حەسەن ڕەحمان پەنا بۆ ژیان: حزبە رۆژهەڵاتییەکان یەک هەڵوێستیان نیە

خەباتی چەکداری کەی دەستپێدەکات لە رۆژهەڵاتی کوردستان؟
حەسەن ڕەحمان پەنا

ژیان: تەرزە عەباسـی

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕایدەگەیەنێت، لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە حزبەکانی رۆژهەڵات یەک هەڵوێست نین، دەشڵێت خەباتی چەکداری هەمیشە لە ئەجێندای ئێمەدا بووە.

حەسەن ڕەحمان پەنا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند: حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی یەک هەڵوێست نین، هەڵوسێتی ئێمە لەگەڵ ئەو لایەنانەی ناو ناوەندی هاوکاری حزبەکانی ڕۆژهەڵات کار دەکەن، زۆر جیاوازن لە یەکتری.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەوان تا ئەمدواییانەش، تا کاتی هەستانی گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خەریکی دانیشتن و دیدار و بە قەولی خۆیان وتوێژکردن بوون لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، وە بەرپرسی یەکێک لەو حزبانە لەم ڕۆژانەدا بە وردی باسی لە وتوێژەکان کرد و باسی لە تابۆ شکێنی کرد، بۆیە ئەو هەڵوێستە زۆر جیاوازە لەگەڵ هەڵوێستی لایەنێک کە پێی وابووە کە دەبێت کۆماری ئیسلامی بڕووخێت و بۆ ئەوە کاری کردووە.

وتیشی: خەباتی چەکداری هەمیشە لە ئەجێندای ئێمەدا بووە، بەڵام ئێستا و لەمکاتەدا ناکرێت کە یەکسەر خەباتی چەکداریی هەڵبگیرسێتەوە، بۆیە خەباتی چەکداری هەلومەرجی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام ئێستا مەسەلەی رۆژهەڵاتی کوردستان مەسەلەی خەباتی چەکداریی نیە بەباوەڕی من، بەڵکو پێویستە ئێستا تین و تەوژمێکی زیاتر بەو خەباتە بدەین، لەوانەیە خودی خەباتی چەکداریی لە ئێستادا بۆخۆی بیانوویەک بدات بەدەست کۆماری ئیسلامی ئێران و خەڵک تاوانبار بکات بە پشتگیری لەلایەنە سیاسییەکان و دەستبکات بە کوشتوکوشتارێکی دڕندانەتر، خەباتی چەکداری لە درێژەی ئەو ناڕەزایەتیانەدا کاتی دێت و ئێمە خۆمانمان بۆ ئەو کات و ساتانە ئامادە کردووە و بەدڵنیاییەوە لەکات و ساتی خۆشیدا خەباتی چەکداری دەور و رۆڵی خۆی دەگێڕێت.

رەحمان پەنا لەبارەی کاریگەریی حزبەکانەوە لەسەر خۆپیشاندانەکان دەڵێت: سەبارەت بە کاریگەری حزبەکانیش لەسەر خۆپیشاندانەکان ئەوە دەبێت هەر حزبەو لای خۆیەوە وەڵام بداتەوە، ئێمە لایەنێکی بێ کاریگەر نین، بەڵکو لایەنێکین لەو خەبات و ناڕەزایەتیانە کە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرپا دەبێت، لایەنێکی دەخیل و ڕۆژانە پەیوەندیمان پێوەی هەیە.

ئەوەشیخستوەتە ڕوو، خاڵێکی گرنگی ئەم خۆپیشاندانانە ئەوەیە، کە رۆژهەڵات لەم دەورەیەدا دوا نەکەوت لەو خەباتەدا و بەپێچەوانەوەی دەورەکانی دیکە کەمێک چاوەڕوانی بەدی دەکرا، لەمجارەدا دەبینین شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جۆشو خرۆشەوە ڕژاونەتە سەرشەقامەکان و ئێمە یەکێکین لەو لایەنانەی کە چالاکین لەم خەبات و ناڕەزایەتیانە، چ لێرە چ لەدەرەوەی وڵات چ لە ناوخۆی وڵات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، نزیکەی ٥ رۆژە شەقامەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی گرانکردنی نرخی بەنزین خرۆشاوە و تا ئێستا ٤٥ هاوڵاتی کورد لەو خۆپیشاندانانەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و زیاتر لە ٥٠٠ کەسیش بریندارکراون.