نووسینگەی پشتڕاستكردنەوەی بەڵگەنامەكان لە سلێمانی دەكرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی

ژیان:
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە پێش سەری ساڵی نوێ نووسینگەی پشتڕاستكردنەوەی بەڵگەنامەكان (تصدیقات) لە سلێمانی بكرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 18/11/2019 بەمەبەستی بەدواداچوون و دیاریكردنی بینایەك بۆ كردنەوەی نووسینگەی پشتڕاستكرنەوەی بەڵگەنامەكان (تصدیقات) لە پارێزگای سلێمانی شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی عیراق سەردانی بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانییان كرد.

دەشڵێت، دوای چەندین گفتوگۆ و كۆبوونەوە بە ھەوڵ و هەماهەنگی ھەر یەك لە د.بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و د. ھەڤاڵ ئەبوبكر پارێزگاری سلێمانی، توانرا حكومەتی عیراق وەفدێك بنێریت بۆ پارێزگای سلێمانی، بەمەبەستی بەدواداچوون و دیاریكردنی بینایەك بۆ كردنەوەی نوسینگەی پشت ڕاستكرنەوەی بەڵگەنامەكان لە پارێزگای سلێمانی تا بتوانن پێش ھاتنی ساڵی نوێ ئەم نوسینگەیە دەست بەكاربێت و بكرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ئەوەشیخستووەتەڕوو، بەكردنەوەی ئەم نووسینگەیە لە سلێمانی كارئاسانی زۆرتر بۆ هاووڵاتیان دەكرێت و چیتر پێویست ناكات ھاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی ئەو ھاووڵاتیانەی كە لە ھەندەرانەوە دەگەڕێنەوە بۆ پشتڕاستكردنەوە ( تصدیق)كردنی بەڵگەنامەكانیان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی عیراق بكەن لە بەغدا و لە سلێمانی كاروبارەكانیان جێبەجێ دەكرێت.