وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی بەیاسا ڕێگری دەکات لە کارکردن بە منداڵان


ژیان:

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سه‌رقاڵی ئەوەیە یاسای مافی پاراستنی منداڵان لە هەرێمی كوردستان رێکبخەنەوە، لە پێناو پاراستنی مافەکانی منداڵان.

ئەمڕۆ سێشەممە، كوێستان محه‌مه‌د وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند: وه‌ك وه‌زاره‌ت هه‌وڵده‌ده‌ن یاسای پاراستنی مافی منداڵان رێكبخه‌نه‌وه‌ به‌جۆرێك بتوانرێت مافه‌كانیان پارێزراو بكات، هه‌وڵیشده‌ده‌ن له‌رێگه‌ی شاره‌زایانی مافی منداڵانه‌وه‌، به‌ یاساكه‌دا بچنه‌وه‌.

وتیشی: بە هەوڵی هەموو لایەك لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا پڕۆژەكە ئامادە دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین لەم كابینەیەدا كار لەسەر پاراستنی مافی منداڵان بكەین.

وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ئاماژەی بەوەش کرد، ئه‌و كارانه‌ قەدەغە دەکەین، كه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا منداڵ به‌كارهێنراوه‌ بۆ ده‌ستكه‌وتی مادیی خاوه‌نكاران.

دەشڵێت: به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی كاركردنی منداڵانی خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵ دەوەستینەوە، له‌ رێگه‌ی ئه‌و یاسایه‌شه‌وه‌ حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پابه‌ندده‌كه‌ن، كه‌ كۆتایی به‌ كاركردنی منداڵان بهێنرێت.