لە خۆپیشاندانەكانی ئێران 5 كورد بونەتە قوربانی


ژیان:
تەلەفزیۆنی ئێران  بڵاویكردووەتەوە، لە ئاكامی روبەڕووبونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكان لە چەند شارێكی ئێران بریندار هەیە، میدیا كوردیەكانیش بڵاویان كردەوە كە3 خۆپیشاندەر لە سنە بریندارن و لە مەریوانیش دوو هاوڵاتی شەهید كراون. 

هەرچەندە ماوەی دوو رۆژە خۆپیشاندەرانی ئێران رژاونەتە سەر شەقامەكان و ناڕەزایی لەبەرامبەر بڕیارێكی حكومەت بۆ زیادكردنی نرخی بەنزین دەردەبڕن.، ئەمڕۆ شارە كوردیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەڵام لە زۆرینەی شارەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان توندوتیژی لێكەوتەوە. 

تەلەفزیۆنی ئێران رایگەیاند هێزە ئەمنیەكان گازی فرمێسك رێژ بۆ بڵاوپێكردنی خۆپیشاندەران بەكاردەهێنن، چەند بریندارێكیش لەو هێزانە هەیە كە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هێرشیان كراوەتە سەر. 

بە گوێرەی زانیاری میدیاكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش ئێوارەی ئەمڕۆ بە تەقە و هێرشی هێزە ئەمنیەكان لە شاری سنە 3 کەس بریندار بوون و لە شاری مەریوانیش 2 كەس گیانیان لەدەستداوە.