هەواڵەکان لە بۆکانەوە باسی چی دەکەن

خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵات

ژیان:

خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامیی هەیە و دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بڕیارە هاوڵاتیان بێنەوە سەرشەقام و دەستبکەنەوە بە خۆپیشاندان.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمرۆ سێشەممە بڕیارە هاوڵاتیانی خەڵکی بۆکان بێنەوە سەرشەقامەکان و دەستبکەنەوە بە خۆپیشاندان.

ئاماژەی بەوەشکرد: هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە تەواوی شارەکەدا بڵاوەیان پێکراوە و بە باتۆمەوە چاودێری خەڵکی دەکەن.

سەرچاوەکەی ژیان باسی لەوەشکرد، سەرجەم ئەو تەقانەی دوێنی لە خەڵک کراوە لەلایەن بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی و سووپاوە ئەنجامدراوە و لە سەربانەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکان قەناس داندراوە و دەیانەوێ ترس لە ناو خەڵکیدا دروستبکەن.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، شەوی ڕابردوو چەندین بانک لەوانە بانکی سپەه ناوەندی و بانکی تجارەت سووتێندراوە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە و چەند بانکێکی دیکەش شووشەکانیان شکیندراوە.

هاوکات لە ئێستادا تەرمی پێنج کەس لە نەخۆشخانەی شارەکەیە و ٢٥ کەسیش بەبرینداری ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، ئەوەس لەکاتێکدایە زیاتر ١١٥ بریندار لەسەر شەقامەکان چارەسەریان بۆ کراوە.