لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی: له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئێراندا 106 كه‌س كوژراون


ژیان:
رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی رایدەگەیەنێت، ئێران بە شێوەیەکی نایاسایی بەردەوامە لە کوشتنی خۆپیشاندەران و دەشڵێت: له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا 106كه‌س كوژراون.

رێكخراوه‌كه‌ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ٢١ شاری ئێراندا 106كه‌س كوژراون، کە بەپێی بەڵگە ڤیدیۆییەکان و شایەتحاڵەکان و ئامارەکانی چالاکوانی مافی مرۆڤ کوژرانی ئەو ژمارەیەیان لە خۆپیشاندەران بۆ روونبوەتەوە.

دەشڵێت" خۆپیشاندەرانی ئەو وڵاتە تەنها دژی گرانبوونی نرخی بەنزین رژاونەتە سەرشەقامەکان، بەڵام ئێران بەو شێوازە وەڵامیان دەداتەوە، بۆیە پێویستە ئێران رێز لە ئازادی رادەربڕین بگرێت وکۆتایی بە پچڕانی ‌هێڵەکانی ئینتەرنێت بهێنێت".

رێکخراوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، رەنگە ژمارەی کوژراوەکان لەو رێژەیەش زیاتر بێت لە کاتێکدا هەندێک راپۆرت باس لە کوژارنی زیاتر لە ٢٠٠ کەس دەکەن.