لەسەر دروستبونی شەڕ لە نێوان دوو مامۆستای زانکۆ رونکردنەوە دەدرێت


ژیان:
ئەنجومەنی زانکۆی هەڵەبجە لەسەر دروستبوونی شەڕ لە نێوان دوو مامۆستادا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بە پێ ی یاسای ڕێکاری فەرمانبەرانی دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا دەکات و کەسی بەرپرس لە کەیسەکە راستەوخۆ رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە" ئەنجومەنی زانکۆمان خۆی بە پارێزەری یاسا و هەروەها بە لێپرسراو دەزانێت بەرامبەر مافی کەسی و یاسایی هەموو مامۆستایانی زانکۆ.
دوای  رووداوەکە راستەوخۆ وەزیری خوێندنی باڵا ئاگادارکراوەتەوە، ئەویش راستەوخۆ ئەنجومەنی زانکۆی راسپاردووە بە زوترین کات بە پێی ڕێکارە یاساییەکان مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا بکەن".

دەشڵێت" ئەنجومەنی زانکۆ لیژنەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە پێکهێناو دەزگاکانی پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەری دوای رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوە دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوەی جدی لە کەیسەکەو کەسی تێوەگلاو لە ڕووداوەکە ڕووبەڕووی یاسا کراوەتەوە".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەنجومەنەکە دەڵێت" هەموولایەک دڵنیادەکەینەوە کە بە هیچ جۆرێک بوارنادەین کە هیچ کەسێک شکۆی مامۆستایانی زانکۆ و ناوەندێکی خوێندنی وەک زانکۆ بشکێنێت و بۆ ئەمەش هەموو توانای خۆمان دەخەینە گەڕو مامۆستایانی زانکۆ دڵنیا دەکەینەوە کە بەتوندی بەرگری لە مافی مامۆستایان دەکەین و مافی هەمووان دەپارێزین".

ئەمرۆ سێشەمە لە کۆلێژی یاسای زانکۆی هەڵەبجە شەڕ لە نێوان بڕیاردەری بەشەکە و مامۆستایەکی زانکۆکە رویدا.