سەرۆکی دەستەی دەستپاکی بۆ ژیان: پرۆژە یاسای چاکسازی سەرکەوتوو نابێت


ژیان:

ئەندامێکی لیژنەی پرۆژەی چاکسازی رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەی هەفتەی رابردوی حکومەت تایبەت بوو بە پرۆژەی چاکسازی و ئەم هەفتەیەش کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکرێت، بۆئەوەی بزانین کە حکومەت چ تێبینییەکیان لەسەر  پرۆژەکە هەیە، دەشڵێت" ئەگەر رێکەوتن لەنێوان لایەنەکانی حکومەتدا نەکرێت پرۆژە یاسای چاکسازی سەرکەوتوو نابێت".

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و ئەندامی لیژنەی پرۆژە یاسای چاکسازی بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند" لەکۆبوونەوەی رابردوو کە ئێمە بەشدار بووین داوامان لە حکومەت کرد خۆی یەکلابکاتەوە کە ئایا حەزدەکات هەر ئەو پرۆژە یاسایەی پێشتر بنێرێتەوە پەرلەمان یان پرۆژە یاساکە فراوانتر بکرێت، چونکە حکومەت خۆی بەرنامەی چاکسازی راگەیاندوە و هێڵە گشتیەکانی دیاریکردوە".

دەشڵێت" لە کۆبوونەوەی داهاتودا ئێمە بەرچاو روونیمان زیاتر دەبێت کە حکومەتی هەرێم دەیەوێت پرۆژەکە بە چ میکانیزمێک بێت، ئەو کات بۆ ئێمە ئاسان دەبێت و دەتوانین بە چەند کۆبوونەوەیەک پرۆژەکە تەواوبکەین و بینێرینەوە پەرلەمان".

ئاماژەی بەوەشکرد" گرنگ نییە کە پرۆژە کە هەبێت، بەڵکو گرنگ جێبەجێکردنیەتی، ئەگەر رێکەوتن لە نێوان لایەنەکانی پێکهێنانی حکومەتدا نەکرێت لەسەر پرۆژەکە کێشەی بۆ دروست دەبێت".