چی دەکرێت لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێم؟

پەرلەمان چەند نهێنییەک ئاشکرا دەکات
خاڵە سنووریەکان

ژیان:

هه‌ریه‌ك له‌ لیژنه‌ى ده‌ستپاكى و لیژنه‌ى كاروبارى په‌رله‌مان و سكاڵاكان بەدواداچوونیان له‌ باره‌ى خاڵه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، به‌پێى ڕاپۆرتى هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ش له‌و خاڵه‌ سنووریانه‌ ده‌یان كارى نایاسایى دەکرێت.

لە راپۆرتێکیاندا هه‌ریه‌ك له‌ لیژنه‌ى ده‌ستپاكى و لیژنه‌ى كاروبارى په‌رله‌مان و سكاڵاكان، ئاشکرای دەکەن: چوار كۆمپانیا له‌ رێگه‌ى هه‌ر چوار ده‌روازه‌ سنوورییه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان، پشكنین دەکەن بۆ هه‌موو ئه‌و كاڵایانه‌ کە دێنە ناو هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى وه‌ریده‌گرن له‌ 20% داهاته‌كه‌ى بۆ حكومه‌ته‌و له‌ 80% بۆ هه‌ر چوار كۆمپانیاكه‌یه‌.

هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە:  ئه‌و هه‌زاران كه‌سه‌ى كه‌ مانگانه‌ له‌ رێگه‌ى مه‌رزى باشماخه‌وه‌ هاتووچۆ ده‌كه‌ن بڕى 8 هه‌زار دینار به‌ ناوى بیمه‌ى ته‌ندروستى و خه‌به‌ر وسوڵ وه‌رده‌گیرێت و سه‌رجه‌مى داهاته‌كه‌شى ده‌چێته‌ گیرفانى كه‌رتى تایبه‌ت و داهاته‌كه‌ى بۆ حكومه‌ت ناچێته‌وه‌.

دەشڵێن: ڕۆژانه‌ له‌ به‌شێك له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان به‌ هه‌زاران كاڵا و خۆراك دێنە ناو هه‌رێمى كوردستان كه‌ مێژووى به‌سه‌رچوونیان یه‌ك له‌سه‌ر سێى تێپەڕاندووە، یاخود چه‌ند مانگێكى كه‌مى ماوه‌، به‌شێك له‌و كاڵاو خۆراكانه‌ش ئه‌گه‌ر له‌ پشكنین ده‌رنه‌چێت ئه‌و بازرگانانه‌ ده‌توانن له‌ مه‌رزه‌ نافه‌رمییه‌كانه‌وه‌ هاورده‌ى بكه‌ن.

هاوکات ئەوەش ئاشکرا دەکەن؛ پاره‌ له‌ لایه‌ن ئاسایش و نشینگه‌ى سلێمانى له‌ گه‌شتیارانى ئێرانى به‌ ناوى رێگه‌پێدان وه‌رده‌گیرێت، به‌بێ ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى و ناشزانرێت داهاته‌كه‌ى بۆ كوێیه‌.

پەرلەمان لە ئەنجامی ئەو بەدواداچونەی ئەنجامیان داوە گەیشتوون بەوەی، به‌شێك له‌و سوته‌مه‌نى و ئه‌و سوته‌مه‌نیانه‌شى كه‌ به‌ ناوى مه‌وادى سه‌ره‌تایى له‌مه‌رزى باشماخه‌وه‌ دێنه‌ هه‌رێمى كوردستان  به‌ فلته‌رى پشكنین-دا ناڕوات.