قوباد تاڵەبانی: هەندێكجار چاكسازی ئازاربەخشە

قوباد تاڵەبانی

ژیان:
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئێمە چاكسازییەكانمان بۆ باشتركردنی حكوومڕانی دەستپێكردووە دەشڵێت" هه‌رچه‌ند چاكسازی بۆ هه‌ندێك كه‌س به‌ئازاره‌، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌ستمان پێكرد".

 ئەمڕۆ سێشەممە لەمیانی بەشداریکردنی لە دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە زانکۆی کوردستان-دهۆک بەڕێوەدەچیت قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند" ئێمە چاكسازییەكانمان بۆ باشتركردنی حكوومڕانی دەستپێكردووە. هەوڵمانداوە سەرچاوەی داهات زیاد بكەین و بندیوار نەهێڵین. كەرتەكانی پەروەردە و تەندروستی بەرەوپێش دەبەین. رەنگە لە ماوەیەكی كورت مەودا دووچاری هەندێك كێشە ببین، چاكسازییش خۆی ئازاربەخشە هەندێكجار، بەڵام ئێمە بەم كارانە هەڵدەستین".

وتیشی" حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەربگرێت".

قوباد تاڵەبانی ئاماژیەوب بە دۆخی عێراق كرد و رایگەیاند" ئەو دۆخەی کە ئێستا لە عێراق دروستبووە بەهۆی ناکۆکییە نێوخۆییەکانەوە بووە، خۆپیشاندەران و خەڵکی عێراقیش داوای خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی دەکەن و ناکۆکییەکانی ناوچەکەش کاریگەریان لەسەر دۆخی عێراق هەبووە".

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد" ساڵی ٢٠١٤ کوردستان رووبەڕووی زۆر قەیران بووەوە و عێراق لە خراپترین دۆخدا بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، شەڕی داعش شۆکێک بوو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، دواتر ژمارەیەكی زۆر ئاوارە روویان لە هەرێمی كوردستان كرد و وەك دەبینین ئێستا كە دهۆك یەكێكە لەو شارانەی پێشوازی لە ژمارەیەكی زۆر ئاوارە كردووە".

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، روونیكردەوە"پەیوەندی لە نێوان سەقامگیریی و ئیدارەدانی باش هەیە، ئەگەر تۆ ئیدارەی باشت نەبێت و خزمەت نەكەیت، خەڵك ناڕازیی دەبێت و وڵات ناسەقامگیر دەبێت".