌ به‌پێی یاسا دامه‌زراندنیان پێداویستییه‌كی سه‌ره‌كی پیشه‌یی ته‌ندروستییه‌".

له‌به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژەبەوەكراوە" وه‌ك پاڵپشتییه‌ك له‌ هاوپیشه‌كانیان داوا له‌ گشت پزیشكانی ددانی سنوری شاری هه‌ولێر ده‌كه‌ن رۆژی سێشه‌ممه‌ 19-11-2019 نۆرینگه‌كانیان دابخه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی گردبونه‌وه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م باره‌گای لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای پزیشكانی ددان".