كایا ئەو هونەرمەندەی نەتەوەیەک شانازی پێوە دەکات


ژیان: 

ئەحمەد كایا، گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و مۆسیقاژەنێكی كورد بوو

لە٢٨ی 10ی ١٩٥٧ مەڵاتیە باكووری كوردستان لەدایك بووە.

باوكی كورد و دایكی تورك بوو، كایا پێنجەم و دوا مناڵی خێزانەكەی بووە، باوكی بە ئەسڵ خەڵكی سەمسوور بووە و ڕۆیشتۆتە مەلاتیە بۆ دۆزینەوەی كار، كاتێك كایا لەدایك بوو، باوكی لە كارگەیەكی دەوڵەتدا كاری كردووە، دایك و باوكی و ھەر پێنج مناڵەكە لە خانوویەكی بچووكی كارگەكەدا ژیاون.

لە دوای ئەوەی باوكی سازێكی بۆ كڕی، لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خەریكی مۆسیقا بووە.

پێش ئەوەی وەك گۆرانیبێژ دەركەوێت، دوای ئەوەی گەورەتر بووە، دەچوو بۆ خوێندنگە و كاتەكانی تریش لە فرۆشگەیەكی فرۆشتنی كاسێتدا كاری دەكرد، ئیشكردن لەو فرۆشگایەدا وای لە كایا كرد كە بە شێوەیەكی باشتر شارەزای مۆسیقا و ئاوازدانان بێت.

ماوەیەكیش لە شاری ئەستەمبوڵ شۆفێری تەكسی بووە.

لەگەڵ دۆستێكی خۆشەویستی بەناوی بەشار ئابی كاری شۆفێری پاسیشی كردووە.

ساڵی ١٩٨٥ یەكەمین ئەلبومی خۆی بە ناوی "مەگری كۆرپەكەم" بڵاو كردەوە، لەبەرئەوەی شێوازەكەی شێوازێكی نوێ بوو و ناوەڕۆكی شیعرەكانی شۆڕشگێڕانە بوون، ھیچ دەزگایەكی ھونەری ئامادە نەبوو ھاوكاری بكات بەڵام ئەو كارەی بە هاوكاری دۆستەكانی خۆی كرد.

بەڵام دوای بڵاو كردنەوەی حكوومەتی توركیا  ئەلبومەكەی قەدەغە كرد.

لە ١٦ ساڵیدا لەسەر چاپكردنی لافیتەی نایاسایی گیرا.

دووجار ژیانی هاوسەرگیریی پێكهێناوە، یەكەم جار ساڵی ١٩٨٢ لەگەڵ ژنێكی گەنج بەناوی ئەمینە هاوسەرگیریی دەكەن و بەرهەمی پێكەوەبوونیان كچێك دەبێت، بەڵام دواتر لەیەك جیادەبنەوە، دواتر لەگەڵ ژنە شاعیر گوڵتان كایا هاوسەرگیریی دەكەن.

لەگەڵ ھاوڕێكانیدا بەردەوام بوو لە مۆسیقا و گۆرانی لە «یانەی زانستەكانی خەڵك» كە وای كرد كایا زیاتر برەو بدا بە گیانە یاخییەكەی.

لەیەكەم ھەوڵیشیدا بۆ دەركەوتن، دوای كۆنسێرتێكی سازژەنی بەناوبانگ بە ناوی «ڕووحی سو»، چووە زانكۆی «بۆغاز ئیچی» و داوای لە ڕووحی كرد كە گوێ لە سازژەنینەكەی بگرێ. دوای ئەوەی داواكارییەكەی قبووڵ كرد، ڕووحی لە نیوەی ژەنینەكەی كایادا سازەكەی لەدەست وەرگرت و پێی وت «ساز نابێ بە شێوەیەك بژەنرێ وەك ئەوەی سواری ئەسپ بی، بەڵكو دەبێت بە نەرمی بیژەنی.» كایا لەسەر شێوازی ژەنینەكەی خۆی سوور بوو.

لە ١٠ی2ی ١٩٩٩ كایا بووە براوەی خەڵاتێكی ڕێكخراوی ڕۆژنامەنوسانی چاپی تابلۆی، كاتێك خەلاتی باشترین گۆرانیبێژی ساڵی لە مەراسیمەكەدا وەردەگرت، وتی"من گۆرانییەكی كوردیم لەناو ئەلبومە تازەكەم داناوە، چونكە من بە ڕەسەن كوردم، گومانم نییە چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی بوێر هەن كە ئەلبومە تازەكەم بڵاوبكەنەوە"، دوای تەواو بوونی قسەكانی، چەندین ھونەرمەندی تورك ھێرشیان كردە سەری و ھاواریان كرد: خاین! بڕۆ دەرێ.

دادگای ئاسایشی نیشتمانی توركیا لە ٣٠ ی٤ی ١٩٩٩ تۆمەتی خەیانەتی نیشتمانیی دایە پاڵ كایا چووە ئەوروپا، دادگای ئاسایشی نیشتمانی توركیا لە دوا دانیشتنیدا، بەبێ ئامادەبوونی خۆی  سزای ١٢ ساڵ زیندانی بۆ دەركرد.

ساڵی ٢٠٠٠ بەیەكجاریی ڕووی لە فەرەنسا كرد، لەوێ كۆنسێرتێكی گەورەی سازكرد، نزیكەی ملیۆنێك كەس بەشدارییان تێداكرد و لەو كۆنسێرتێەدا بۆ یەكەم جار گۆرانییەكی بەناوی وەڵاهی بیری ئاپۆ دەكەین چڕی.

 لە ڕۆژی ١٦ی ١١ ساڵی ٢٠٠٠ لە فەرەنسا كۆچی دواییكرد و لە تەنیشت گۆڕی سینەماكاری بەناوبانگی كورد یەڵماز گۆنایەوە بەخاك سپێردرا.

بەرهەمەکانی:

مەگری كۆرپەكەم (١٩٨٥)
تێكئاڵان بە ئازار (١٩٨٥)
ئاوازی شەبەق (١٩٨٦)
كاتێ دێ (١٩٨٦)
دیموكراتی ماندوو (١٩٨٧)
سەربەرزدەكەمەوە (١٩٨٨)
خوێندنەوە-١ (١٩٨٩)
گوڵێكی نیەت چاك - كۆد ناوی بەختیار (١٩٨٩)
خوێندنەوە-٢ (١٩٩٠)
دیواری خۆشەویستی (١٩٩٠)
توشی بەڵا بووم (١٩٩١)
بەرم مەكەوە ئەسوتێی (١٩٩٢)
ناجێگیر (١٩٩٣)
گۆرانیەكانم بۆ شاخەكانە (١٩٩٤)
بمدۆزەوە (١٩٩٥)
ئەستێرە و مانگاشەو (١٩٩٦)
بەرامبەر دۆست و دوژمن (١٩٩٨)
خوات لەگەڵ چاوەكەم (٢٠٠١)
تۆزێكیش تۆ بگری (٢٠٠٣)
با داواكەم بمێنێ (٢٠٠٥)
فرمێسكەكانم بوونە ھەزارساڵە (٢٠٠٦)
بابا-ئەرۆ تەنھام ئەحمەد كایا (٢٠١٢)

دوای خۆی، "گوڵتەن"ی ھاوسەری ئەلبوومە تەواو نەكراوەكەی بەناوی "گوێ بگرە وڵاتە خۆشەویستەكەم" بڵاوكردەوە. چەن ئەلبومێكی تریش دوای خۆی بڵاوكرانەوە.

زۆرێك لە گۆرانیەكانی كایا ھۆنراوەی شاعیری كورد یوسف خەیاڵۆغڵوو بوون و ئەم كردوونی بە گۆرانی. بە گشتی ئەو ھەڵبەستانەی كردوە بە گۆرانی كە لەگەڵ حەز و كەش و ھەوای ئەو دەمەی توركیادا ئەگونجان. ئەمەش وای كردوە دوای خۆشی خەڵكێك لە توركیا ھەن كە گوێگرتن لە گۆرانیەكانی ئەو بە گوێگرتن لە كەسێكی "خائین و تیرۆریست" ناو ئەبەن